بۆچی نەخۆشی شەکرە دەبێتە هۆی تێکچوونی دەماری؟

له‌لایه‌ن: - شارا نەوزاد شارا نەوزاد - به‌روار: 2024-07-05-17:44:00 - کۆدی بابەت: 11859
بۆچی نەخۆشی شەکرە دەبێتە هۆی تێکچوونی دەماری؟

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

پەیوەندی نێوان نەخۆشی شەکرە و تێکچوونی دەماری (بە ئینگلیزی: The relationship between diabetes and nervous damage، بە عەرەبی: العلاقة بين مرض السكري والضرر العصبي) بەرزی شەکری خوێن دەتوانێت ببێتە هۆی زیان گەیاندن بە دەمارەکان کە پێی دەوترێت تێکچوونی دەماری پەیوەست بە نەخۆشی شەکرە. دەتوانیت ڕێگری لێ بکەیت یان پێشکەوتنەکەی خاو بکەیتەوە بە هێشتنەوەی شەکری خوێن بۆ نزیکترین مەودای ئاسایی و پاراستنی شێوازی ژیانێکی تەندروست.

بەڕێوەبردنی شەکری خوێن بەشێکی گرنگی پلانی چاودێری نەخۆشی شەکرەیە. ئەمە نەک تەنها یارمەتیت دەدات لە تەندروستی ڕۆژانەدا، بەڵکو دەتوانێت یارمەتیت بدات لە ڕێگریکردن لە کێشەی تەندروستی گەورە کە بەهۆی ئاڵۆزییەکانی نەخۆشی شەکرەوە دەکرێت تووشیان ببیت. یەکێک لە کاریگەرییەکانی نەخۆشی شەکرە لەسەر جەستە کارکردنە سەر کۆئەندامی دەمار و تێکچوونی دەمارییە.

بۆچی نەخۆشی شەکرە دەبێتە هۆی تێکچوونی دەماری؟

زیان گەیاندن بە دەمارەکان یەکێکە لە ئاڵۆزییەکان کە بەهۆی بوونی بەرزبوونەوەی ئاستی شەکری خوێن بۆ ماوەیەکی زۆر ڕوودەدات. بەرزی شەکری خوێن زیان بە دەمارەکان دەگەیەنێت و ئەم دەمارانە لەوانەیە واز لە ناردنی پەیام بۆ بەشە جیاوازەکانی جەستە بهێنن. زیان گەیاندن بە دەمارەکان دەتوانێت ببێتە هۆی کێشەی تەندروستی لە سڕبوونێکی سووکەوە بۆ ئازار کە وابکات ئەنجامدانی چالاکی ئاسایی قورس بێت.

بە تێپەڕبوونی کات، بەرزی ئاستی گلوکۆزی خوێن (شەکر) دەتوانێت زیان بە لوولە بچووکەکانی خوێن بگەیەنێت کە خوێن بۆ دەمارەکانی جەستە دابین دەکەن، بەمەش ڕێگری دەکات لەو خۆراکانەی کە دەگەنە دەمارەکان. لە ئەنجامدا، ڕیشاڵەکانی دەمار دەکرێت زیانیان پێبگات.

نیوەی ئەو کەسانەی نەخۆشی شەکرەیان هەیە زیان بە دەمارەکانیان دەگات. هەواڵە خۆشەکە ئەوەیە کە دەتوانیت یارمەتیدەر بیت لە ڕێگریکردن یان دواخستنی ئەم مەترسییە بە هێشتنەوەی شەکری خوێن لە ئاستی ئاسایی و وەک پێویست. کاتێک کۆنتڕۆڵی نەخۆشی شەکرە دەکەیت، وزەی زیاترت دەبێت و هەست بە باشتر بوونیش دەکەیت. نیشانەکانی زیان گەیاندن بە دەمارەکان بە زۆری بە هێواشی گەشە دەکەن، بۆیە گرنگە زوو تێبینی نیشانەکان بکەیت بۆ ئەوەی بتوانیت هەنگاو بنێت و ڕێگری بکەیت لەوەی زیاتر مەترسیدار بێت.

جۆرەکانی زیان گەیاندن بە دەمارەکان

چوار جۆری سەرەکی لە زیان گەیاندن بە دەمارەکان هەیە. دەکرێت تووشی زیاتر لە یەک جۆری ببیت. نیشانەکان پشت دەبەستن بە جۆری ئەو زیانە دەمارییەی کە هەتە لەگەڵ ئەوەی چ دەمارێک کارتێکراو بووە.

زیان گەیاندنی دەماری چێوەیی

ئایا هەستت بە "دەرزی و نوکی تیژ" کردووە لە پێیەکانتدا یان مێروولە کردن و تەزین. لەوانەیە هەست بکەیت کە گۆرەوی یان دەستکێش لەبەر دەکەیت کاتێک کە واش نییە. دەکرێت پێیەکانت زۆر هەستیار بن بۆ دەست لێدان، تەنانەت پەڕەیەکی نوستنیش (بالیف) لەوانەیە ئازار بدات. ئەمانە هەموو نیشانەکانی تێکچوونی دەمارین.

