کەسایەتیی خەمۆک

له‌لایه‌ن: - مەبەست کوردە مەبەست کوردە - به‌روار: 2021-12-26-00:05:00 - کۆدی بابەت: 7391
کەسایەتیی خەمۆک

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

کەسایەتیی خەمۆک (بە ئینگلیزی: Depressive) جاران بە تێکچوونی کەسایەتی پۆلێن دەکرا، بەڵام لە ئێستادا وەکوو جۆری کەسایەتی دادەنریت کە کەسەکە هەمیشە خەمبار و دڵتەنگە. ئەم خەمۆکییە هەستی باش بوون لەلایەن کەسەکەوە بەتەواوی ناهێڵێت، بەتایبەتیش کاتێک ئەم جۆرە کەسایەتییە تووشی نەخۆشیی خەمۆکیی سەرەکی دەبن.

بنچینەی کەسایەتیی خەمۆک

لە کۆتاییەکانی ساڵانی ١٩٦٠ تا ساڵی ١٩٨٠ تێکچوونی کەسایەتیی خەمۆک بەشێوەیەکی فەرمی بە نەخۆشییەکی دەروونی دانرابوو لەلایەن کۆمەڵەی دەروونیی ئەمریکییەوە (بە ئینگلیزی: American Psychiatric Association) کە ڕێکخراوێکی کارامەیە بۆ دیاریکردنی پێناسەی نەخۆشییە دەروونییەکان لە کۆمەڵگەی دەروونی ویلایەتە یەکگرتووەکان. هەرچەندە لەدوای ساڵانی ١٩٨٠ ئەم ڕێکخراوە تێکچوونی کەسایەتیی خەمۆکی لە لیستی نەخۆشییە دەروونییە فەرمییەکان لادا و خستییە ئەو گرووپە نافەرمییەی جۆری کەسایەتییەکان کە دیاری نەکراون. 

نیشانەکان

بەپێی کۆتا ڕێبەرییەکان کەسایەتی خەمۆک بەلایەنی کەمەوە پێنج لەم ڕەوشانەیان هەیە کە وایان لێدەکات هەمیشە شێوەیەکی خەمۆکیان هەبێت. نموونەی ئەم ڕەوشانەش بریتین لە بیرکردنەوە و هەبوونی دڵەڕاوکێی بەردەوام،  هەمیشە خۆیان بە بێ بایەخ دەبینن، بەشێوەیەکی نەرێنی لەخۆیان دەڕوانن، بەشێوەیەکی نەرێنی لە کەسانی دەوروبەریان دەڕوانن، هەمیشە بێ جەون، بۆ هەموو شتێک خۆیان تاوانبار دەکەن و زۆریش ڕەشبینن. 

دەبێت ئەوە بزانین کەسایەتی خەمۆک جیاوازە لە نەخۆشی خەمۆکیی سەرەکی و جۆرەکانی تری خەمۆکی، وەکوو خەمۆکیی مامناوەند و دیسسیمیا (بە ئینگلیزی: Dysthemia) کە جۆرێکی هەمیشەیی خەمۆکییە.

لە کاتێکدا کە نیشانەکانی خەمۆکی لە کاتی جیاجیادا دەردەکەون، نیشانەکانی کەسایەتیی خەمۆک بریتین لە هەندێک ڕەوشی چەسپیو و نەگۆڕ کە ڕۆژ بە ڕۆژ زاڵ دەبن بەسەر ڕوانگەی تاک بۆ جیهانی دەوروبەری. 
سەرەڕای ئەوەش خەمۆکی و تێکچوونی کەسایەتیی خەمۆک یان کەسایەتی خەمۆک بەتەنیا زۆر خاڵ و نیشانەی هاوبەشیان هەیە و هەندێک شارەزای بواری دەروونیش پێیان وایە ئەم کەسایەتییە نیشانەیەکی ژێرتاقمی خەمۆکییە. هەندێک لە ڕەوشتەکانی کەسایەتیی خەمۆک بەهەمان شێوە لە تێکچوونی کەسایەتیی دوورەپەرێزیشدا هەن.

