وشکبوونی دەم

له‌لایه‌ن: - ڤێنوار زاهیر ڤێنوار زاهیر - به‌روار: 2022-08-13-22:44:00 - کۆدی بابەت: 9821
وشکبوونی دەم

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

وشکبوونی دەم (بە ئینگلیزی: Dry mouth, xerostomia، بە عەرەبی: جفاف الفم)، حاڵەتێکە کاتێک لیکە ڕژێنەکان بڕی پێویست لە لیک بەرهەم ناهێنن ڕوودەدات. ئەو کەسانەی دووچاری وشکبوونی دەم دەبن، هەست بە کەمبوونەوەی لیک و وشکبوونی دەم دەکەن، هەروەها دەبێتە هۆی دەرکەوتنی نیشانەی تری وەک بۆنی دەم، وشکبوونی قورگ و قڵیشانی لێو. لیک بەشێکی گرنگی پڕۆسەی هەرسکردنە، یارمەتی شێدارکردن و تێکشکاندنی خۆراک دەدات. هەروەها وەک میکانیزمێکی گەورە بۆ هێشتنەوەی ددان بە تەندروستی لە لەشدا کار دەکات، دەم لە نەخۆشییەکانی پووک و کلۆربوونی ددان دەپارێزێت. وشکبوونی دەم حاڵەتێکی مەترسیدار نییە، هەندێک جار نیشانەیە بۆ حاڵەتێکی دیاریکراو وەکوو برینی دەم و کلۆوربوونی ددان. 

هۆکارەکان

وشکبوونی دەم چەندین هۆکاری هەیە، بەڵام بە تەنها هەبوونی ئەم نیشانەیە بەس نییە بۆ ئەوەی ئاماژە بۆ نەخۆشییەکی دیاریکراو بکات. دەکرێت هۆکارەکانی وشکبوونی دەم بۆ یەکێک لەمانەی خوارەوە بگەڕێتەوە:

وشکبوونەوەی جەستە

کاتێک بڕێکی زۆر لە شلەی لەش لەدەست دەدەیت بەبێ ئەوەی جێگەی بگیرێتەوە، ئەوا وشکبوونەوەی جەستە ڕوودەدات. دەکرێت ئەم حاڵەتە بەهۆی ڕشانەوە، سکچوون، ئارەقکردنەوەی زۆر و لەدەستدانی بڕێکی زۆر لە خوێن ڕووبدات. کاتێک تووشی وشکبوونەوەی جەستە دەبیت لەش بڕی پێویست لە لیک بەرهەم ناهێنێت، ئەمەش وا دەکات هەست بە وشکبوونی دەم بکەیت. 

بەکارهێنانی دەرمان 

وشکبوونی دەم دەکرێت یەكێک لە زیانە لاوەکییەکانی بەکارهێنانی دەرمان بێت. ئەو دەرمانە باوانەی دەبنە هۆی وشکبوونی دەم بریتیین لە دەرمانەکانی خەمۆکی، دڵەڕاوکێ، سکچوون، بەرزە پەستانی خوێن و هەناسەتوندی. هەروەها دژەهستامین، دەرمانی ڕەوانی میز و دەرمانە کیمیاییەکان بەرهەمهێنانی لیک کەم دەکەنەوە. ئەگەر دووچاری وشکبوونەوی دەم بوویت لە کاتی بەکارهێنانی ئەم دەرمانانەدا، وا باشترە سەردانی پزیشکی تایبەت بە خۆت بکەیت بەر لەوەی لە بەکارهێنانیان بوەستیت. 

چارەسەری تیشک

چارەسەری تیشکی مل و سەر زیانی لاوەکی وەک وشکبوونی دەم دروست دەکات. تیشکەکە زیان بە لیکە ڕژێنەکان دەگەیەنێت و بەرهەم هێنانی لیک کەم دەکاتەوە. 

فشار و دڵەڕاوکێ 

کاتێک دووچاری فشار و دڵەڕاوکێ دەبیتەوە، لەشت بڕێکی زۆر لە کۆرتیزۆڵ (cortisol) دروست دەکات، کە هۆڕمۆنێکی فشارە. زیادبوونی ڕێژەی کۆرتیزۆڵ لە لیکدا گۆڕانکاری لە پێکهاتەکەیدا دەکات، لە ئەنجامدا کەسەکە هەست بە وشکبوونی دەم دەکات.

تەمەن

وشکبوونی دەم لە کەسانی بەتەمەندا کێشەیەکی باوە، دەکرێت هۆکاری ئەمە بۆ هەندێک حاڵەتی تەندروستی، دەرمان یان گۆڕانکاری جەستە لە هەرسکردنی دەرمانەکاندا بگەڕێتەوە. 

هەناسەدان بە دەم و پرخەپرخ

هەناسەدان لەڕێگەی دەمەوە دەبێتە هۆی وشکبوونی لیک، پرخەپرخیش هەمان کاریگەری دروست دەکات. ئەم دوو هۆکارەش دەکرێت ببنە هۆی وشکبوونەوەی دەم بە ڕێژەیەکی زۆر. 

جگەرەکێشان 

جگەرەکێشان بەرهەمهێنانی لیک لە لیکە ڕژێنەکانەوە کەم دەکاتەوە. ئەمەش دەبێتە هۆی وشکبوونەوەی دەم.

