ناوهڕۆك
ناساندن
ئەم پشکنینە پێوانی بڕی ALPـیە لە خوێن دا ALP یان phosphatase Alkaline بریتییە لە ئەنزیمێک کە لە لەشماندا هەیە، بەڵام بەزۆری لە جگەر و ئێسک و گورچیلەکان و سیستمی هەرسکردن بوونی هەیە، کاتێک جگەر زیانی بەربکەوێت یان بە باشی فرمانەکانی ئەنجام نەدات ئەوا ئەم ئەنزیمە (ALP) دەچێتە ناو خوێنەوە، بۆیە بەرزی ڕێژەی (ALP) لە پشکنینی خوێندا دەرخەری نەخۆشییەکانی جگەر یان ئێسکە.
نیشانەکانی بوونی کێشە لە ڕێژەی ئەم ئەنزیمە لە جگەر
بۆیە لەکاتێک نیشانەکانی نەخۆشی جگەر و ئێسک دەرکەوت ئەوا وا پێویستە ئەم پشکنینە ئەنجام بدرێت، نیشانەکانیش بەم شێوەیەن نیشانەکانی نەخۆشی جگەر بریتیین لە:
- زەردوویی، حاڵەتێکە نەخۆشەکە ڕەنگی پێست و چاوی بەرەو زەردبوون دەڕوات.
- لاوازی و کەم توانایی.
- کەمبوونەوەی کێش.
- نەمانی ئارەزووی خواردن.
- گۆڕان و تاریکبوونی ڕەنگی میز.
- گۆڕان و زەردباوبوونی ڕەنگی پیسایی.
نیشانەکانی نەخۆشییەکانی ئێسک
بریتین لە:
- بوونی ئازار لە ئێسک یان جوومگەکان.
- گەورەبوون یان نائاسایی بوونی شێوەی ئێسکەکان.
- زیادبوون و دووبارەبوونەوەی شکانی ئێسک بەبێ هۆکار.
بەرزی ڕێژەی ALP لە پشکنین دەرخەری یەکێک لەم حاڵەتانەیە لە جگەردا وەک:
- نەخۆشی جگەر جۆری Cirrhosis
- هەوکردنی جگەر
- بلۆک بوون یان گیرانی ڕێڕەوی شلەی بایل (blockage duct Bile)
- حاڵەتی Mononucleosis کە هەندێکجار جگەر دەئاوسێت.
هەروەها لەگەڵ ئەم پشکنینە چەند جۆرێکی تری پشکنین هەیە کە ئەنجام دەدرێت بۆ هەڵسەنگاندنی تەندروستی و فرمانی جگەر، ئەو پشکنینانە بریتین لە بیلیروبین (Bilirubin) وAST و ALT.
ئەگەر ئەنجامی ئەم پشکنینانە ئاسایی بوون بەڵام ڕێژەی ALP بەرز بوو ئەوا ئەگەری بوونی نەخۆشی لە جگەردا نییە ، بەڵکوو دەکرێت پەیوەندی بە تێکچوون و نەخۆشییەکانی ئێسکەوە هەبێت، وەک نەخۆشی Paget ئەم حاڵەتە دەبێتە هۆی لاوازبوون یان گەورەبوونی نائاسایی و زوو شکان.
کەمی لەڕێژەی ئەم پشکنینە ALP ئەوا نیشانەی کەمی فۆسفاتە یان هەندێ نەخۆشی بۆماوەیی کە کاربکاتە سەر ئێسک و ددانەکان، هەروەها کەمی لە ڕێژەی ALP لەوانەیە هۆکاری کەمی ماددەی زینگ بێت یان خراپی سیستمی خۆراکی و خراپ خۆری بێت.
ڕێژەی ئاسایی ئەم پشکنینە:
(140-20 IU/L)
لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا لە هەندێ حاڵەتدا ڕێژەی ئەم پشکنینە (ALP) ئەگۆڕێت، بۆ نموونە لە کاتی دووگیانیدا زۆرجار ڕێژەی ئەم پشکنینە بەرزە، یان لە منداڵاندا بەرزە چونکە ئێسکەکانیان لە گەشەدان، بەڵام بەکارهێنانی حەبی مەنع لەوانەیە ببێتە هۆی کەمی لە ڕێژەی ئەم پشکنینە.