پشکنینی ALT

له‌لایه‌ن: - شارا نەوزاد شارا نەوزاد - به‌روار: 2024-07-15-15:52:00 - کۆدی بابەت: 12496
پشکنینی ALT

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

پشکنینی ALT لە خوێندا (بە ئینگلیزی: ALT testing in the blood، بە عەرەبی: اختبار ALT في الدم) کورتکراوەی ALT ئاماژەیە بۆ ئەنزیمی ئەلانین ئەمینۆترانسفیرەیس کە بە سیرۆم گلوتامیک-پیرۆڤیک ترانسئەماینەز (SGPT) ناسراوە و بە یەکێک لە پشکنینە سەرەکییەکانی ئەنزیمەکانی جگەر دادەنرێت، پشکنینەکە پێوانەی ئاستی ALT لە خوێندا دەکات.

ڕێژەی ئاسایی شیکاری ALT لە خوێندا

ئەم لیستەی خوارەوە مەودای ئاسایی بۆ ئاستی ALT لە خوێندا نیشان دەدات، بەپێی کۆلێژی ئەمریکی بۆ گەدە و ڕیخۆڵە: 

بۆ پیاوان ٣٣ بۆ ٢٩ IU/L

بۆ ئافرەتان ٢٥ بۆ ١٩ IU/L

ڕێژەی نائاسایی پشکنینی ALT لە خوێندا

هەوکردن یان تێکچوونی جگەر لەوانەیە ببێتە هۆی ئەوەی کە ALT بچێتە ناو خوێنەوە و بەم شێوەیە ئاستی بەرزبێتەوە بەڵام ڕەنگە هەندێک جار ڕێژەی سەدی ئاستی ALT لە خوێندا کەم ببێتەوە لە خوارەوە هەندێک لە هۆکارەکانی کەم یان بەرزی ئاستی لە خوێندا دەخەینەڕوو:

شیکاری ALT کەمتر لە ئاستی ئاسایی

ئاستی ئەنزیمی ALT لە خوێندا بە نزم دادەنرێت ئەگەر کەمتر بێت لە ٧ یەکە/لیتر. هەرچەندە کەمبوونەوەی دەگمەنە، بەڵام چەند هۆکارێک هەیە کە ڕەنگە ببێتە هۆی کەمبوونەوەی ئاستی، وەک: 

  • هەوکردنی بۆری میز.
  • بەدخۆراکی.

شیکاری ALT لە ئاستی ئاسایی بەرزترە

ئەنزیمەکەی ALT بە بەرزبووەوە دادەنرێت ئەگەر خوێندنەوەکە زیاتر بێت لەو ڕێژەیە ئاساییەی کە لە سەرەتای بابەتەکەدا ئاماژەی پێکراوە (هەروەها بەپێی ڕەگەزەکەی ڕێژەی بەرزبوونەوەی ئەنزیمەکە لە خوێندا بەپێی هۆکارەکان دەگۆڕێت).

هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی ئاستی ALT

هۆکارەکانی زیادبوونی کەمی ئاستی ALT

لە هۆکارەکانی کەمێک بەرزبوونەوەی ئاستی ئەنزیمەکان ئەمانەن: 

  • مەیخواردنەوە.
  • نەخۆشی بەڕیشاڵبوونی جگەر.
  • تاکگەردیلەیی.
  • خواردنی هەندێک دەرمان وەک ئەسپرین و ستاتین و هەندێک جۆری دەرمان کە یارمەتی خەوتن دەدەن.

هۆکارەکانی زیادبوونی مامناوەندی ئاستی ALT

هۆکارەکانی زیادبوونی مامناوەندی ئاستی ئەنزیمەکان بریتین لەمانەی خوارەوە: 

  • نەخۆشی درێژخایەنی جگەر.
  • مەیخواردنەوە.
  • نەخۆشی بەڕیشاڵبوونی جگەر.
  • گیرانی بۆری زەرداو.
  • تێکچوونی گورچیلە.
  • برینداربوونی ماسولکەکان.
  • زیانگەیاندن بە خڕۆکە سوورەکانی خوێن.
  • خۆر لێدان.
  • زیادبوونی ئاستی ڤیتامین A.

هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی توندی ئاستی ئەنزیمەکانی ALT لە خوێندا

لە هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی توندی ئاستی ئەنزیمەکان ئەمانەن: 

  • هەوکردنی توندی جگەری ڤایرۆسی.
  • خواردنی زیادەڕۆیی لە دەرمانەکانی وەک ئەسیتامینۆفین یان پاراسیتامۆڵ.
  • شێرپەنجەی جگەر.
  • هەوکردنی خوێن.

کەی پزیشک داوای پشکنینی ALT دەکات؟

بۆ دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکانی جگەر

ئەم شیکارییە بڕی یان ڕێژەی سەدی زیانەکانی جگەر دیاری ناکات، بەڵام دەتوانرێت لەگەڵ پشکنینەکانی تری جگەر بەکاربهێنرێت بۆ دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکانی جگەر، بەتایبەتی ئەگەر هەندێک نیشانە دەربکەون کە ئاماژەن بۆ بوونی کێشەکانی جگەر، کە بریتین لە:

  • زەردوویی، واتە زەردبوونی دەم و چاو.
  • سکچوون.
  • ڕشانەوە.
  • ئازاری سک.
  • میزی ڕەنگی تۆخ دەردەکەوێت.

بۆ زوو دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکانی جگەر

ڕەنگە داوای پشکنینی ALT بکرێت وەک بەشێک لە پشکنینی ڕۆتینی بۆ پشکنینی کارکردنی جگەر، بە تایبەت لەو کەسانەی کە هۆکاری مەترسییان بۆ نەخۆشی جگەر هەیە، کە ئەمانەی خوارەوە لەخۆدەگرن:

  • مێژووی خێزانی بۆ نەخۆشی جگەر.
  • زیادەڕۆیی لە بەکارهێنانی کحول.
  • قەڵەوی.
  • نەخۆشی شەکرە.
  • مەترسی تووشبوون بە هەوکردنی جگەر.
  • خواردنی هەندێک دەرمان.

بۆ چاودێریکردنی پێشکەوتنی نەخۆشی جگەر

شیکاری ALT بۆ چاودێریکردنی گەشەکردنی نەخۆشی جگەر ئەنجام دەدرێت، هەروەها بەکاردێت بۆ چاودێریکردنی کاریگەرییە لاوەکییەکانی ئەو دەرمانانەی کە دەتوانن کاریگەرییان لەسەر تەندروستی و کارکردنی جگەر هەبێت.

پوختەی بابەت

پشکنینی ALT بۆ پێوانەکردنی ئاستی ئەنزیمەکانی ALT لە خوێندا بەکاردێت. زۆر هۆکار هەیە بۆ بەرزبوونەوە و نزمبوونەوەی ئاستی ئەم ئەنزیمە. زۆربەیان بەهۆی کێشەی تەندروستی یان خواردنی دەرمانی تایبەتەوەن و دەکرێت پزیشک داوای پشکنینی ئەنزیمەکانی ALT بکات بە هاوبەشی لەگەڵ پشکنینەکانی تری ئەنزیمەکانی جگەر بۆ دەستنیشانکردنی نەخۆشیەکانی جگەر و دیاریکردنی ڕادەی ئەو زیانانەی کە ڕوودەدەن، یان وەک پشکنینی ڕۆتینی بۆ زوو دەستنیشانکردن لە نەخۆشیەکانی جگەر، یان بۆ بەدواداچوون بۆ گەشەکردنی نەخۆشیەکانی جگەر، ئەگەر هەبێت.


سەرچاوەکان



122 بینین