زیان گەیاندن بە دەمارەکان کاریگەری لەسەر دەست و قاچ و پێ و قۆڵەکان هەیە، هەروەها باوترین جۆری زیان گەیاندن بە دەمارەکان بۆ ئەو کەسانەی نەخۆشی شەکرەیان هەیە ئەم جۆرە تێکچوونە دەمارییە واتا تێکچوون و زیان گەیاندنی چێوەیی. بە شێوەیەکی گشتی لە پێیەکان دەست پێدەکات، هەروەها بەزۆری لە هەردوو پێیەکان لە یەک کاتدا دەست پێدەکات. نیشانەکانی تر دەکرێت بریتین لە:

  • ئازار یان زیادبوونی هەستیاری بەتایبەتی لە شەودا.
  • سڕبوون یان لاوازی.
  • کێشەی گەورەی پێ، وەک برینەکان، هەوکردن، ئازاری ئێسک و جومگەکان.

لەوانەیە تێبینی ئەو پەستان و بریندارییانە نەکەیت کە دەبنە هۆی بڵق یان برین، کە دەکرێت ئەمەش ببێتە هۆی هەوکردن، بەتایبەت برینەکانی پێست کە چاک نابنەوە، یان بریندارییەکان. هەندێک جار بڕین و لابردن بە نەشتەرکاری پێویستە بۆ ئەو جۆرە برینانە. زۆربەی ئەو برینانەی لە قاچ و پێیەکان ڕوودەدات و نەخۆشانی شەکرە تووشی دەبن بەهۆی ئەم جۆرە تێکچوونە دەمارییەوە ڕوودەدات.

دۆزینەوە و چارەسەرکردنی زووی کێشەکانی پێ دەتوانێت ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییەکی گەورە کەم بکاتەوە. فێربە چۆن گرنگی بە قاچەکانت بدەیت وەکوو ئەوەی خۆت بتوانیت قاچەکانت تاقی بکەیتەوە هەروەها زانینی ئەوەی چ جۆرە پێڵاوێک لەبەر بکەیت. زیان گەیاندن بە دەمارەکان لەوانەیە ببێتە هۆی ئەوەی کە ماسولکەکانی ڕێڕەوی هەرسکردن خاو ببنەوە یان واز لە کارکردن بهێنن. واتا لەڕێی تیکچوونی دەمارییەوە نەخۆشی شەکرە دەکرێت کاریگەری لەسەر چۆنیەتی و میکانیزمی هەرسکردن هەبێت.

خۆییە زیانی دەماری

خۆییە زیانی دەماری یان زیانی دەماری سەربەخۆ کاریگەری لەسەر دڵ، میزڵدان، گەدە، ڕیخۆڵە، ئەندامەکانی زاوزێ، و چاوەکان هەیە. نیشانەکان لەوانەیە بریتین لە:

  • کێشەی میزڵدان یان ڕیخۆڵە کە لەوانەیە ببێتە هۆی دزەکردنی میز، قەبزی، یان سکچوون.
  • لەدەستدانی حەزی خواردن و ڕشانەوە.
  • چۆنیەتی گۆڕینی چاوەکان لە ڕووناکیەوە بۆ تاریکی.
  • کەمبوونەوەی وەڵامی سێکسی، لەوانە کێشەی ڕێکخستن لە پیاوان یان وشکبوونی زێ لە ئافرەتاندا. هەربۆیە زۆربەی کێشەکانی چاو و بینین و بیستن کە ڕوودەدەن لە نەخۆشانی شەکرەدا بەهۆی ئەم پۆلێنەی تێکچوونە دەمارییەکانن.

زیانی دەماری نزیک

زیانی دەمارە نزیکەکان کاریگەری لەسەر دەمارەکانی ڕان، سمت، جومگی سێبەندە، یان قاچەکان دەکات. هەروەها دەتوانێت کاریگەری لەسەر ناوچەی سنگ و گەدە هەبێت. نیشانەکان لەوانەیە بریتین لە:

  • ئازارێکی زۆر لە ڕان، سمت و جومگی سێبەندە.
  • کێشە لە هەڵسانەوە دوای دانیشتن.
  • ئازاری توندی گەدە.

زیانی دەماری ناوەندی

زیانی دەماری ناوەندی کاریگەری دەبێت لەسەر تاکە دەمارەکان، زۆربەی کات لە دەست، سەر، قەد یان قاچ. نیشانەکان دەکرێت بریتین لە:

  • کێشە لە تیشک خستنە سەر بینین یان هەبوونی دوو بینین.
  • بوونی ئازار لە پشت چاوەوە.
  • نەتوانین بۆ جووڵانی لایەکی ڕووخسار واتا ئیفلیجی نیوەی ڕووخسار.
  • سڕبوون یان مێروولە کردنی دەست و پەنجەکانی دەست.
  • لاوازی دەستەکان کە دەکرێت وات لێبکات شتەکان بەربدەیتەوە و نەتوانی کۆنتڕۆڵی دەستەکانت بکەیت.

