تەسکی ملی منداڵدان

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2022-01-25-10:49:00 - کۆدی بابەت: 7698
تەسکی ملی منداڵدان

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

ملی منداڵدان تەختترین بەشی منداڵدانە کە بەستراوە بە بەشی سەرەوەی زێ و پێی دەوترێت ملی منداڵدان، بوونی هەر کێشەیەک لە ملی منداڵداندا دەتوانێت توانای ژنەکە بخاتە ژێر مەترسییەوە بۆ دووگیانی، تەسکی ملی منداڵدان (بە ئینگلیزی: cervical stenosis) یەکێکە لە نەخۆشییە ناشێرپەنجەییەکانی ملی منداڵدان، کە ملی منداڵدان بەهۆی چڵک و خوێنەوە تەسک دەبێتەوە و لە هەندێک حاڵەتی دەگمەندا لەوانەیە ملی منداڵدان بەتەواوی ببەسترێت، ئەگەر ئەم کێشەیە لە ژنێکدا ڕووبدات کە نەکەوتبێتە تەمەنی نائومێدی ئەوا کێشەی بۆ دروست دەبێت لە سوڕی مانگانەیدا، کە دەکرێت ببێتە هۆی نەمانی سوڕی مانگانە یاخود سوڕی مانگانەی توند و بەئازار و هەروەها ئیتر سپێرم ناتوانێت بگات بە هێلکە و نەزۆکی ڕوودەدات، کاتێک ملی منداڵدان داخراوە و خوێن لە ناو منداڵداندا کۆبووەتەوە، لەم کاتەدا خوێن و خانە لێکچووەکان دەگەڕێنەوە بۆ ناوچەی حەوز و بەشانەبوونی دەرەوەی منداڵدان ڕوودەدات، هەروەها لەوانەیە لە ناوەوەی منداڵدان چڵک کۆببێتەوە و بەمەش منداڵدان دەردەپەڕێت و وەک و گرێیەکی لێ دێت.

نیشانەکان

  • سوڕی مانگانەی توند
  • سوڕی مانگانەی درێژخایەن
  • نەمان یاخود وەستانی سوڕی مانگانە لە کاتێکدا کە بەتەواوی ملی منداڵدان بەسترابێت

هۆکارەکان

  • نموونە وەرگرتن لە شلەی ملی منداڵدان: ڕێگایەکە بۆ دیاریکردن و چارەسەری شێرپەنجە بۆ لابردنی بەشێک لە ملی منداڵدان کاتێک کە شێرپەنجەکە تەشەنەی سەندبێت.
  • چارەسەر بە ساردکەرەوه - Cryotherapy: ئەنجامدانی نەشتەرکاری بەستنی ملی منداڵدان، ئەم ڕێگایە بەکاردێت بۆ کەمکردنەوەی ئەگەری منداڵبوونی پێش وەختە، کە تێیدا ملی منداڵدان دەدورێتەوە.
  • هەر جۆرە نەشتەرکارییەک کە لە ملی منداڵداندا کرابێت.
  • تووشبوونە میکرۆبی درێژخایەنی زێ.
  • نەخۆش کەوتن بەهۆی بەرکەوتنی تیشکەوە (بە ئینگلیزی: Radiation Sickness)
  • پووکانەوەی ملی منداڵدان دوای تەمەنی نائومێدی
  • کۆنیشانەی برین لە دیواری منداڵداندا (Asherman syndrome)
  • شێرپەنجەی ملی منداڵدان یاخود بەشانەبوونی دەرەوەی منداڵدان
  • بۆماوەیی، واتە کەسەکە خۆی بە ملی منداڵدانێکی تەسکەوە لەدایک بووە
  • تووشبوونی میکرۆبی منداڵدان یان ملی منداڵدان
  • تووشبوونی میکرۆبی بەردەوامی زێ
  • تەمەنی نائومێدی

تەسکی ملی منداڵدان چۆن کار دەکاتە سەر توانای منداڵبوون؟

ئەم نەخۆشییە چی بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ کاریگەری خراپ دەخاتە سەر توانای منداڵبوون کە ئەمانەن:

  • گیرانی ڕێڕەوی تێپەڕبوونی سپێرم

  • کاتێک ملی منداڵدان بچووک و تەسک دەبێتەوە سپێرم ناتوانێت خۆی بگەیەنێت بە جۆگەکانی فالووپ و لەوێ هێلکەکە بپیتێنێت.

