ئاگرە (برینی ناو دەم و سەر لێوەکان) Aphthous ulcer

له‌لایه‌ن: - ئاکام ئەکرەم - به‌روار: 2021-02-21-20:21:00 - کۆدی بابەت: 2484
ئاگرە (برینی ناو دەم و سەر لێوەکان) Aphthous ulcer

ناوه‌ڕۆك

ئاگرە (برینی ناو دەم و سەر لێوەکان) Aphthous ulcer

زۆربەی خەڵک لەوانەیە چەندین جار تووشی ئەم برینە بووبن. ئاگرە لەوانەیە لە هەر تەمەنێکدا دروست ببێت، لە ناو چینی ئافرەتاندا زیاتر وەک لە ناو پیاواندا، شوێنی ئاگرە (لەسەر لێوەکان، شانەی ناو دەم وەک زمان، مەڵاشو و پوک).
پێش دەرکەوتنی برینەکە و تەشەنەکردنی زۆرجار شوێنی برینەکە هەڵدەوەشێ و دەکرێتەوە و ئازارێكی کەم دروست دەکات، لەم کاتەدا بە سەیرکردن شوێنی بچووکی سور هەڵگەڕاوی بەدی دەکرێت، دوو تا چل و هەشت کاتژمێر دواتر برینەکە دەردەکەوێ، کە خاڵێکی سپی لە ناوەڕاستی برینەکەدایە بە چواردەوری ئەو خاڵە سپییەدا ناوچەیەکی سور هەڵگەڕاوی هەڵئاوساو دەبینرێت.
بنکەی برینەکە زەردە، زۆرجار چەند برینێک پێکەوە دەبن، یان لە دەمدا بە شێوەیەکی بڵاو دەبینرێن. ئەم برینانە زۆر بە ئازارن وە بەهۆی هەر بزوێنەرێکەوە وەک خۆراک و خواردن و دەم و ددان شۆردن تەنانەت قسە کردنیش ئازارەکەی زیاد دەبێت.
ئاگرە سێ جۆری هەیە، ئەو جۆرەی کە زۆر بڵاوە دوای ١٠تا١٤ ڕۆژ بۆ خۆی ئاسایی چاک دەبێتەوە، هیچ ئاسەوارێکی لێ بەجێ نامێنێت، ئەم برینە لەوانەیە دووبارە یان چەند بارە سەر هەڵداتەوە، بۆ نموونە مرۆڤی وا هەیە لە ساڵێکدا چەند جار توش دەبێت. قەبارەی برینی ئاگرەی ئاسایی بچوکە لە سانتیمەترێک کەمتر، بەڵام لە هەندێ کەسدا لەوانەیە برینی گەورەی ئاگرە کە قووڵیەکی زیاتری هەیە پەیدا ببێت و بەشێکی زیاتری شانەی ناو دەم داگیر بکات، ئەمەش پاش چاک بوونەوە ئاسەوار بەجێ دەهێڵێت.
ئەم جۆرە برینانە لەوانەیە چەند هەفتەیەک بمێننەوە و کرداری خواردن و قسە کردنی نەخۆشەکە ناڕەحەت بکەن، تا ئەو ڕادەیەی کە نەخۆشەکە ناچار بە خواردنی شلەمەنییەکان بکات.

هۆکار

لە ڕاستیدا هۆکاری دروست بوونی ئەم برینانە لە ناو دەمدا بە تەواوەتی نەزانراوە، بەڵام لەم دواییەدا لێکۆڵەرەوەکان وای بۆ دەچن کە ئەم برینە بەهۆی تێکچوونی کۆئەندامی بەرگرییەوە دروست ببێت.

لە مێژەوە هەندێ هۆکار دانراوە بە هۆکاری یاریدەدەر لە دروست بوونی ئەم برینانە:

  1. بۆماوەیی:   لە کەسانێکدا کە دایک و باوکیان دووچاری برینی ئاگرە بوون ڕێژەی توش بوون بەم برینە زیاترە وەک لەوانەی کە باوک و دایکیان دووربوون لەم نەخۆشییە.
  2. کەمی هەندێ ماددە لە خوێندا وەک ئاسن، ڤیتامین بی B12.
  3. هەستیاری (حەساسیەت) بۆ هەندێ خۆراک.
  4. پاڵنەری دەروونی و شڵەژان.

چارەسەر

ئەو نەخۆشانەی کە بەردەوام بە شێوەیەکی یەک لە دوای یەک تووشی برینی ئاگرە دەبن پێویستە سەردانی پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی ناو دەم یان پسپۆڕی نەخۆشییە هەناوییەکان بکەن تاوەکو لێکۆڵینەوەی تەواو بکاریت بۆ دیاری کردنی هۆکاری توشبوونیان بە برینی ئاگرە بە شێوەیەکی بەردەوام، هەروەها لەوانەیە پزیشکی پسپۆڕی هەستیاری بتوانێت هۆکارەکەی دیاری بکات،  کە نەخۆشەکە بە چی خۆراکێک حەساسییەتی هەیە.
ئەوە ڕوون بووەتەوە کە نەخۆش پێویستە لە خواردنی ئەو خۆراکانەی کە حەساسیەتی پێی هەیە خۆی بپارێزێت. پزیشک یان پزیشکی دەم و ددان بۆ کەم کردنەوەی ئازاری نەخۆش و سووتانەوەی برینەکە لەوانەیە دەرمانی سڕکەر وەک ئیدۆکاین یان دەرمانی چارەسەرکەر وەک مەرهەم (هەتوان) بۆ نەخۆشەکە بنووسن.
چاکترە نەخۆشەکە کاتێ برینەکەی لە قۆناغی گەشەدایە ئازور و سوتانەوەی زۆرە خۆی لە خواردنی ئەو خۆراکانی مادەی بزوێنەر وەک (بەهارات، خوێ، لیمۆندۆزی) یان تێدایە بپارێزێت. ماڵینی جێڵی سڕکەر لەسەر برینەکە پێش نان خواردن ئازار و سوتانەوە تا ڕادەیەکی زۆر کەم دەکاتەوە.


سەرچاوەکان



1342 بینین