بەربڵاوی

کەسایەتی خەمۆک زۆر بەربڵاوە لەناو خەڵکدا، بە گوێرەی توێژینەوەیەک کە لەلایەن توێژەرەوەکانی زانکۆی لوند لە سوید کراوە، نزیکەی (۱۳٪)ـی کەسانی پێگەیشتووی ئەمریکا، کەنەدا و ئەورووپا ڕەوشی کەسایەتیی خەمۆکیان هەیە، کە لە دەرەنجامدا دەبێتە هۆێ کەمبەهایی خود و دەرکەوتنی خەمۆکی و دڵەڕاوکێ، هەروەها کەمبوونەوەی هەستکردن بە باشی یان قایلبوون بە ژیان. هەروەها زیاتر لە (٤۰٪)ـی ئەو کەسانەی داوای یارمەتی دەکەن بۆ کێشە دەروونییەکان، نیشانەکانی کەسایەتیی خەمۆکیان هەیە.

چارەسەر

چارەسەرە دەروونییەکان کاریگەرن بۆ باشترکردنی دۆخی کەسی خەمۆک بەتایبەتیش جۆری چارەسەری دەروونیی هزریی ڕەفتار و چارەسەری دەروونیی داینامیکی.

بەشداربووانی چارەسەری هزریی ڕەفتار فێردەبن چۆن کاردانەوە هەڵە و زیانبەخش و ناتەواوەکان دەستنیشان بکەن، کە بڕیاردانی زۆر بەخراپی کاردەکاتە سەر بڕیاردانی ڕۆژانەیان. هەروەها فێردەبن کە چۆن جێی ئەو کاردانەوە زیانبەخشانە بە شتی باشتر بگرنەوە کە وایان لێ بکات بڕیاری باشتر بدەن و هەست بە باشی بکەن. بەپێی تاکەکان، چارەسەرکاری دەروونی، شێوازی چارەسەری هزریی ڕەفتار بەتەنیا یان بە گرووپ یانیش بە ئامادەبوونی ئەندامانی خێزان ئەنجام دەدات کە لە هەر یەکێکیاندا چارەسەرکارەکە نزیکەی ١٠ بۆ ٢٠ دانیشتن ئەنجام دەدات.

لەلایەکی ترەوە بەشداربووانی چارسەری دەروونیی داینامیکی، فێردەبن کە چۆن پەیوەندی و ڕەفتار و بەریەککەوتنە کۆنەکان دەستنیشان بکەن کە بوونەتە هۆی ئەم بڕیاردانە لاوازانەی ئێستایان لە ڕۆژانە و کاتی بوونی فشارێکی زۆر. بە گوێرەی بنەمای چارەسەرەکە، ئەم جۆرە خودپشکنینە تاکەکە ڕەها دەکات لە ویستی کاردانەوە بە شێوەیەک کە زیانبەخش بێت بۆ دەروونیی. بەپێی توێژینەوەکان ئەم دوو جۆرە چارەسەرە دەروونییە زۆر کاریگەرن بۆ چارەسەرکردن و باشترکردنی ڕەوشی کەسایەتیی خەمۆک، تەنانەت لە کاتی هەبوونی نیشانەکانی خەمۆکیی سەرەکی، خەمۆکیی مامناوەند یان خەمۆکیی دیسسیمیا بەیەکەوە لەگەڵ کەسایەتیی خەمۆک.

بەڵام ئەگەر کەسایەتیی خەمۆک تووشی خەمۆکی ببێت و چارەسەری دەرمانی دژەخەمۆکی وەربگرێت، ئەوا هیچ کاریگەرییەکی نابێت لەسەر ڕەوشی کەساییەتی خەمۆک و تەنیا چارەسەرە دەروونییەکان کاریگەرییان هەیە لەسەری.


سەرچاوەکان



846 بینین