ئاوسانی منداڵدان 

لەوانەیە لە حاڵەتی زۆر قورسدا خوێنبەربوونی سوڕی مانگانە بەتەواوی ببەسترێت، هەر کاتێک خوێن نەیتوانی بەباشی لە ملی منداڵدانەوە تێپەڕێت ئەوا منداڵدان پڕ دەبێت لە خوێن و هەڵئاوسان و ئازار دروست دەبێت کە دەبێتە هۆی کۆبوونەوەی خوێن، ئەگەر تووشبوونی میکرۆبی ڕووبدات ئەوا ناو منداڵدان دەبێتە کێمێک و پیس دەبێت و ئەمە ناو دەبرێت بە تووشبوونی میکرۆبی منداڵدان، تەنانەت ئەگەر ملی منداڵدانیش کەمێک کراوە بێت و خوێن بتوانێت بچێتە دەرەوە، لەوانەیە خوێنی سوڕی مانگانە لە جۆگەکانی فالووپەوە بگەڕێتەوە و ئەمە دەبێتە هۆی زیان گەیاندن بە دیواری ناوەوەی منداڵدان.

کەمبوونەوەی شلەی ملی منداڵدان

نەخۆشی ملی منداڵدان بەهۆی برینداربوونی شانەوە دروست دەبێت، شانەی برینداربوو دەبێتە هۆی دروستبوونی کێشە لە شلەی ملی منداڵداندا، و هەندێک کات دەبێتە هۆی دروستبوونی کەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی شلەی ملی منداڵدان، ئەگەریش شلەی پێویست نەبێت لە ملی منداڵداندا سپێرم ناتوانێت بەباشی مەلە بکات و بگاتە هێلکە.

زیادبوونی مەترسی لەبارچوون و منداڵبوونی پێش وەختە

چارەسەری نەخۆشی تەسکی ملی منداڵدان دەبێتە هۆی لاوازبوونی ملی منداڵدان یان زیان گەیاندن بە شانەکان، لە ئەنجامدا لەوانەیە بببێتە هۆی دروستبوونی مەترسی لەسەر توانی منداڵبوون وەک لەبارچوون و منداڵبوونی پێش وەختە.

دیاریکردن

دانانی میلەیەکی پزیشکی (Probe) کە بەکاردێت بۆ دیاریکردنی بڕی تەسکی ملی منداڵدان، ئەگەر لەم حاڵەتەدا هیچ دەستکەوتێک نەبوو ئەوا پزیشک پشکنینی پاپ سمیر دەکات کە پشکنینێکە لەڕێیەوە خانەکانی ملی منداڵدان کۆدەکرێتەوە و دەنێردرێن بۆ پشکنین.

چارەسەر

ئەگەر تەسکی ملی منداڵدان هیچ نیشانەیەکی نەبوو پێویست بە چارەسەر ناکات، مەگەر ئەوەی کە شێرپەنجەیی بێت، ئەگەریش نیشانەی هەبوو و مەترسیدار بوو پێویست بە چارەسەر دەکات ئەویش بە فراوانکردنی ملی منداڵدان هەنگاو بە هەنگاو کە چارەسەرەکە بە دانانی (Stent) کە لولەیەکی شەبەکەیی دەستکردی کانزاییە لەناو ملی منداڵداندا و ٤ بۆ ٦ ڕۆژ لەوێدا دەمێنێتەوە، دەبێت سۆنەر بکرێت بۆ نەخۆشەکە تاکوو دڵنیاببیتەوە لەوەی کە ستێنتەکە بەباشی جێی خۆی گرتووە یاخود نا، ئەمە وادەکات کە ملی منداڵدان فراوان ببێت و تەسکییەکەی نەمێنێت و لە ئەنجامدا خانمەکە بتوانێت بگەڕێتەوە باری ئاسایی خۆی و بتوانێت منداڵی ببێت.


سەرچاوەکان



1948 بینین