هاندەری منداڵبوون

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2021-10-24-22:45:00 - کۆدی بابەت: 6974
هاندەری منداڵبوون

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

لە کاتێکدا کە پزیشک و مامان نیگەرانبن و گوومانیان هەبێت لە تەندروستی خۆت و منداڵەکەت ئەوە پەنا دەبەنە بەر بەکارهێنانی هاندەری منداڵبوون، کە تێیدا پڕۆسەیەکە منداڵەکە خۆی ناتوانێت بە سروشتی لەدایک ببێت و پزیشک چاوەڕێ ناکات و بەڵکوو هاندەر و یارمەتیدەرێک بەکاردەهێنێت کە پێی دەوترێت هاندەری منداڵبوون.
منداڵبوون بە سروشتی خۆی بڕوات زۆر باشترە و پزیشک تاکوو بۆی بکرێت هاندەری منداڵبوون بەکارناهێنێت، بەڵام لە چەند حاڵەتێکی پێویستدا گرنگە کە ئەم ڕێگایە بەکاربهێندرێت و هەندێک جار یەک هاندەری منداڵبوون وەڵامدانەوەیەکی وای نابێت و ژیانی دایک و منداڵەکە ڕزگار ناکات، پزیشک لەم کاتەدا لەوانەیە پەنا بباتە بەر بەکارهێنانی هاندەرێکی دیکە یاخود منداڵبوون بە نەشتەرگەری.

لە چ کاتێکد هاندەری منداڵبوون بەکاردەهێنرێت؟

کە ١ بۆ ٢ هەفتە تێپەڕیبێت بەسەر بەرواری منداڵبووندا

کاتێک منداڵەکە زۆر دوابکەوێت لەکاتی خۆی بۆ هاتنە دونیای پزیشک ناچار دەبێت هاندەری منداڵبوون بەکاربهێنێت، لێکۆڵینەوەکان ئەوەیان دەرخستووە کە هاندەری منداڵبوون لە هەفتەی ٩ـی دووگیانیدا مەترسی منداڵبوون بە نەشتەرگەری و دروستبوونی کێشە بۆ دایک و منداڵەکە زیاد ناکات، بەڵام ئەم کێشە و مەترسییانە زیاد دەکات کاتێک کە دوای هەفتەی ٤١ـی دووگیانیەکە بکرێت بۆ دایکەکە. 

پەردەی سەراو تەقیبێت، بەڵام منداڵبوون دەستی پێ نەکردبێت

دوای تەقینی پەردەی سەراو، مەترسی تووشبوون به هەوکردن لەسەر خۆت و منداڵەکەت زیاتر دەبێت، هەر بۆیە لەوانەیە پێویست نەکات کە بە خێرایی دەست بکرێت هاندەری منداڵبوون، و چاوەڕێ دەکات بەڵکوو منداڵبوون و ژان خۆی دەست پێ بکات و پێویست بە هاندەر نەبێت، هەروەها مامانەکە پشکنین لە ڕێگەی دامێنەوە کەمتر دەکاتەوە بۆ ژنەکە و تاکوو کەمتر بکرێتەوە چونکە بە هۆی تەقینی پەردەی سەراوەکەیەوە مەترسی هەیە لەسەر توشبوون بە هەوکردن.

کێشەیەک کە سەلامەتی خۆت و منداڵەکەت بخاتە مەترسییەوە

کەمبوونەوەیەکی زۆری شلەی سەراو و لێبوونەوەی وێڵاش و دوو کێشەی زۆر باون کە مەترسین لەسەر ژیانی دایک و منداڵەکەی، یاخود خانمەکە نەخۆشییەکانی وەک، شەکرە و بەرزی پەستانی خوێنی هەبێت ئەگەری زۆرە کە پەنا ببات بۆ هاندەری منداڵبوون.

ئەگەر گەشەی منداڵەکەت کێشەی هەیە

هەندێک جار منداڵەکە کێشەیەکی هەیە وەک کێشەکانی دڵ کە تێیدا پزیشک بڕیار دەدات لەسەر هاندەری منداڵبوون تاکوو منداڵەکە ڕزگار بکات.

چ کاتێک نابێت هاندەری منداڵبوون ئەنجام بدرێت؟

  • پێش ئەم سکەت منداڵێکت بووبێت بە نەشتەرگەری.
  • تووشی هاتنە خوارەوەی وێڵاشت بووبیت و واتە وێڵاشەکە ملی منداڵدانی داپۆشیبێت.
  • منداڵەکە سواربێت واتە قاچی لە خوارەوە بێت.

هاندەری منداڵبوون چەند جۆری هەیە؟

پشکنینی پەردەی سەراو

لەم ڕێگایەدا پزیشک یاخود مامانەکە بە پەنجەی کە دەستکێشی لە دەستدایە دەستی لە زێوە دەباتە ناوەوە و بە هێواشی پەردەی سەراو لە ملی مندڵداندا جیا دەکاتەوە لە دیواری منداڵدان، کە ئەمەش دەبێتە هۆی بەڕەڵابوونی چەند هۆڕمۆنێک کە دەتواننن ببنە هۆی گرژبوون، دوای ئەم کارە دەبێت بگەڕێیتەوە ماڵەوە و چاوەڕێی گرژبوونی منداڵدان بیت و بینینی پەڵە خوێن.

