نەخۆشی کەڕوویی (کاندیدیاسس)

له‌لایه‌ن: - ئاکام ئەکرەم - به‌روار: 2021-02-21-20:32:00 - کۆدی بابەت: 2485
نەخۆشی کەڕوویی (کاندیدیاسس)

ناوه‌ڕۆك

نەخۆشی کەڕوویی (کاندیدیاسس)

هۆکاری ئەم جۆرە نەخۆشییە جۆرێ زیندەوەری مایکرۆسکۆپی یە کە ئاسایی لە دەمی زۆربەی کەسە ساغەکانیشدا هەیە، کاتێک بەهۆی کاریگەری هەندێ هۆکاری جیاواز یان گۆڕانی باری ناو دەم ژمارەی ئەم جۆرە زیندەوەرانە زیاد دەکاد ئەم جۆرە نەخۆشییە دەردەکەوێت.

هۆکار 

هەندێ هۆکار ڕێخۆشکەر دەبن بۆ پەیدابوونی ئەم نەخۆشییە:

  1. بەکارهێنانی دەرمانی دژە زیندەیی بەهێز (Anti biotic).
  2. بەکار‌هێنانی لەڕادەبەدەری گیراوەی ناودەم شۆردن دژی میکرۆبن.
  3. وشکی ناو دەم.
  4. تاقمی ددانی دەستکردن وە ئەو تەل و شتومەکانەی لە ددان ڕاستکردنەوەدا بەکاردێن.
  5. کێشانی جگەرەی لەڕادەبەدەر.
  6. بەکارهێنانی ماددەی کوارەنتی.
  7. تیشکی لێکس کە بەکاردێت بۆ چارەسەر لە ناوچەی سەر و مل.
  8. جۆرەکانی نەخۆشییە لاواز کەرەکان وەک (شەکرە، شێرپەنجەی خوێن، کەم خوێنی).
  9. لاواز بوونی کۆئەندامی بەرگری لەش 

ئەم نەخۆشییە لە تازە بووەکان و بەساڵاچووەکاندا زیاترە و پەرەدەسێنێ، هەروەها لە کاتی سکپڕیدا ئەگەری دەرکەوتنی ئەم جۆرە نەخۆشییە زیاتر دەبێت.

جۆرەکانی نەخۆشی کەڕووی (کاندیدیاسس)

نەخۆشی کەڕوویی کاندیدیاسس لە ناو شانەکانی دەمدا بە چەند جۆری جیاواز دەردەکەوێت کە بریتین لە:

بۆقژە Thrush

نەخۆشی بۆقژە بە شێوەی پەڵەی سپی لە تەنیشت یەک یان بڵاو لە شوێنی جیاوازی ناو دەمدا دەردەکەوێت و ئازاریان نییە، ئەم پەڵانە بە توندی بە شانەی ژێر خۆیانەوە نەنوساون، لەبەر ئەوە بە ئاسانی دەتوانرێت ڕابماڵرێت.
دوای لابردنی ئەم پەڵە سپیانە شانەیەکی بەرزەوە بوو یان هەندێ جار برینێکی نیمچە قووڵ دەبینرێ. لە منداڵە شیرەخۆرەکاندا ئەم نەخۆشییە زیاتر دەردەکەوێت. هەرچەند هیچ گرفتێک بۆ منداڵ دروست ناکات، بەڵام چاکتر وایە منداڵەکان ببەین بۆ لای پزیشکی پسپۆڕی منداڵان تاوەکو ئەگەر پێویست بکات دەرمانی چارەسەری بۆ بنوسرێت.
لە ڕابردوودا وا بیریان دەکردەوە کە هەوکردن بەهۆی کەڕوی کاندیدیاسس تەنها بە شێوەی بۆقژە دەردەکەوێت بەڵام ئەمڕۆ شێوەی تری ئەم نەخۆشییە دۆزراوەتەوە کە لە خوارەوە باسیان دەکەین:

