سووده‌کانى ئاوخواردنه‌وه‌ و بڕى گونجاوی ڕۆژانه‌

له‌لایه‌ن: - محمد ئه‌حمه‌د - به‌روار: 2020-05-09-14:12:00 - کۆدی بابەت: 249
سووده‌کانى ئاوخواردنه‌وه‌ و بڕى گونجاوی ڕۆژانه‌

ناوه‌ڕۆك

بڕی گونجاوی ئاوخواردنه‌وه‌ چه‌نده‌ 

 
خه‌ڵكانێكى زۆر گرنگيى خواردنه‌وه‌ى ئاو و سووده‌كانى ده‌زانن بۆ ته‌ندروستييه‌كى باشتر، به‌ڵام ده‌بێت تێبينى‌ ئه‌وه‌ش بكه‌ين كه‌ خواردنه‌وه‌ى بڕێكى زۆر له‌ ئاو ده‌بێته‌ هۆى كه‌مكردنه‌وه‌ى خوێ له ‌خوێندا و، زێده‌ڕۆيى له‌ ئاوخواردنه‌وه‌، مرۆڤ دووچارى نه‌خۆشى كه‌مى سۆديۆم ده‌كات له‌ خوێندا، هه‌روه‌ها پزيشكان ئامۆژگارى ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌كه‌ن كه‌ نه‌خۆشى په‌ككه‌وتنى گورچيله‌كانيان هه‌يه‌، يان ئه‌وانه‌ى ئه‌و جۆره‌ ده‌رمانانه‌ وه‌رده‌گرن كه‌ ده‌بێته‌ هۆى هێشتنه‌وه‌ى ئاو له‌ جه‌سته‌دا وه‌ك، دژه‌ هه‌وكردنه‌كانى ناستيرۆدى، يان ده‌رمانه‌كانى دژه‌ خه‌مۆكى، زێده‌ڕۆيى نه‌كه‌ن له‌ ئاوخواردنه‌وه‌. 
بۆ زانينى بڕى ئاوى گونجاو كه‌ پێويسته‌ بۆ جه‌سته‌ بێ كه‌مى و به‌بێ زێده‌ڕۆيى، پێگه‌ى "WebMD" ئاماژه‌ى پێ ده‌كات، ئه‌و بنه‌ما گشتييه‌ى كه‌ په‌يڕه‌و ده‌كرێت بريتييه‌ له‌ خواردنه‌وه‌ى 15 په‌رداخ ئاو رۆژانه‌ بۆ پياوان و 11 په‌رداخ  ئاو بۆ ئافره‌تان، به‌ڵام ده‌بێ ئه‌وه‌ له‌به‌رچاو بگيرێت كه‌ ئايا ئه‌م بڕه‌ چه‌ند ئاوى نێو شله‌مه‌نييه‌كانى ديكه‌ى وه‌ك چاى و شير و قاوه‌.. هتد، له‌خۆ ده‌گرێت.
له‌كاتى نه‌خۆشيدا به‌تايبه‌تى له‌ حاڵه‌ته‌كانى سكچوون و رشانه‌وه‌ ده‌بێ بڕى ئاو و شله‌‌مه‌نييه‌كان زياتر بكرێت و، پسپۆڕان ئامۆژگارى ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌كه‌ن كه‌ راهێنانه‌ وه‌رزشييه‌كان ده‌كه‌ن بڕى زياترى ئاو بخۆنه‌وه‌ له‌كاتى راهێنانه‌كان و دواى راهێنانه‌كان.

سووده‌كانی خواردنه‌وه‌ی ئاو به‌ شێوه‌ی گونجاو 

خواردنه‌وه‌ی ئاو به‌شێوه‌ی گونجاو چه‌ندین سوودی هه‌یه‌ گرنگترینیان ئه‌مانه‌ی خواره‌وه‌ن :

 

باشتركردنى كارى جومگه‌كان


ئاو به‌شێكى گه‌وره‌ له‌ پێكهاته‌ى كڕكڕاگه‌ى جو‌مگه‌كان پێك ده‌هێنێت كه‌ يارمه‌تى ده‌ره‌ بۆ هه‌ڵمژينى به‌ركه‌وتنه‌كان و ئاساندكردنى جووڵه‌ى ئێسكه‌كان، هه‌روه‌ها خواردنه‌وه‌ى‌ ئاو ئازارى نه‌خۆشى جومگه‌كان كه‌م ده‌كاته‌وه‌‌.

 

پاراستنى جه‌سته‌ له‌ وشكبوونه‌وه‌


جه‌سته‌ى مرۆڤ بڕێكى زۆر ئاو له‌ده‌ست ده‌دات له‌كاتى ئاره‌قكردن، به‌تايبه‌تى له‌ پله‌ به‌رزه‌كانى گه‌رمادا، به‌بێ بوونى بڕێكى پێويستى ئاو له‌ جه‌سته‌ ده‌شێت جه‌سته‌ سۆديۆم و پۆتاسيۆميش ون بكات كه‌ پێويستتن بۆ جه‌سته‌ ، ئه‌گه‌ر ئاويش له‌ جه‌سته‌دا كه‌م بوو ئه‌وا مرۆڤ هه‌ست به‌ وشكبوونى ده‌م و گێژبوون ده‌كات.

