سکچوون لە منداڵاندا

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2021-11-05-23:04:00 - کۆدی بابەت: 7100
سکچوون لە منداڵاندا

ناوه‌ڕۆك

سکچوون لە منداڵی تازە لەدایکبوودا

پێش هەموو شتێک ئەوە گرنگە بزانرێت کە منداڵ لە یەکەم مانگی دوای لەدایکبوونیدا بڕ و شێوەی پیسایی منداڵ زۆر جیاوازە و هەر کاتێک هەستت بە شتێکی گوماناوی کرد لە پیسایی منداڵەکەتدا پێویستە بە پزیشکی بڵێیت و لە خۆتەوە هیچ بەکارنەهێنیت بۆ منداڵەکەت، بەگشتی پیسایی منداڵ لە یەکەم مانگی تەمەنیدا لە حاڵەتی ئاساییدا شل و ئاوییە و پیسایی زۆر دەکات، بۆ نموونە لەوانەیە منداڵێکی دوو هەفتەی لە ڕۆژێکدا ١٠ جار پیسایی شل بکات و نەخۆشیش نەبێت، هەر بۆیە دیاریکردنی سکچوون لە منداڵی تازە لەدایکبوودا قورسە بۆ دایکەکان و نابێت لە خۆیانەوە لەوبارەیەوە بڕیاربدەن.

سکچوون لە منداڵاندا

پێش هەموو شتێک دەبێت منداڵەکەی خۆت بناسیت و بزانیت کە چ گۆڕانکارییەک ڕوویداوە تێیدا بەم دواییانە، بەگشتی منداڵی تازە لەدایکبوو پیساییەکەی نەرمە بەڵام کاتێک دەست دەکات بە خۆراک خواردن پیساییەکەی کەمێک بەرەو ڕەقبوون دەڕوات، هەرچەندە دەکرێت هەندێک کات بە هۆی جۆری خۆراکەکەیەوە ئەمە پێچەوانە ببێتەوە، بۆیە هەموو ئەمانە هۆکارن تاکوو دیاریکردنی پیسایی منداڵ قورس بێت بۆت، ئەگەر هات و پیسایی منداڵ کەمێک شل بوویەوە جێگای نیگەرانی نییە، بەڵام ئەگەر ئەمە بەردەوام بوو و لەناکاویش گۆڕانکاری بەسەردا هات ئەوا منداڵەکەت تووشی سکچوون بووە.

نیشانەکانی سکچوون لە منداڵاندا

بڕ و چۆنییەتی سکچوونەکە لە منداڵێکەوە بۆ منداڵێکی دیکە دەگۆڕێت، بەڵام لەناکاو بڕی پیسایی منداڵەکە زیادی کرد ئەوە تووشی سکچوون بووە، کە ئەمە نیشانەکانیەتی:

  • تا.
  • کەمی حەزی خواردن.
  • کەمی حەز بۆ خواردنی شیر.
  • زیادبوونی شل بوونەوەی پیسایی.

هۆکارەکانی سکچوون لە منداڵاندا

هەوکردنی ڤایرۆسی

هەریەکە لە ڤایرۆسەکانی وەک، Rotavirus، Atadenovirus، Calicivirus، ‌Entroviru، Influenzas، هەموو ئەم ڤایرۆسانە دەتوانن ببنە هۆی سکچوون و ڕشانەوە و ئازاری سک، تا و لەرز.

هەوکردنی بەکتریایی

بەکتریاکان وەک، Salmonella، Staphylococcus ،Campylobactera، E.coli، دەکرێت ئەم بەکتریایانە ببنە هۆی سکچوون، ئەگەر منداڵێک هەوکردنێکی بەکتریایی هەبێت، لەوانەیە تووشی سکچوون ببێت لەگەڵ ئازاری زۆری گەدە و بوونی خوێن لەناو پیساییدا و تا، زۆرێک لە بەکتریاکان خۆیان چارەسەر دەبن بەڵام هەندێکی دیکەیان مەترسدارن و دەبێت منداڵەکەت ببەیت بۆ لای پزیشک بۆ چارەسەری پێویست.