نەخۆشی کەڕووی پوکانەوەی لەپڕ (Acute Candidial Atrophy)

(بچووک بوونەوەی شانەیەک بەهۆی بچووک بوونەوەی خانەکانی یان کەم بوونەوەی ژمارەی خانەکانی کە پێی دەوترێ پوکانەوە Atrophy)
ئەم نەخۆشییە زیاتر لە کەسانێکدا دەبینرێ دژە زیندەگی (Antibiotic)ـی بەهێز بەکار دەهێنن. ئەم حاڵەتە پێچەوانەی بۆقژەیە کە برینە بنکەیەکی سپی ڕەنگی هەیە، شانەی توشبوو هەو (سۆ) دەکات و سوور دەبێتەوە و ئازارێکی بەهێزی دەبێت. زۆربەی کات زمان تووشی ئەم نەخۆشییە ئەبێت کە سوتانەوەی زمانی لەگەڵدایە، بەکارهێنانی گیراوەی دەم شۆری دژە میکرۆب بە ڕێژەیەکی زۆر ئەم نەخۆشیەی دروست ئەکات.

نەخۆشی کەڕوویی هایپەر پلاستیکی درێژخایەن (Leukoplachia)

ئەم جۆرە نەخۆشییە وەک بۆقژە بنکەی برینەکەی سپی یە، بەڵام بە ئاسانی بەهۆی ماڵینەوە بە هەر شتێک لاناچێت لەبەر ئەوەی گەورەیە. ئەم نەخۆشییە زۆرتر لەو کەسانەدا دەبینرێ کە تێکچوونی کۆئەندامی بەرگری یان هۆرمۆنیان هەیە.
هەست کردن بە سوتانەوە و کزانەوە، بۆنی ناخۆشی ناودەم لە زۆربەی ئەو کەسانەدا کە تووشی ئەم نەخۆشی یە بوون دەبێت. جگەرە کێشانی لەڕادە بەدەر هۆکارێکی تەشەنە سەندنی ئەم نەخۆشییەیە.

نەخۆشی کەڕوویی پوکانەوە درێژخایەن

ئەم نەخۆشییە بە شێوەی پارچە شانەی هەوکردووی بڵاو لە ناو شانەی دەمی نەخۆشدا کە ددانی دەستکردیان هەیە (تاقمی تەواو یان نیوە تاقم) دەبینرێت. نەخۆشییەکە زیاتر لە شەویلگەی سەرەوەدا دەبینرێ، لەوانەیە قڵیشانی گۆشەکانی لێوەی لەگەڵدا بێت. لەوانەیە ئەم نەخۆشییە بۆ ماوەی چەند ساڵێک لە ژێر ددانە دەستکردەکاندا (تاقم) بێت و هیچ کاریگەرییەکی خراپی بۆ نەخۆشییەکە نەبێت. هەندێ جار نەخۆشەکە ئازار و کزانەوەی دەبێت و سەردانی پزیشکی دەم و ددان دەکات. ئەم نەخۆشییە زۆربەی جار بەهۆی ڕانەگرتنی پاکوخاوێنی دەم و ددان و تاقمەکەوە دەبێت یان شلبوونی تاقمەکانەوە دەبێت، هەندێ لە پزیشکە لێکۆڵەرەوەکان کەمبوونی ڤیتامین بی (Vit. B)  بە هۆکارێکی تری ئەم نەخۆشییە دەزانن.

چارەسەر

چارەسەری هەموو جۆرەکانی ئەم نەخۆشییە بریتییە لە بەکارهێنانی دەرمانی دژە کەڕوو کە بە شێوەی بەرهەمی جیاواز هەیە وەک (قەترە، حەب، کرێم، مەڵهەم) بەکار دەهێنرێن لە ژێر ڕێنمایی پزیشک یان پزیشکی دداندا.


سەرچاوەکان



1886 بینین