کاریگەرییە خراپەکانی ڕێجیمکردنی ناتەندروست

له‌لایه‌ن: - زیلان ئازاد زیلان ئازاد - به‌روار: 2022-07-03-17:14:00 - کۆدی بابەت: 9264
کاریگەرییە خراپەکانی ڕێجیمکردنی ناتەندروست

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

ڕێجیمکردنی ناتەندروست (بە ئینگلیزی: unhealthy diet) بریتییە لە ئەنجامدانی ڕێجیمێکی ناتەندروست کە ناتوانێت بڕی پێویست کالۆری، پڕۆتین، خۆراکە ماددە و تەواوکەرە خۆراکییەکان بۆ جەستە دابین بکات لە کاتێکدا کە جەستە پێویستی پێیانە، هەروەها یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی تووشبوون بە نەخۆشییە درێژخایەنەکانی وەک نەخۆشی دڵ و بۆرییەکانی هەناسەدان، شێرپەنجە، جۆرەکانی شەکرە و هەموو ئەو نەخۆشیانەی تر کە پەیوەندیدارن بە قەڵەوییەوە.

هۆکارەکانی تێکچوونی ڕێجیمێکی تەندروست

ناهاوسەنگی لە ژمارەی کالۆرییەکاندا

هەبوونی بڕێکی زۆر کالۆری یاخود بڕێک کەم کالۆری لە خواردنەکاندا دەبێتە هۆی پەیدابوونی ڕێجیمێکی ناتەندروست، بەگوێرەی زانیارییەکان ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی یان کێشی زیادەیان هەیە یان قەڵەون ئەمەش بەهۆی ئەوەی کە بڕێکی زۆر کالۆری لە خواردنەکانیاندا بەکاردەهێنن و ڕۆژانە بڕێکی زۆر کالۆری دەخۆن، هەروەها بێئاگان لەوەی کە ئەم ڕێژە بەرزەی کالۆری دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی چەندان کێشەی تەندروستی وەک نەخۆشی دڵ، بەرزی ڕێژەی کۆلیستڕۆڵ، شەکرە و چەند جۆرێکی نەخۆشی شێرپەنجە، بەڵام دەتوانیت مەترسییەکانی ئەم نەخۆشیانە کەم بکەیتەوە ئەویش لە ڕێگەی کۆنتڕۆڵکردن و گرتنەبەری چەند هەنگاوێکی دروست بۆ هاوسەنگ ڕاگرتنی ژمارەی کالۆرییەکان.

لەلایەکی ترەوە، ئەگەر بێت و جەستە وەک پێیویست کالۆری وەرنەگرێت بە مەبەستی ئەوەی ئەگەر کالۆری کەمتر بخۆیت کێشت دادەبەزێت، ئەوا دووبارە تووشی چەندان کێشەی تەندروستی دەبیت و بە هەمان شێوە جەستەت ئازار دەکێشێت، چونکە وەرنەگرتنی کالۆری بە شێوەیەکی پێویست دەبێتە هۆی لاوازبوونی ماسولکەکان، نەخۆشی دڵ و تەنانەت مردنیش.

چەوری زۆر

خۆراکە دەوڵەمەندەکان بە چەوری هۆکاری سەرەکین بۆ زیادبوونی مەترسییەکانی جەڵتە بەتایبەت جەڵتەی دڵ، خواردنی ئەو خۆراکانەی کە جۆرێکی دیاریکراو چەورییان تێدایە وەک خۆراکەکانی کەرێ، پەنیر، کرێم و چەوری گا دەبنە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی کۆلیستڕۆڵ و لە ئەنجامدا دەبنە هۆی دروستبوونی تۆپەڵە خوێن لەناو دەمارەکاندا، پاشان ئەو تۆپەڵە خوێنانە دەبنە هۆی داخستی بۆرییەکانی خوێن (خوێنهێنەر و خوێنبەر) و ناهڵێت خوێن بۆ بەشەکانی جەستە بگوازرێتەوە و لە ئەنجامدا دەبێتە هۆی دروستبوونی کێشە و گرفت لە دڵ و مێشکدا.

خواردنی بڕێکی زۆر شەکر

ڕژێمێکی خۆراک کە دەوڵەمەندبێت بە شەکر دەبێتە هۆی قەڵەوی و کێشە تەندروستییەکانی تر کە پەیوەندیدارن بە قەڵەوییەوە، هەروەها هۆکارێکی سەرەکییە بۆ تێکچوونی شێوازی ڕێجیمکردنەکەت، شەکر بڕێکی زۆر کالۆری دەدات بە جەستە و ڕێژەی خۆراکە ماددەکان کەمدەکاتەوە و هۆکارەکانی قەڵەوی و پەیدابوونی کێشی زیادە زیاددەکات.

