وێڵاشی لکاو

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2021-05-10-20:39:00 - کۆدی بابەت: 5261
وێڵاشی لکاو

ناوه‌ڕۆك

وێڵاشی لکاو چییە؟

وێڵاشی لکاو حاڵەتێکی مەترسیدارە کە لە کاتی دووگیانیدا ڕوودەدات، کاتێک ڕوودەدات کە وێڵاش بە توندی لکابێت بە دیواری منداڵدانەوە، زۆر جار دوای لەدایکبوونی منداڵەکە وێڵاشەکە لێدەبێتەوە لە دیواری منداڵدان، بەڵام لە حاڵەتی وێڵاشی لکاودا بەشێک لە وێڵاش یان تەواوی وێڵاشەکە بە لکاوی دەمێنێتەوە بە دیواری منداڵدانەوە، ئەمە دەبێتە هۆی خوێنبەربوونێکی توندی دوای منداڵبوون.

هەروەها لەوانەیە کە وێڵاشی لکاو بە ئەندازەیەک بێت کە وێڵاش بڕواتە ناو ماسولکەکانی دیواری منداڵدانەوە کە پێی دەوترێت (placenta increta) یان تەواوگەشەی کردووە و دیواری منداڵدانیشی تێپەڕاندووە ئەمەیان پێی دەوترێت (placenta percreta).

حاڵەتی وێڵاشی لکاو یەکێکە لە حاڵەتە زۆر مەترسیدارەکان کە لە ماوەی دووگیانیدا ڕوودەدات، ئەگەر ئەم حاڵەتە لەماوەی دووگیانیدا دیاری بکرێت و پێی بزانرێت، لەوانەیە پێویستی بە نەشتەرگەری منداڵبوون و لەگەڵیشیدا لابردنی منداڵدان هەبێت.

نیشانەکانی وێڵاشی لکاو چییە؟

حاڵەتەکە لەوانەیە هیچ نیشانەیەکی تایبەتی نەبێت، بەڵام لەماوەی سێ مانگی کۆتایی دووگیانیدا دەرکەوێت بە خوێنبەربوونێکی توند لە دامێنەوە، ئەم حاڵەتە بەگشتی سۆنەر دەریدەخات.

هۆکاری دروستبوونی وێڵاشی لکاو چییە؟

ئەم حاڵەتە زۆر جار بەهۆی تێکچوون لە دیواری منداڵداندا ڕوودەدات، تێکچوونێک کە بەهۆی لابردنی برین لە منداڵداندا یان نەشتەرگەری منداڵبوون یان نەشتەرگەری منداڵدان دروست دەبێت، لەگەڵ ئەمەشدا هەندێک جار ئەم حاڵەتە لە کەسێکدا دەبینین کە هیچ کام لەمانەی پێشووی نەبووە.

ئەو هۆکارانەی کە کاریگەریان دەبێت لەسەر دروستبوونی حاڵەتی وێڵاشی لکاو چییە؟

١- هەبوونی پێشینەی نەشتەرگەری تایبەت بە منداڵدان

هەر نەشتەرگەرییەک کە بۆ منداڵدان کردبێتت لەکۆندا کاریگەری هەیە و هەرچەندە ژمارەی نەشتەرگەریەکان زۆرتر بێت ئەگەری ڕوودانی ئەم حاڵەتەش زیاتر دەبێت.

٢- بارودۆخ و شوێنی وێڵاشەکە

ئەگەر وێڵاش بەشێک لە ملی منداڵدان یان تەواوی ملی منداڵدانی داپۆشیبێت، یان بە بەشی تەختایی منداڵداندا بێت کە پێی دەوترێت (هاتنە خوارەوەی وێڵاش)، ئەوا ئەگەری ڕوودانی تاڵەتی وێڵاشی لکاویش زیاتر دەکات.

٣- تەمەنی دایکەکە

ئەگەری ڕوودانی ئەم حاڵەتە لە ژنانی سەرو ٣٥ ساڵ زیاترە.

وێڵاشی لکاو لەوانەیە بێتە هۆی زیادبوونی ئەم حاڵەتانە

١- خوێنبەربوونی توندی دامێن

لەوانەیە ببێتە هۆی خوێنبەربوونی توندی دوای منداڵبوون، ئەم خوێنبەربوونە لەوانەیە ببێتە هۆی مردن، هەروەها ڕێگری دەکات لە مەینی خوێن و دەبێتە هۆی لەکارکەوتنی سییەکان و گورچیلەکان دەبێت، لە زۆربەی کاتدا پێویست دەکات دایکەکە خوێنی تێبکرێت.

٢- منداڵبوونی پێش وەختە

وێڵاشی لکاو دەبێتە هۆکاری ئەوەی کە منداڵبوونی سروشتی زووتر ڕووبدات، ئەگەر لەکاتی دووگیانیدا نەخۆشەکە تووشی خوێن بەربوون بوو لەوانەیە ناچاربن کە زووتر منداڵەکە بهێننە دونیاوە.


سەرچاوەکان



687 بینین