ئەگەر هەر یەکێک لەم نیشانانەت هەبوو فەرامۆشی مەکە و لەگەڵ پزیشک هاوبەشی پێ بکە.

هۆکارەکانی مەترسی بۆ تێکچوونە دەمارییەکان

هەرکەسێک نەخۆشی شەکرەی هەیە دەکرێت تووشی زیانی دەماری ببێت، لەگەڵ ئەوەشدا چەند هۆکارێک مەترسی تووشبوون زیاد دەکەن:

  • ئەو ئاستەی شەکری خوێن کە زەحمەتە کۆنتڕۆڵ بکرێت.
  • بوونی نەخۆشی شەکرە بۆ ماوەیەکی زۆر، بەتایبەتی ئەگەر شەکری خوێنت زۆر جار بەرزتر بێت لەو ئاستەی پزیشک دیاریکردووە وەک مەودای ئامانج.
  • کێشی زیاد لە پێویست.
  • تەمەنی لە ٤٠ ساڵ زیاتر.
  • هەبوونی بەرزی پەستانی خوێن.
  • هەبوونی ئاستی کۆلیسترۆڵی بەرز.

چەند ئامۆژگاریەک بۆ ڕێگریکردن یان دواخستنی زیان و تێکچوونە دەمارییەکان

هێشتنەوەی شەکری خوێن لە نزیک مەودای ئاسایی باشترین ڕێگایە بۆ ڕێگریکردن یان دواخستنی زیانە دەمارییەکان. ئەو کارانەی کە دەتوانیت بیانکەیت بریتین لە:

  • پەستانی خوێن لە خوار ١٤٠/٩٠ ملم لە جیوە بهێڵەوە (یان ئەو ئامانجەی پزیشکەکەت داینا).
  • چالاکی جەستەیی بەردەوام بکە.
  • کێشت دابەزێنە ئەگەر کێشت زیاد بێت.
  • سنووردارکردن یان دوورکەوتنەوە لە کحول.
  • واز لە جگەرەکێشان بهێنە یان هەرگیز دوای تووشبوون بە نەخۆشی شەکرە دەستی پێ مەکە.
  • خواردنی تەندروست پەیڕەو بکە.
  • ئەو دەرمانانە وەربگرە کە لەلایەن پزیشکەوە بۆت دیاریکراوە و نوسراوە.

چی کاتێک سەردانی پزیشکەکەت بکەیت؟

پەیوەندی بکە بە پزیشکەوە ئەگەر یەکێک لەم نیشانانەی خوارەوەت هەبوو:

  • بریندارییەک یان برینێکی پێست لەسەر پێیەکانت هەبێت و تووشی هەوکردن بووبێت یان چاک نابێتەوە.
  • سوتانەوە، مێروولەکردن، هەستکردن بە لاوازی، یان ئازار لە دەست یان قاچەکانت کە دەستێوەردان بکات لە چالاکییەکانی ڕۆژانە و خەوتن.
  • گۆڕانکاری لە هەرسکردن، میزکردن، یان کرداری سێکسی.
  • سەرسوڕان یان بورانەوە و بێهۆشی.

زۆربەی ئەو کەسانەی نەخۆشی شەکرەیان هەیە دەتوانن ڕێگری لە ئاڵۆزییە دەمارییەکان بکەن بە چاودێری پێی بەردەوام لە ماڵەوە، چوون بۆ چاوپێکەوتنی پزیشکی و پشکنینی پێیەکان لە هەموو چاوپێکەوتنی پزیشکدا، ئەمانە یارمەتیدەر دەبێت بۆ ڕێگریکردن لە کێشە دەمارییەکانی پەیوەست بە نەخۆشی شەکرەوە. ئاگاداربوون و بەڕێوەبردن و جڵەوکردنی ئاستی شەکری خوێن هۆکارێکی سەرەکییە بۆ دوورکەوتنەوە لە هەموو ئاڵۆزییەکانی نەخۆشی شەکرە بەتایبەت تێکچوونە دەمارییەکان، کە بە کۆنتڕۆڵکردنی نەخۆشی شەکرە دەتوانیت بە ڕێژەیەکی باش مەترسییەکانی تووشبوونی کەمبکەیتەوە.

چارەسەرکردنی تێکچوونە دەمارییەکان

چەندین چارەسەر هەیە بۆ کەمکردنەوەی نیشانەکانی نەخۆشی دەمار پەیوەست بە شەکرەوە. ئەمە دەکرێت دەرمان بۆ هەستکردن بە نەخۆشی و هێڵنجدان و ڕشانەوە و ئازار لەخۆ بگرێت بۆ نەخۆشی دەماری هەستیاری یان چارەسەر بۆ یارمەتیدان لە کارکردنی ڕەپکە شانەکان.

هێشتنەوەی ئاستی شەکری خوێن لە نێو مەودای ئاساییدا و هەروەها ئاستی چەوری خوێن (کۆلیسترۆڵ) و پەستانی خوێن دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ باشترکردنی نیشانەکانی نەخۆشی دەماری و کەمکردنەوەی بەرەوپێشچوونی زیانی دەمارەکان. 


سەرچاوەکان



59 بینین