ڕێجیمە باوەکان

ڕێجیمە باوەکان بریتین لەو پڕۆگرامانەی خۆراک کە دەوڵەمەندن بە سەوزە و میوە و بە شێوەیەکی زۆر خێرا کێشت دادەبەزێنن، بەڵام ئەم ڕێجیمانە زۆر ناتەندروستن و تەنها بۆ ماوەیەکی کەم کێش دادەبەزێنن هەر بۆیە شارەزایانی بواری شێوازی خۆراک ئامۆژگاری خەڵکی دەکەن کە دوور بکەونەوە لە هەموو جۆرەکانی ڕێجیمە باوەکان، چونکە ئەم ڕێجیمە مەترسیدارە بۆ جەستە و بە دەگمەن دەبێتە هۆی دابەزاندنی کێش بە شێوەیەکی هەمیشەیی، هەر بۆیە پێویستە لەم شێوازی ڕێجیمکردنە خۆت بە دوور بگریت و هەوڵبدە شێوازێکی خۆراکی دروست کە پێشتر تاقیکرابێتەوە لەگەڵ ئەنجامدانی ڕاهێنان پەیڕەوبکە.

کاریگەری و مەترسییەکانی ڕێجیمکردنی ناتەندروست

کاریگەرییەکانی ڕێجیمی ناتەندروست دەکرێت هەندێکجار لە گۆڕانکارییە جەستەییەکاندا دەربکەوێت، وەک زیپکە، زیادبوونی کێش و ئاوساوی جەستە، هەروەها خواردنە ناتەدروستەکانی وەک خواردنە خێراکان (Fast Food) دەبنە هۆی قەڵەوی و چەندین نەخۆشی دیکە، بەگوێرەی ناوەندی کۆنتڕۆڵکردنی نەخۆشییەکان، قەڵەوی و کێشی زیادە دەبنە هۆی زیادبوونی مەترسییەکانی شەکرە، نەخۆشی دڵ، پووکانەوەی ئێسک، و جەڵتە و چەندین نەخۆشی لەناکاوی تر، گۆڕانکارییە جەستەییەکان لە هەموو کەسێکدا ڕوونادات بەڵام ئەمە بەو واتەیە نایەت کە ئەو کەسە تەندروستی و شێوازی خۆراکەکەی تەندروستە، 

بە گشتی ڕێجیمکردنێکی ناتەندروست دەبێتە هۆی پەیدابوونی ئەم نەخۆشییانەی خوارەوە:

قەڵەوی

ڕێجیمی ناتەندروست یەکێکە لە گەورەترین هۆکارە یارمەتیدەرەکان لە هەبوونی کێشی زیادە یان قەڵەوی، ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی مەزەندەی ئەوە دەکات کە زیاتر لە 1 ملیار کەس لە جیهاندا کێشی زیادەیان هەیە، هۆکارەکەشی بۆ ئەو ڕێجیم و شێوازی خواردنانە دەگەڕێننەوە کە دەوڵەمەندن بە شەکر و چەوری تێرکراو، هەروەها ئاماژەشیان بەوە داوە کە خواردنی خۆراکە بەسوودەکانی وەک (سەوزە و میوەکان، دانەوێڵە، خۆراکی کەم شەکر، دووگ) دەبنە هۆی کەمبوونەوەی مەترسییەکانی قەڵەوی.

کەمیی خۆراکە ماددە

ڕێجیمە ناتەندروستەکان وزەیەکی زۆرت دەدەنێ بەڵام بە شێوازێکی هەڵە و لە ئەنجامدا جەستە خۆراکە ماددەی پێویست وەرناگرێت، بەو واتایەی خواردنەکان بڕێکی زۆر کالۆرییان تێدایە بەبێ ئەوەی ڤیتامین و کانزا و خۆراکە ماددە پێویستەکان بە جەستە ببەخشن. 

ڕێجیمە ناتەندروستەکان بە شێوەیەکی گشتی بڕێکی زۆر کەم لە دژە ئۆکسانەکان و ڤیتامینەکانی تێدایە کە یارمەتی بەهێزبوونی کۆئەندامی بەرگری دەدەن، هەروەها ماددەی ئاسن بەگوێرەی پێویست بە جەستە ناگات و بەو هۆیەشەوە خەڵکی تووشی کەمخەوی دەبێت.


نەخۆشییەکانی تر

  • ڕێجیمی ناتەندروست سەرچاوەی زۆرینەی نەخۆشییەکانە وەک نەخۆشییەکانی (دڵ، شەکرە، شێرپەنجە) و چەندین نەخۆشی تر کە هۆکاری سەرەکی مردنن.
  • خۆراکە دەوڵەمەندەکان بە چەوری دەبنە هۆی داخرانی لوولەکانی خوێن و پاشان دەبنە هۆی جەڵتەی دڵ.
  • هەروەها ئەو خۆراکانەی دەوڵەمەندن بە شەکر دەبنە هۆی سەرهەڵدانی نەخۆشی شەکرە.
  • هەروەها کەمی ڤیتامینەکانی وەک (ئەی و سی) دەبنە هۆی پەکخستی کۆئەندامی بەرگری و بەمەش جەستە لاوازتر دەبێت و ئەگەری تووشبوونی بە نەخۆشییە ڤایرۆسییەکان زیاتر دەبێت.
  • هەروها کەمی کالسیۆمیش دەبێتە هۆی لاوازبوونی ئێسکەکان و پووکانەوەیان.


سەرچاوەکان



330 بینین