هەوکردنی گوێ

لە هەندێک کاتدا هەوکردنی گوێ لەوانەیە بەکتریایی یان ڤایرۆسی بێت، دەکرێت هۆکاربن بۆ دروستبوونی سکچوون، کاتێک منداڵەکەت بێتاقەتە و دەکێشێت بە گوێیدا و لەوانەیە بڕشێتەوە و حەزی کەم بێت بۆ خواردن و تووشی پەتا و سەرمابوونیش بووبێت.

مشەخۆرەکان

هەوکردن بە هۆی مشەخۆرەوە دەتوانێت ببێتە هۆی سکچوون، بۆ نموونە هەوکردنی Giardiasis بەهۆی مشەخۆرێکەوە کە لە ڕیخۆڵەدا دەژی دروست دەبێت، نیشانەکانی بریتین لە: با کردنی سک، سکچوون و پیسایی چەور.

دەرمانی دژە بەکتریا

لەوانەیە منداڵەکەت بە هۆی دەرمانێکی دژە بەکتریاوە کە بۆ کێشەیەکی تر بۆی بەکاردەهێنیت تووشی سکچوون بووبێت، لەوانەیە بە هۆی ئەو دەرمانانەوە بێت کە بەکتریای سوودبەخش و بەکتریای زیانبەخش دەکوژن لە ڕیخۆڵەدا.

خواردنەوەی بڕێکی زۆری ئاومیوە

خواردنەوەی ئاومیوەی زۆر بە تایبەت ئەوانەی کە دەوڵەمەندن بە فرەکتۆز، دەتوانێت زیان بگەیەنێت بە گەدەی منداڵەکە و ببێتە هۆی سکچوونی منداڵەکە، نابێت پێش تەمەنی ٦ مانگی ئاوی میوە بدەیت بە منداڵەکەت، هەروەها کاتێک شیری وشک دەدەیت بە منداڵەکەت دەبێت بەباشی شیرەکە بتوێنیتەوە چونکە نەتوانەوەی بە باشی هۆکارێکە بۆ توشبوون بە سوکچوون.

هەستیاری بە خواردن

ئەگەر منداڵەکەت کێشەی هەیە لە هەناسەداندا یاخود لێوی شین بووەتەوە و ئاوساوە پێویست دەکات بە زووترین کات سەردانی پزیشکی پێ بکەیت چونکە ئەوە نیشانەیەکی هەستیارییە، هەستیاری بە خواردن واتە کاتێک کە کۆئەندامی بەرگری جەستەی منداڵ هەستیارە بە پڕۆتینی بێزیانی ناو ماددەیەکی خۆراکی، کە دوای خواردنی دەکرێت زۆر زوو یان ماوەیەک دوای ئەوە نیشانەکانی هەستیاری دەربکەوێت لە کەسەکەدا نیشانەکان دەکرێت ئەمانەبن، سکچوون، بای گەدە، ئازاری سک، بوونی خوێن لەناو گەدەدا، لە حاڵەتی زۆر مەترسیداریشدا دەبێتە هۆی سووربوونەوەی پێست و خوران و هەناسەتووندی.

پڕۆتینی شیر

پڕۆتینی ناو شیر باوترین ماددەیە بۆ هەستیاری منداڵ، منداڵ نابێت تاکوو تەمەنی یەک ساڵی شیری مانگا بخواتەوە، زۆرجار منداڵ هەستیاری بە پڕۆتینی ناو شیر هەیە، دەکرێت ئەگەر دایکەکە شیری خۆی بدات بە منداڵەکەی کاتێک بەرهەمە شیرەمەنییەکان دەخوات بگوازرێتەوە بۆ منداڵەکەی لە ڕێگەی شیردانەوە و ببێتە هۆی هەستیاری منداڵەکە و هەروەها دەکرێت هەندێک کات پڕۆتینی ناو شیری دایکیش هەمان هەستیاری دروست بکات، ماددە خۆراکییەکانی دیکە کە هەستیاری دروست دەکەن وەک، هێلکە، بادەم، سۆیا، گەنم، ماسی و خواردنە دەرییایەکانی دیکە.