رزگاربوون له‌ ژه‌هره‌كان 


ئاو يارمه‌تى گورچيله‌كان ده‌دات بۆ رزگاربوون له‌ پاشه‌ڕۆكانى ناو خوێن، ئه‌گه‌ر بڕى ئاوى پێويست نه‌گاته ‌گورچيله‌كان ئه‌وا پاشه‌ڕۆكان له‌گه‌ڵ ترشه‌ڵۆكه‌كان له‌ گورچيله‌كاندا كه‌ڵه‌كه‌ ده‌بن و ده‌بێته‌ هۆى گيرانى گورچيله‌كان به‌و پرۆتينانه‌ى كه‌ به‌ (نيۆگلۆبين) ده‌ناسرێت و ده‌بێته‌ هۆى دروستبوونى به‌ردى گورچيله‌ و تووشبوون به‌ هه‌وكردنى ميزه‌ڕۆ.

به‌هێزكردنى يادگه‌


هه‌ندێ كه‌س، ئه‌گه‌ر ئاستى ئاو له‌ جه‌سته‌ياندا دابه‌زێت تووشى كێشه‌ى له ‌بيرچوون و بيركردنه‌وه‌ى له‌‌سه‌رخۆ ده‌بن، بۆ خۆبه‌دوورگرتن له‌م كێشانه‌ خواردنه‌وه‌ى رێژه‌يه‌كى گونجاو له‌ ئاو پێويسته.‌ 

به‌هێزكردنى تواناى جه‌سته‌يى 


كه‌ميى شله‌مه‌نييه‌كان له‌ جه‌ستدا ده‌بێته‌ هۆى هه‌ستكردن به‌ ماندوێتى، هه‌ر بۆيه‌ پێويسته‌ ئه‌و ئاره‌قه‌ى كه‌ جه‌سته‌ ده‌يكات له‌كاتى راهێنانه‌ وه‌رزشييه‌كان و چالاكييه‌كانى رۆژانه‌ به‌ ئاو و كانزاكانى وه‌ك، سۆديۆم و پۆتاسيۆم قه‌ربوو بكرێته‌وه‌. 

له‌ده‌ستدانى كێشى زياد


تۆژينه‌وه‌كان ده‌ريان خستووه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ى به ‌به‌رده‌وامى رۆژانه‌ دوو بۆ سێ په‌رداخ ئاوى زياد ده‌خۆنه‌وه‌، رێژه‌ى چه‌ورييه‌كان و‌ شه‌كر و خوێ له‌ خوێنيان كه‌متره‌ و تواناى سووتاندنى زياترى كالۆرييه‌كانيان هه‌يه‌، كه‌ ئه‌مه‌ش له‌ ئه‌نجامدا يارمه‌تيده‌ره‌ بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ى كێشى زياد‌. 

باشتركردنى ئه‌ركه‌كانى دڵ 


ده‌شێ خواردنه‌وه‌ى رێژه‌ى پێويستى ئاو نه‌بێته‌ هۆى باشتركردنى چالاكى دڵ، به‌ڵام نه‌خواردنه‌وى رێژه‌ى پێويست له‌ ئاو ده‌بێته‌ هۆى وشكبوونه‌وه‌ و، كارده‌كاته‌ سه‌ر بۆرييه‌كانى خوێن و كاريگه‌رييه‌كه‌ى وه‌ك كاريگه‌ريى جگه‌ره‌كێشان ده‌بێت بۆ سه‌ر دڵ، هه‌روه‌ها كه‌مى ئاوخواردنه‌وه‌ ده‌بێته‌ هۆى دابه‌زينى بڕى خوێن له ‌جه‌سته‌دا كه‌ ئه‌مه‌شيان ده‌بێته‌ هۆى دابه‌زينى پاڵه‌په‌ستۆى خوێن و خێرايى لێدانى دڵ. 

رێگريكردن له‌ بوورانه‌وه‌ 


هه‌ندێ كه‌س له‌كاتى خوێن به‌خشين به‌هۆى كه‌مبوونه‌وه‌ى شله‌مه‌نييه‌كان له‌ جه‌سته‌دا له‌هۆشخۆيان ده‌چن، بۆيه‌ پێويسته‌ بڕيكى گونجاو ئاو بخۆنه‌وه‌ بۆ خۆبه‌دوورگرتن له‌ دابه‌زينى پاڵه‌په‌ستۆى خوێن و له‌هۆشخۆچوون، هه‌مان رێوشوێنيش پێويسته‌ بگيرێته‌به‌ر له‌ كه‌شوهه‌واى گه‌رم و له‌كاتى ئه‌نجامدانى راهێنانه‌ وه‌رزشييه‌كان، يان له‌كاتى ئاره‌قكردنى زۆر و ميزكردنى زۆر.


سەرچاوەکان



2300 بینین