پشکنینی ئەرکەکانی جگەر

له‌لایه‌ن: - ئەنەس جومعە - به‌روار: 2021-08-03-21:15:00 - کۆدی بابەت: 6155
پشکنینی ئەرکەکانی جگەر

ناوه‌ڕۆك

ئەرکەکانی جگەر

جگەر ئەندامێکە لە ئەندامە گەورەکانی جەستە کە ڕەنگێکی قاوەیی مەیلەو سووری هەیە و دەکەوێتە بەشی لای ڕاستی سکەوە، کێشی جگەر نزیکەی ١,٣٦ کگم، پاڵاوتنی خوێنی هاتوو لە کۆئەندامی هەرسەوە بەر لە گەیشتن بە بەشەکانی تری جەستە بە یەکێک لە ئەرکە سەرەکییەکانی جگەر دادەنرێت، وێڕای چەندین ئەرکی تری جگەر وەکوو: لابردنی ژەهری ماددە کیمیاییەکان، هەروەها کردە زیندەییەکانی ئەو دەرمانانەی دەچنە جەستەوە، هەروەها جگەر زەرداو دەردەدات کە دەچێتە ڕیخۆڵەکانەوە، هەروەها جگەر پڕۆتینی گرنگی تایبەت بە مەیینی خوێن دروست دەکات و هەروەها چەندین ئەرکی تریشی هەیە. 

پشکنینی ئەرکەکانی جگەر

پشکنینەکانی جگەر بریتین لە کۆمەڵێک پشکنینی خوێن کە بەکاردێت بۆ دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکانی جگەر و ئەو کێشانەی ڕووبەڕووی دەبنەوە، کە لەم پشکنینەدا ئاستی هەندێک ئەنزیم و پڕۆتینی ناو دەپێورێت، کە ئەم پشکنینانە ئاستی کارکردنی جگەر و ئەنجامدانی ئەرکەکانی بە باشی هەڵدەسەنگێنێت کە خۆی لە بەرهەمهێنانی پڕۆتیندا دەبینێتەوە، هەروەها پاککردنەوەی بیلوروبین، بەڵام پشکنینی ئەرکەکانی تری جگەر کاردەکات بۆ پێوانەی ئاستی ئەو ئەنزیمانەی جگەر دەریدەکات وەکوو دەرئەنجامی تێکچوون و نەخۆش کەوتنی جگەر. 

پشکنینی توانای جگەر بۆ دروستکردن

دەکرێت پشکنینی ئەلبۆمین ئەنجامبدرێت، هەروەها پشکنینی کاتی مەیینی خوێن بۆ پێوانەت توانای بەرهەمهێنانی جگەر، کە ئەلبۆمین یەکێکە لەو پڕۆتینانەی کە جگەر دروستی دەکات و بەرزبوونەوەی ئاستی ئەم پڕۆتینە نیشانەی پەککەوتنی جگەرە، لەکاتێکدا پشکنینی کاتی مەیین پێوانەی کاتی پێویستە بۆ ڕوودانی خوێن مەیین، بەرزبوونەوەشی هێمای تێکچوون و کێشەی جگەرە. 

پشکنینی ئەنزیمەکانی جگەر

جگەر چەندین پڕۆتین دەردەدات لە ئەنجامی نەخۆش کەوتنیدا، هەروەها دەکرێت پشکنینی ئەنزیمەکان و ئاستیان بپێورێت بۆ دڵنیابوونەوە لە تەندروستی جگەر، لە گرنگترین ئەو ئەنزیمانەی جگەر کە دەکرێت پشکنینیان بۆ بکرێت بریتین لە: 

- پشکنینی ئالانین ئەمینۆ ترانسفێرەیس ALT: یەکێکە لە پڕۆتینە گرنگەکان لە کردەی میتابۆلیزمی پڕۆتین، کە جگەر بڕێکی زۆری ئەم ئەنزیمە دەردەدات بۆ ناو خوێن لە ئەنجامی ئەو تێکچوون و کێشە جیاوازانەی توشی جگەر دەبن، ئەم ئەنزیمە ئەنزیمێکی تایبەتە بە جگەر. 

- پشکنینی ئەسپارتەیت ئەمینۆ ترانسفێرارەیز AST: ئەنزیمێکە لە چەند بەشێکی جەستەدا هەیە، لەوانەش: دڵ و جگەر و ماسولکەکان، زۆرجار پشکنینی ئەم ئەنزیمە بۆ دڵنیابوونەوەیە لە هەبوونی پەککەوتن و کێشەی تری جگەر، بەڵام ئەم ئەنزیمە وەکوو ئالانین ئەمینۆ ترانسفێرەیز تایبەت نییە بە جگەر.

- پێوانەی فۆسفەتەیزی تفت ALP: ئەنزیمێکە لە بەشێکی زۆری جەستدا هەیە وەکوو ئێسک و ڕێڕەوەکانی زراو و جگەر، زۆرجار داواکردنی ئەم پشکنینە هاوشانی پشکنینەکانی تر دەبێت، ئاستی بەریز ئەم ئەنزیمە نیشانەی هەوکردنی جگەر یان داخرانی ڕێڕەوی زراو یان نەخۆشکەوتنی ئێسکەکانە.

- گاما گلوتامیل ترانسفیرەیز GGT: ئەنزیمێکە لە خوێندا، بەرزبوونەوەی ئاستی ئەم ئەنزیمەش ئاماژەیە بۆ پەککەوتنی جگەر یان داخرانی ڕێڕەوی زراو. 

- ئەنزیمی هایدرۆجین لابەرەی لاکتەیت LD: ئەنزیمێکە لە جگەردا هەیە، بەرزبوونەوەی ئاستی هێمای پەککەوتنی جگەرە، بەڵام دەکرێت لە کۆمەڵێک نەخۆشی تریشدا ئاستی ئەنزیمەکە بەرز ببێتەوە. 

پشکنینی توانای جگەر بۆ دەرکردن

پشکنینی بیلوروبین ئەنجامدەدرێت "کە ماددەیەکە لە ئەنجامی تێکشکانی خڕۆکە سوورەکانی خوێن پەیدا دەبێت" بۆ پشکنینی توانای جگەر بۆ دەرکردن، بەرزبوونەوەی ئاستی بیلوروبین ئاماژەیە بۆ پەککەوتنی جگەر یان چەند جۆرێژی کەمخوێنی، هەروەها دەکرێت ماددەی پرۆمسلفین بەکاربهێنرێت بۆ پێوانەی توانای دەرکردنی جگەر، کە لە خوێنهینەرێکدا دەچینرێت و پاشان تێکڕای دیارنەمانی لە خوێندا پاش ماوەیەکی دیاریکراو دەپێورێت پاش چاندنی، کە ئەم پشکنینە دەرئەنجامی زۆر باشی پیشانداوە لە ئەمریکا کە دەرکەوتووە پشکنینێکی هەستیار و تایبەتمەندە بۆ نەخۆشییە قورس و دریژخایەنەکانی جگەر، بەڵام گونجاو نییە بۆ بەکارهێنان لە حاڵەتەکانی توشبوون بە زەردوویی داخرانیی.


سەرچاوەکان



1752 بینین