هۆڕمۆن

ڕێگایەکی دیکە بریتییە لە پێدانی هۆڕمۆن کە هۆڕمۆنی پڕۆستاگلاندینە و دەبێتە هۆی کرانەوەی ملی منداڵدان و دروستبوونی گرژبوونی منداڵدان، بەڵام ئەم ڕێگایە بۆ خانمێک بەکارنایەت کە پێشتر نەشتەرگەری منداڵبوونی بۆ کرابێت بە هۆی بوونی مەترسی تەقینی منداڵدانی.

فراوانکردن

ڕێگایەکی دیکە بریتییە لە فراوانکردن کە ئەویش مامانەکە باڵۆنێک بەکاردەهێنێت کە بە بۆرییەکی ناسک لە ڕێگەی زێوە دەیکاتە ناو ملی منداڵدان و دواتر بە سوود وەرگرتن لە ئاو سەری بۆرییەکە دەکرێتەوە کە باڵۆنەکەیە ئەمەش دەبێتە هۆی فراونبوونی ملی منداڵدان.

دەرمان

دەرزی پێتۆسین دەتوانێت گرژبوون دەست پێ بکات، ئەم دەرمانە ژانێکی دەستکردە کە دەرزییەکە بە ڕێگای دەمار دەدرێت لە نەخۆشەکە و سەرەتا لە بڕێکی کەمەوە دەست پێ دەکەن و دواتر وردە وردە زیادی دەکەن، ئەگەر بێت و ژانی دەستکرد سوودی نەبێت بە تایبەت ئەگەریش پەردەی سەراو تەقیبێت ئەوا دەبێت خانمەکە نەشتەرگەری بۆ بکرێت و بەو ڕێگایە منداڵەکەی ببێت.

مەترسییەکانی هاندەری منداڵبوون

هاندەری منداڵبوون بۆ هەموو دایکێک گونجاو نییە و دەکرێت چەند کێشەیەک تووشی دایکەکە بکات وەک:

زۆر مانەوە لە نەخۆشخانە

بە هۆی هاندەری منداڵبوونەوە لەوانەیە دایکەکە زۆرتر بمێنێتەوە لە نەخۆشخانە و هەروەها ئەگەر هاتو هاندەری منداڵبوونەکەش سوودی نەبوو ئەوە نەشتەرگەری بۆ دەکرێت کە دوای نەشتەرگەری ماوەیەکی زۆر زیاتری پێ دەچێت تاکوو دەرچێت لە نەخۆشخانە.

پێویستی دەرمانی ئازار شکێن

هاندەری منداڵبوون لەوانەیە ببێتە هۆی ژانێکی زۆر زیاتر لە ژانی ئاسایی کە دایکەکە بەرگەی نەگرێت و ناچاربن کە دەرمانی ئازارشکێنی بۆ بەکاربهێنن.

مەترسی زیادبوونی توشبوون بە هەوکردن

ئەگەر بێت و چەند ڕۆژێکیش دوای هاندەری منداڵبوون منداڵەکەت نەبێت و پەردەی سەراویشت تەقیبێت مەترسی زۆرت لە سەرە بۆ توشبوون بە هەوکردن.

دروستبوونی کێشە بۆ سەلامەتی منداڵەکە

ئەو خانمانەی کە پێش هەفتەی ٣٩ هاندەری منداڵبوونیان بۆ ئەنجام دەدرێت، دەکرێت کە منداڵەکەیان لەدایک بوو کێشەی هەناسەدانی هەبێت و لە داهاتووشدا مەترسی زیاتریان لەسەره بۆ گەشەکردنیان.

مەترسییەکانی کاتی منداڵبوون

لەوانەیە هاندەری منداڵبوون لەو ژنانەی کە پێشتر بە نەشتەرگەری منداڵیان بووە یاخود نەشتەرگەری دیکە کراوە بۆ منداڵدانیان مەترسیدار بێت وکاتی منداڵبوونەکە منداڵدانیان بتەقێت.

ئایا خانمەکە دەتوانێت خۆی لە ماڵەوە هاندەری منداڵبوون بکات؟

چەند ڕێگایەک هەیە لە ماڵەوە کە دەکرێت سوودبەخش و یارمەتی دەربێت بۆ لەدایکبوونی منداڵەکە وەک:

  • جووتبوون لە کۆتاییەکانی دووگیانیدا بۆ زیاتر کراونەوەی ملی منداڵدان.
  • مەساج کردنی گۆی مەمک بە هێواشی.
  • خواردنی زەیتی گەرچک بەڵام ئەگەری توشبوون بە سکچوون زیاد دەکات.
  • پیادەڕەوی زۆر.


سەرچاوەکان



1906 بینین