تێکچوونی میزاج

له‌لایه‌ن: - مەبەست کوردە - به‌روار: 2022-01-17-14:56:00 - کۆدی بابەت: 7618
تێکچوونی میزاج

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

تێکچوونی میزاج یان سۆزداری (بە ئینگلیزی: Mood disorder یان Affective disorder) بریتییە لە بوونی حاڵەتێک کە بەتوندی کاردەکاتە سەر میزاج و فرمانەکەنی پەیوەست بە میزاجەوە. تێکچوونی میزاج زاراوەیەکی گشتییە هەموو جۆرەکانی خەمۆکی و نەخۆشیی دووجەمسەری دەگرێتەوە کە هەردووکیان کاردەکەنە سەر میزاج. بەگشتی تێکچوونی میزاج لەنێوان بێجەوی و میزاجێکی زۆر کەم (خەمۆکی) بۆ میزاجێکی زۆر و بێزارکەر (مانیا)ـدا دەبێت. 

جۆرەکان

لە چاپی پێنجەمی ڕێبەری دەستنیشانکردن و ئاماری نەخۆشییە دەروونییەکان (DSM 5)ـدا تێکچوونی میزاج جیاکرایەوە بۆ دوو کۆمەڵە ئەوانیش نەخۆشییە خەمۆکییەکان و نەخۆشییەکانی پەیوەست بە دووجەمسەرین. هەروەها لە چاپی پێنجەمدا هەندێک جۆری نوێی تێکچوونی میزاج زیادکران وەکوو، خەمۆکی بەردەوام، تێکچوونی میزاجی شێواو و بێزاریی پێش سوڕی مانگانە.

سەرەکیترین جۆرەکانی تێکچوونی میزاج بریتین لە:

خەمۆکیی سەرەکی (Major depressive disorder): بریتییە لە ماوەی خەمۆکی، بێهیوایی، بەتاڵییەکی توند، هەروەها نیشانەکانی تری جەستەیی، هزری و سۆزدارییشی لەگەڵ دەبێت. 

خەمۆکیی بەردەوام (Persistent depressive disorder): ئەمەیان هەردوو جۆری خەمۆکیی سەرەکی کە بۆ ماوەی دوو ساڵ زیاتر بەردەوام دەبێت لەگەڵ جۆرێکی خەمۆکیی سووکتر پێکەوە دەگرێتەوە کە پێشتر بە دیسسیمیا (Dysthemia) ناسرابوو. 

خەمۆکیی وەرزی (SAD): ئەم جۆرەی خەمۆکی لەگەڵ گۆڕانی وەرزەکاندا ڕوودەدات و بە گشتی لەو وەرزانەی کە لە ڕۆژدا ڕووناکی کەمترە، وەکوو زستان ڕوودەدات. 

دووجەمسەریی جۆری یەکەم (Bipolar I): بریتییە لە ڕوودانی حاڵەتی مانیا لە کەسێکدا، واتا کەسەکە ئاستی وزە و میزاجی زۆر بەرز دەبێت و تووشی حاڵەتێکی شاگەشکەیی دەبێت.

دووجەمسەریی جۆری دووەم (Bipolar II): بریتییە لە ڕوودانی حاڵەتێکی سووکتری مانیا کە پێی دەوترێت مانیای سست لەگەڵ حاڵەتی خەمۆکی، بەگشتی حاڵەتی خەمۆکییەکە زاڵە بەسەر شاگەشکەیییەکەدا. 

ساکلۆتیمیا (Cyclothemia): بریتییە لە ڕوودانی حاڵەتی خەمۆکی و مانیا بەیەکەوە بۆ ماوەی دوو ساڵ، واتا تێکەڵەی جۆری یەکەم و دووەمی دووجەمسەرییە، بەڵام بە گشتی نیشانەکانی لە دوو جۆرەکەی تر سووکترن. 

تێکچوونی میزاجی شێواو (Disruptive mood dysregulation disorder): بەپێی (DSM 5) ئەم تێکچوونە نوێیە منداڵان تا تەمەنی ١٨ ساڵی دەگرێتەوە کە بەبەردەوامی تووڕە و بێزارن هەروەها تووشی هەڵچوونی بەردەوام دەبنەوە بەبێ بوونی هیچ هاندەرێکی دیار.

بێزاریی پێش سوڕی مانگانە (PMDD): ئەمەیان بریتییە لە چەند نیشانەیەکی تێکچوونی میزاج لە ئافرەتدا، بە گشتی هەفتەیەک پێش کەوتنە ناو سوڕی مانگانەوە، وەکوو خەمۆکی، بێجەوی، تووڕەیی، بێهیوایی، دڵەڕاوکێ و بێزاری و چەند نیشانەیەکی تر. 

