پشکنینی شلەی مێشک و دڕکەپەتک

له‌لایه‌ن: - لەنیا بەختیار لەنیا بەختیار - به‌روار: 2022-07-17-16:59:00 - کۆدی بابەت: 9434
پشکنینی شلەی مێشک و دڕکەپەتک

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

شلەی مێشک و دڕکەپەتک شلەیەکی ڕوونە، کە پارێزگاری لە مێشک و دڕکەپەتک دەکات. پشکنینی شلەی مێشک و دڕکەپەتک (بە ئینگلیزی: cerebrospinal fluid test or CSF Analysis)، پشکنینێکە بڕی ماددە کیمیاییەکانی وەک شەکر و پڕۆتینەکان لە شلەی ناو مێشک و دڕکەپەتک دیاری دەکات، دواتر بەهۆی گۆڕانی بڕی ماددە کیمیاییەکانی ناو شلەکە نەخۆشییەکان و ئەو حاڵەتانە کە کار لە مێشک و دڕکەپەتک دەکەن دەستنیشان دەکات.

کەی ئەم پشکنینە ئەنجام دەدرێت؟

پشکنینی شلەی مێشک و دڕکەپەتک بۆ دەستنیشانکردنی ئەم حاڵەتانە بەکاردێت:

  • هەوکردنەکانی مێشک و دڕکەپەتک: هەبوونی خڕۆکە سپییەکان زیاتر لە ڕێژەی ئاسایی و بەکتریاکان لە ناو شلەی مێشک و دڕکەپەتکدا نیشانەن بۆ تووشبوون بە هەوکردن.
  • نەخۆشیی دژەخۆیی: وەک نەخۆشیی فرەڕەقبوون کە نەخۆشییەکە کۆئەندامی بەرگری هێرش دەکاتە سەر ئەو بەرگە پارێزەرەی تەوەرەی دەمارەخانەکان دادەپۆشێت، دەتوانێت زیانی هەمیشەیی بە دەمارەکان بگەیەنێت.
  • خوێنبەربوونی مێشک
  • هەبوونی لووی مێشک

نیشانەکان

لە کاتی هەبوونی ئەم نیشانانەدا گرنگە سەردانی پزیشک بکرێت و پشکنینی شلەی مێشک و دڕکەپەتک ئەنجام بدرێت:

 نیشانەکانی هەوکردنی مێشک و دڕکەپەتک:

  • تا
  • سەرئێشەی توند
  • گەشکە
  • ڕەقبوونی مل
  • دڵتێکچوون و ڕشانەوە
  • هەستیاری بە ڕووناکی
  • جووتبینی: حاڵەتێکە کەسەکە شتەکانی دەوروبەری بە دوو وێنە دەبینێت.
  • گۆڕانی ڕەفتار

نیشانەکانی نەخۆشیی فرەڕەقبوون:

  • جووتبینی
  • مێروولەکردنی دەست و قاچەکان
  • گرژبوونی ماسولکەکان
  • لاوازی ماسولکەکان
  • سەرگێژخواردن

وەرگرتنی شلەی مێشک و دڕکەپەتک

وەرگرتنی نموونە بۆ ئەم پشکنینە کارێکی مەترسیدارە، لەبەرئەوە پزیشک یان کەسی شارەزا ئەم کارە ئەنجام دەدات، دەکرێت زیان بە نەخۆشەکە بگەیەنێت ئەگەر بە شێوەیەکی گونجاو نموونەکە وەرنەگیرێت.

  1. سەرەتا نەخۆش لەسەر لا پاڵ دەکەوێت یان دادەنیشێت.
  2. شوێنی وەرگرتنی شلەکە پاک دەکرێتەوە، بەزۆری شلەکە لە نێوان بڕبڕەی سێیەم و چوارەمی پشت وەردەگیرێت.
  3. بە بەکارهێنانی سڕکردنی خۆجێی شوێنی وەرگرتنی نموونەکە سڕ دەکرێت.
  4. دەرزی تایبەتی بڕبڕەی پشت بەکاردەهێنرێت، دەرزییەکە لە نێوان بڕبڕەی سێیەم و چوارەمی پشت دەدرێت و شلەکە کۆ دەکرێتەوە.
  5. دەرزییەکە دەردەهێنرێت، شوێنی وەرگرتنی نموونەکە پاک دەکرێتەوە و بە برینپێچ دەبەسترێت، پێویستە نەخۆش بۆ چەند کاتژمێرێک پشوو بدات تەنانەت ئەگەر هەست بە باشیش بکات .