کێشەی هەرسکردنی خواردن لە گەدەدا

جیاواز لە هەستیاری، هەندێک جار به هەستیاری ناودەبرێت، وەڵامدانەوەیەکی نائاسایی جەستەیە کە هیچ پەیوەندییەکی بە کۆئەندامی بەرگری جەستەوە نییە، بۆ نموونە هەرس نەکردنی لاکتۆزە، ئەگەر منداڵەکەت نەتوانێت لاکتۆز هەرس بکات ئەوا واتە جەستەی ئەو لاکتازی پێویست بەرهەم ناهێنێت، کە لاکتاز ئەنزیمێکە بۆ هەرس کردنی لاکتۆز یاخود شەکری ناو شیری مانگا و بەرهەمە شیرەمەنییەکانی دیکە، کاتێک لاکتۆز بە بڕی پێویست هەرس نەبێت و لە ڕیخۆڵەدا بمێنێتەوە، چەند نیشانەیەک لە جەستەدا دروست دەکات وەک، سکچوون، ئازاری گەدە، با کردنی گەدە، نیشانەکان نیو کاتژمێر تاکوو دوو کاتژمێر دوای خواردنی بەرهەمەکە دەست پێ دەکەن.

ژەهراویبوون

لەوانەیە بەهۆی ژەهراویبوونەوە بێت و خواردنێکی خراپی خواردبێت یاخود ماددەیەک دیکە جگە لە خواردن وەک دەرمان و ماددەی کیمیایی، کە نیشانەی ڕشانەوە و سکچوون و هەندێک جاریش کێشەی هەناسەدان دروست دەکات.

ڕێگریکردن لە دروستبوونی سکچوون

  • دەست شۆردن و پاکوخاوێنی زۆر گرنگە، چونکە زۆر بەخێرایی بەکتریا و مشەخۆرەکان لە شتی پیسەوە دەگوازرێنەوە بۆ منداڵەکە، کاتێک دایبی منداڵەکەت دەگۆڕیت پێویستە دەست نەدەیت لە منداڵەکەت تاکوو دەستەکانت جوان دەشۆیت، چونکە دایبی منداڵ هۆکارێکە بۆ سکچوون.
  • کاتێک منداڵەکەت یاری دەکات و دەست دەدات لە یارییەکانی دوای ئەوە دەستی بشۆ ئینجا بهێڵە خواردن بخوات، زۆر گرنگی بەوە بدە پێش هەر خواردنێک بەباشی دەستی خۆت و منداڵەکەت بشۆیت.

چارەسەری سکچوون لە منداڵاندا

ڕێگری بکە لە کەمبوونەوەی ئاوی جەستەی منداڵ

هەرچەندە ئەگەر بەباشی چارەسەری سکچوون بکرێت ئەوا بە دەگمەن مەترسیدار دەبێت، بەڵام کەمبوونەوەی ئاوی جەستە بەهۆی سکچوونەوە مەترسیدارە و دەبێت ڕێگری لێ بکرێت، گرنگە کە منداڵەکەت سکچوونی زۆری هەیە بۆ ئەوەی ڕێگر بیت لە وشکبوونەوەی سەردانی پزیشکی پێ بکەیت و پشتگوێی نەخەیت.

دوورکەوتنەوە لە شەکر

بەهیچ شێوەیەک خۆراک و خواردنەوەی شیرین مەدە بە منداڵەکەت، خواردنەوە گازییەکان، خواردنەوە وزەبەحشەکان، شەکر، قەنداغ، ئاومیوەی پڕ شەکر، هەموو ئەمانە دەبنە هۆی خراپتربوونی سکچوونەکە.

