فریاگوزاری سەرەتایی بۆ نەوت خواردنەوەی منداڵ

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار مونا ڕزگار - به‌روار: 2022-05-28-21:29:00 - کۆدی بابەت: 8823
فریاگوزاری سەرەتایی بۆ نەوت خواردنەوەی منداڵ

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

نەوت ( بە ئینگلیزی: Petroleum یان Kerosene) سووتەمەنییەکی شلە و لە ناوجەرگەی زەوی دەردەهێنرێت. لە زۆر کۆنەوە مرۆڤ بۆ مەبەستی جیاواز بەکاری هێناوە و سوودی لێ بینیووە، لە هەمان کاتتدا ماددەیەکی زیانبەخشە و دەبێت وریای بەکارهێنانی بیت.
لەبەرئەوەی نەوت وەک ئاو ماددەیەکی شلە قوورسە منداڵان بتوانن جیاوازی بکەن لەنێوان ئاو و نەوتدا بۆیە حاڵەتی خواردنەوەی نەوت لەناو منداڵاندا زۆر باوە و مەترسیداریشە. منداڵان بەهۆی حەزیان بۆ تاقیکردنەوەی شتە تازەکان زۆرجار تووشی خواردنەوەی نەوت دەبنەوە، یاخود لە سەیرانەکاندا بەهۆی ئەوەی نەوت دەکرێتە دەبەی ئاوەوە زۆرینەی منداڵان به ئاو تێدەگەن و دەیخۆنەوە. خواردنەوەی نەوت مەترسیدارە و پێویستی بە چارەسەری خێرایە.

نیشانەکانی خواردنەوەی نەوت

بەم نیشانانەدا دەتوانیت بزانیت منداڵەکەت نەوتی خواردووەتەوە:

  • کۆکەی توند
  • هەناسەتووندی
  • دڵتێکچوون و ڕشانەوە
  • لەدەستدانی هۆشیاری و بوورانەوە
  • بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لەش
  • دەم و دەستی منداڵەکە بۆنی نەوتی لێ دێت
  • ٪٥٠ـی حاڵەتەکانیش ئازاری توندی سکییان لەگەڵدایە

فریاگوزاری سەرەتایی

  1. یەکەمین هەنگاو لابردنی نەوتەکە و  دوورخستنەوەی منداڵەکەیە لەو شوێنەی نەوتەکەی تێدا خواردووەتەوە.
  2. شۆردنی دەست و دەمی منداڵەکە بە سابوون و لابردنی جلەکانی و لەبەرکردنی جلی نوێ تاکوو بۆنی نەوتەکە زیاتر ئازاری نەدات، هەروەها ئەگەر جەستەی بە نەوت تەڕ بووە، لابردنی جلەکانی هۆکارێکە تاکوو جەستەی نەسوتێت.
  3. یاخود دەکرێت دەستی نەوتاوی دابێت لە چاو و لووتیشی بۆیە گرنگە ڕووخساری بەباشی بشۆیت و فێنکی بکەیتەوە.
  4. هەرگیز منداڵەکە مەڕشێنەرەوە، نەوتەکە خۆی بە ئەندازەی پێویست دەم و سورێنچک و گەدەی منداڵەکەی سووتاندووە، بە ڕشاندنەوەی ئەوەندەی تر ئەو ناوچانەی دەسووتێتەوە، هەروەها ڕێگری بکە لەوەی منداڵەکە دڵی تێک بچێت و بڕشێتەوە.
  5. دوورکەوتنەوە لە پێدانی هەر خواردن و خواردنەوەیەک، بە تایبەت شیر و ئاو.
  6. دواتر بە خێرایی بیگەیەنەرە نزیکترین نەخۆشخانەی فریاکەوتن.
  7. ئەگەر لە ڕێگەیدا بۆ نەخۆشخانە ڕشایەوە، مەهێڵە ڕشانەوەکە بچێتەوە قوڕگی و بیخواتەوە.
  8. ئەگەر نەخۆشخانەکە دوورە و کاتی دەوێت لە ڕێگەیدا بۆ نەخۆشخانە پارچەیەک سەهۆڵ بکە عەلاگەیەکەوە و لەسەر لای چەپی گەدەی دایبنێ تاکوو ببێتە هۆی فێنکبوونەوەی گەدەی و مەترسی دڵتێکچوون و ڕشانەوەی کەم ببێتەوە.

چارەسەر لە نەخۆشخانە

لە نەخۆشخانە چارەسەر بەپێی نیشانە و بڕی ئەو نەوتەیە کە خواردوویەتییەوە، لە حاڵەتێکدا ئەگەر نەوتەکە تەنها لە گەدەیدا بێت، پزیشک گەدەی پاک دەکاتەوە و دەرمانی پێ دەدات تاکوو وردە وردە پاش دەبێت.
بەڵام ئەگەر منداڵەکە لە کاتی خواردنەوەی نەوتەکەدا کەمێکی چووبێتەوە ناو سییەکانی، یاخود لە کاتی ڕشاندنەوەی و ڕشانەوەیدا  حاڵەتەکەی قوورستر دەبێت و پێویستی بە چاودێری زیاتره وەک:

  1. گرتنی تیشکی ئێکس بۆ سییەکانی منداڵەکە تاکوو لە تەندروستی سییەکانی دڵنیابنەوە
  2. پێدانی ئۆکسجین لە حاڵەتێکدا تووشی هەناسەتووندی ببێت
  3. پێدانی دەرمانی دژەبەکتریا بۆ چارەسەرکردنی هەوکردنی سییەکان

ڕێگریکردن

بۆ ڕێگریکردن لەم حاڵەتە زۆر گرنگە خێزانەکان کاتێک دەچنە سەیران و گەشت نەوت لە دەبەی ئاو خواردنەوەدا دانەنێن.

لە ماڵەوە نەوت نزیکی منداڵ دامەنێن، واتە لە جێیەکدا نەبێت منداڵ بە ئاسانی بتوانێت دەستی پێی بگات، چونکە منداڵ بەگشتی و منداڵی زۆر بچووک بەتایبەت نازانێت و هەرچییەکی دەستکەوێت دەیبات بۆ دەمی و دەیخوات، ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە منداڵە زۆر بچووکەکان هەستی تام و بۆنیان نییە.


سەرچاوەکان



1360 بینین