جۆرەکانی تر

تێکچوونی میزاج بەهۆی بەکارهێنانی ماددەهۆشبەرەکان یان بەهۆی نەخۆشییەکەوە، وەکوو:

  • کۆنیشانەی ئازاری درێژخایەن
  • شەکرە
  • غوددە
  • نەخۆشیی دڵ
  • نەخۆشیی خۆییە بەرگری لوپەس (Lupus)
  • هەوکردنی جومگەی ڕیوماتۆیدی
  • فرەڕەقبوونی دەماری
  • پارکینسۆن

نیشانەکان

تێکچوونەکانی میزاج نیشانەی جۆراوجۆریان هەیە و بە شێوەیەکی نەرێنی کاردەکەنە سەر ژیان و ڕاپەڕاندنی کارەکانی ڕۆژانە، لە حاڵەتی خەمۆکیدا کەسەکە تووشی نیشانەکانی خەمۆکی و لە حاڵەتی دووجەمسەریدا تووشی نیشانەکانی خەمۆکی و مانیا دەبێت. هەندێک کات بەتایبەتی لە منداڵاندا، تێکچوونی میزاج دەکرێت نیشانەی جەستەییشی هەبێت وەکوو، سەرئێشە و ئازاری گەدەی بێ هۆکار. بەهۆی ئەوەی جۆری جیاوازی تێکچوونی میزاج هەن ئەوا هەر یەکەیان بە جۆرێک کاردەکاتە سەر ژیانی ڕۆژانە.

نیشانەکانی میزاجی کەم واتا خەمۆکی کە لە خەمۆکی و ماوەی خەمۆکیی دووجەمسەریدا ڕوودەدەن بریتین لە:

  • خەمباریی بەردەوام، بێهیوایی و بێنرخی
  • گریان
  • بێزاری و دڵەڕاوکێ
  • ماندوویەتی و بێهێزی
  • نەمانی ئارەزوو بۆ چالاکییەکانی ڕۆژانە
  • بێتوانایی لە سەرنجدان
  • گۆڕانی بەرچاو لە خواردن و خەو
  • هەستکردن بە تاوان
  • ئازاری بێ هۆکار
  • بیری خۆکوژی
  • گۆڕانی میزاجی درێژخایەن

نیشانەکانی میزاجی زۆر یان مانیا کە زیاتر لە ماوەی شاگەشکەییی دووجەمسەریدا ڕوودەدەن بریتین لە:

  • پێویستی نەبوون بە خەو
  • متمانە بەخۆبوونی زۆر
  • خۆ پێ گرنگ بوون
  • بێزاری
  • شەڕانگێزی
  • هەڵەشەیی
  • کەمتەرخەمی
  • هەلوەسە و خەیاڵی پڕوپووچ

هۆکار

هۆکاری تێکچوونەکانی میزاج بە دیاریکراوی نەزانراوە، بە گشتی چەند هۆکارێک هەن پێشبینی دەکرێت بەرپرس بن لەم حاڵەتانە، وەکوو:

  • بۆماوە: ئەم حاڵەتانە لە خێزانەکاندا تێبینی دەکرێت و بەردەوام دەبێت
  • ناهاوسەنگی کیمیاییی مێشک: پێدەچێت باوترین هۆکاری بەرپرس بێت لەم حاڵەتانە
  • ژیانی پڕ لە فشار: وەکوو، جیابوونەوە، مردن و تووشبوون بە زەبری دەروونی کاریگەرییان هەیە لەسەر پەرەسەندنی خەمۆکی

دەستنیشانکردن

هیچ پشکنینێکی تایبەت بۆ دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکانی تێکچوونی میزاج بوونی نییە، پزیشک سەرەتا پرسیار دەربارەی نیشانەکان دەکات و پشکنینی جەستەیی و تاقیگەیی ئەنجام دەدات بۆ جیاکردنەوەی نەخۆشییە جەستەیییەکان کە بووبنە هۆکاری نیشانەکان. دواتر دەستنیشانکردن لەڕێی هەڵسەنگاندنی دەروونییەوە دەکرێت، لەلایەن پزیشکی پسپۆڕی دەروونی یان دەروونناسەوە. هەر کاتێک کەسێک نیشانەکانی تێدا بەدیکرا یان هەوڵی خۆکوژیی دا ئەوا پێویستە بەزوویی سەردانی پزیشک بکرێت و داوای یارمەتی بکرێت.

چارەسەر

بە ملیۆنان کەس تووشی تێکچوونی میزاج دەبن و بە شێوەیەکی سەرکەوتووانە چارەسەر دەکرێن، چارەسەری تێکچوونەکانی میزاج بریتین لە چارەسەری دەروونی کە بریتییە لە چارەسەری ڕاوێژکاری و چارەسەر بە دەرمان بۆ ناهاوسەنگی ماددە کیمیاییەکانی مێشک، یان هەردووکیان بە یەیەکەوە. 
زۆر دەرمانی دژەخەمۆکی بوونیان هەیە، زۆرجار پێویستە کەسەکە چەند دەرمانێک تاقی بکاتەوە تاوەکوو دانەیەکی کاریگەر بۆ نیشانەکانی بدۆزێتەوە بە کەمترین کاریگەریی لاوەکییەوە.

هەروەها چارەسەری دەروونی یارمەتی کەسەکە دەدات فێرببێت چۆن مامەڵە لەگەڵ گرفتەکەی بکات و ئەو ڕەفتارانە بگۆڕێت کە دەبنە هۆکار. 

لەگەڵ دەرمان و چارەسەری دەروونیدا، زۆرجار پزیشکەکان چارەسەری تەواوکەر پێشنیاز دەکەن، وەکوو تەواوکەری خۆراکیی ڤیتامین D یان چارەسەری ڕووناکی.

هەروەها چەند گۆڕانکارییەک لە شێوازی ژیان وەکوو، وەرزشێکی ڕێکوپێک، خەوی ڕێکوپێک، خواردنی تەندروست لەلایەن پزیشکەکانەوە پێشنیاز دەکرێت بۆ یارمەتیدانی حاڵەتی تێکچووی میزاج.


سەرچاوەکان



1297 بینین