پێدانی ژەمە خۆراکی باش

ئەو منداڵانەی کە گەورەن و گەشتوونەتە تەمەنێکی گونجاو کە دەتوانن خواردن بخۆن، واباشترە کە لە کاتی سکچووندا جگە لە ژەمە خۆراکەکانی کە لە ڕۆژانی ئاساییدا خواردوویەتی ژەمێکی دیکەشی بۆ زیاد بکرێت، گرنگە لەوکاتەدا دانەوێڵە و سەوزە و میوەکان بدرێت بە منداڵ هەروەها گۆشتی بێ چەوری، ماست.

ماست بدە بە منداڵەکەت

ئەو بەکتریا زیندووانەی کە لە ماستدا هەیە زۆر سوودبەخشن بۆ کەمکردنەوەی سکچوون، ئەگەر منداڵەکەت لە تەمەنێکدایە کە ماست دەخوات ئەوا زۆر باشە کە ماستی پێ بدەیت کاتی سکچوون.

دایبی منداڵەکەت زۆر زوو بگۆڕە

بەهۆی زۆر پیسایی کردنەوە بەردەوام منداڵەکە پیس دەبێت، بۆیە دەبێت زوو پاک بکرێتەوە و نەهێڵدرێت پیسایی زۆر پێوە بمێنێتەوە، منداڵەکە دەبێت وشک بێت و هەروەها بەهۆی زۆر پیساییەوە تووشی سووتانەوە دەبێت، بۆیە گرنکە کرێمی سووتانەوەشی بۆ بەکاربهێنیت.

باوەش بکە بە منداڵەکەتدا

منداڵەکەت بە هۆی سکچوونەوە زۆر بێتاقەت دەبێت بۆیە لە باوەشی بگرە و خۆشەویستی خۆتی بۆ دەرببڕە.

چ کاتێک پێویستە سەردانی پزیشک بکەیت؟

کاتێک منداڵەکەت تووشی سکچوون دەبێت بەهیچ شێوەیەک هیچ دەرمانێکی پێ مەدە، تاکوو پزیشک دەیبینێت، ئەگەر منداڵەکەت تەمەنی لە ٣ مانگ کەمترە و تووشی سکچوون بووە ئەوا بە زووترین کات بیبە لای پزیشک، ئەگەر گەورەیە و بەڵام دوای تێپەڕبوونی ٢٤ کاتژمێر هێشتا باشتر نەبووە ئەوا سەردانی پزیشکی پێ بکە و پشتگوێی مەخە، هەروەها ئەگەر منداڵەکەت جگە لە سکچوونەکە ئەم نیشانانەی دیکەی تێدایە ئەوە پشتگوێی مەخە.

  • چەند جارێک ڕشانەوە.
  • زۆر ڕشانەوەی هەیە و جەستەی وشک بووەتەوە و دەمی وشک بووەتەوە و میز ناکات بۆ ماوەی ٦ کاتژمێر، یاخود زیاتر، هەروەها گریانی بەبێ فرمێسک.
  • بوونی خوێن لەناو پیساییەکەیدا، یاخود ڕەنگی پیساییەکەی ڕەشە.
  • تا.
  • بێتاقەتی زۆر.
  • ئەگەر منداڵەکەت ٣ بۆ ٦ مانگە و تای ٣٨ پلە یاخود زیاترە.
  • ئەگەر منداڵەکەت لە ٦ مانگ گەورەترە و تایەکەی ٣٩ پلە زیاترە.
  • وە ئەگەر تەمەنی لە ٣ مانگ کەمترە و پلەی گەرمی لە ٣٨ پلە زیاترە یاخود ٣٨ پلەیە.


سەرچاوەکان



1920 بینین