هەندێک جار لە کاتی کۆکردنەوەی شلەکە تیشکی ئێکسی تایبەت بەکاردەهێنرێت.

دەستنیشانکردن

پەستانی شلەی مێشک و دڕکەپەتک

زیادبوونی پەستانی شلەی مێشک و دڕکەپەتک نیشانەیە بۆ زیادبوونی پەستانی ئێسکی کەللـەی سەر. کەمبوونی پەستان ڕەنگە نیشانە بێت بۆ لووی دڕکەپەتک یان بێهۆشبوون بەهۆی نەخۆشیی شەکرە.

پڕۆتین

ڕێژەی ئاسایی پڕۆتین: ١٥ بۆ ٦٠ میلیگرام/١٠٠میللیلیتر

زیادبوونی پڕۆتین ڕەنگە هۆکارەکەی هەبوونی خوێن لەناو شلەی مێشک و دڕکەپەتک، نەخۆشیی شەکرە، لوو، برینداربوون یان هەوکردن بێت.

کەمبوونی پڕۆتین نیشانەیە بۆ خێرا دروستبوونی شلەی مێشک و دڕکەپەتک.

شەکری گلوکۆز

ڕێژەی ئاسایی شەکری گلوکۆز: ٥٠  بۆ ٨٠ میلیگرام/١٠٠میللیلیتر

زیادبوونی شەکری گلوکۆز نیشانەیە بۆ زیادبوونی ئاستی شەکر لە خوێندا.

کەمبوونی شەکری گلوکۆز ڕەنگە نیشانە بێت بۆ دابەزینی ئاستی شەکر لە خوێندا، تووشبوون بە بەکتریا و کەڕووەکان یان هەوکردنی پەردەی مێشک.

خانەکانی خوێن لە ناو شلەی مێشک و دڕکەپەتکدا

ڕێژەی ئاسایی خانەکانی خوێن: بەشێوەیەکی ئاسایی هیچ خڕۆکەیەکی سوور لە ناو شلەی مێشک و دڕکەپەکدا نییە و بڕێکی زۆر کەم لە خڕۆکە سپییەکانی خوێنیش دەبینرێت، لە کاتی ئاساییدا نابێت لە پێنج خڕۆکەی سپی زیاتر لە ناو شلەی مێشک و دڕکەپەتکدا هەبێت.

زیادبوونی خڕۆکە سپییەکان، ڕەنگە نیشانە بێت بۆ هەوکردنی مێشک، هەوکردنی پەردەی مێشک، سەرەتای تووشبوون بە نەخۆشیی درێژخایەن، لوو، جەڵتەی مێشک یان نەخۆشیی فرەڕەقبوون.

هەبوونی خڕۆکە سوورەکانی خوێن، دەکرێت نیشانە بێت بۆ خوێنبەربوون یان برینداربوونی لوولەکانی خوێن لە کاتی وەرگرتنی نموونەکە.

ئایا ئەنجامدانی ئەم پشکنینە مەترسیدارە؟

هەرچەندە ئەم پشکنینە بە پشکنینێکی بێ مەترسی دادەنرێت، بەڵام هەندێک مەترسی بۆ نەخۆش دروست دەکات و پێویستە بە باشترین شێوە و لەلایەن کەسی شارەزا ئەنجام بدرێت. مەترسییەکان بریتین لە:

  1. ڕەنگە ببێتە هۆی خوێنبەربوون لە نزیک شوێنی وەرگرتنی نموونەکە.
  2. سەرئێشە، ڕەنگە بۆ چەند کاتژمێرێک یان چەند ڕۆژێک بخایەنێت، ئەگەر سەرئێشەکە لە چەند ڕۆژێک زیاتر بخایەنێت بەتایبەت لە کاتی هەستان، دانیشتن یان ڕۆیشتندا پێویستە سەردانی پزیشک بکرێت.
  3. تووشبوون بە هەستیاری
  4. تووشبوون بە هەوکردن
  5. ڕەنگە ببێتە هۆی برینداربوونی دەمارەکانی دڕکەپەتک، بەتایبەتی ئەگەر نەخۆشەکە لە کاتی ئەنجامدانی پشکنینەکە بجووڵێت.


سەرچاوەکان



770 بینین