ئەو حاڵەتانەی دەبنە هۆی وشکبوونەوەی دەم 

نەخۆشیی شەکرە

وشکبوونی دەم یەکێکە لە نیشانە باوەکانی نەخۆشیی شەکرەی جۆری یەک و دوو. زیادبوونی ڕێژەی شەکر لە خوێندا کار دەکاتە سەر بەرهەمهێنانی لیک و لە ئەنجامدا کەسەکە دووچاری وشکبوونەوەی دەم دەبێت. زۆربەی ئەو کەسانەی نەخۆشی شەکرەیان هەیە تووشی وشکبوونەوەی جەستە دەبن و هەروەها بەهۆی وەرگرتنی دەرمانی تایبەتەوە نیشانەی وەک وشکبوونەوەی دەم تێیاندا دەردەکەوێت. 

زیانگەیاندن بە دەمارەکان 

هەر شتێکی وەک برینداری، تووشبوونی میکرۆبی، نەشتەرکاری یان جەڵتە کە ببێتە هۆی زیانگەیاندن بە دەمارەکانی سەر و مل، کاردەکاتە سەر توانای لیکە ڕژێنەکان لە بەرهەمهێنانی لیکدا، لە ئەنجامدا وشکبوونی دەم ڕوودەدات.

ئەلزەهایمەر

ئەلزەهایمەر کار دەکاتە سەر توانای جەستە، بەمەش هاوسەنگی جەستە تێک دەچێت و ناتوانێت بە شێداریی بمێنێتەوە. 

کەڕووی ناو دەم

ئەم حاڵەتە بەهۆی تووشبوون بە کەڕووەکانەوە ڕوودەدات، کە دەبێتە هۆی هەوکردن و دەکرێت زیان بە لیکە ڕژێنەکان بگەیەنێت. لە ئەنجامدا لیکە ڕژێنەکان توانایان نابێت بڕی پێویست لە لیک بەرهەمبهێنن. 

بەڕیشاڵبوونی ئاورنگی

ئەم حاڵەتە بۆ ماوەییە و زیان بە کۆئەندامی هەرس و هەناسەدان دەگەیەنێت، هەروەها کاریگەری نەرێنی لەسەر لیکە ڕژێنەکان دروست دەکات. لە هەمان کاتدا ئەو دەرمانانەی کە بۆ چارەسەرکردنی ئەم حاڵەتە بەکاردێن دەکرێت ببنە هۆی وشکبوونی دەم. 

نەخۆشیی دژەخۆیی

لەم حاڵاتەدا، کۆئەندامی بەرگری بە هەڵە پالاماری خانە و شانەکانی لەش دەدات، یەکێک لە زیانە لاوەکییەکانی بریتییە لە وشکبوونی دەم، لەبەرئەوەی دەبێتە هۆی هەوکردن لە لیکە ڕژێنەکاندا.

نیشانەکانی وشکبوونی دەم

ئەو کەسانەی دووچاری ئەم حاڵەتە دەبن هەست بە پێوەنووسانی دەمیان دەکەن، چەند نیشانەیەکی تر دەگرێتەوە، وەکوو:

  • دروستبوونی کێشە لە کاتی قسەکردن، قووتدان و جوینی خواردندا.
  • کێشەی تامکردنی خواردن و خواردنەوەکان.
  • هەستکردن بە کزانەوە یان سووتانەوەی ناودەم
  • قڵیشانی لێو
  • برینی ناودەم
  • وشکبوونی زمان 
  • وشکبوونی قورگ
  • بۆنی دەم

چەند ڕێنماییەک بۆ ئەو کەسانەی تووش دەبن

وشکبوونی دەم حاڵەتێکی کاتییە و چارەسەری هەیە، لە زۆربەی حاڵەتەکاندا دەتوانیت بە ئەنجامدانی ئەم ڕێنماییانە نیشانەکانی نەهێڵیت:

  • زوو زوو خواردنەوەی ئاو.
  • کەمکردنەوە یان دوورکەوتنەوە لەو خواردنەوانەی کافایینیان تێدایە وەک چا و قاوە.
  • کەمکردنەوە یان دوورکەوتنەوە لە خواردنی بڕێکی زۆر لە شەکر و خوێ.
  • جوینی بنێشتی بێ شەکر.
  • بەکارهێنانی هەویری ددان و تێوەردانی ئاو لە دەم، 
    هەروەها شۆردنی ددانەکان زۆر گرنگە لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە ساڵی دووجار سەردانی پزیشکی ددان بکرێت بۆ پشکنین و دڵنیابوونەوە لە تەندروستی ددانەکان. گرنگیدان بە تەندروستی دەم و هێشتنەوەیان بە پاکی، ڕێگری لە کلۆربوونی ددانەکان و نەخۆشییەکانی پووک دەکات، کە دوو هۆکاری وشکبوونی دەمن.

وشکبوونی دەم و کلۆربوونی ددان 

لیک چەندین ئەرک جێبەجێ دەکات، بەهۆی بوونی دژەبەکتریا لە پێکهاتەکەیدا، یارمەتی پاراستنی ددانەکان دەدات و لە بەکتریای زیانبەخش دەیان پارێزێت، واتە ناو دەم لە هەموو بەکتریا زیانبەخشەکان دەشواتەوە. وشکبوونی دەم یارمەتی گەورەبوون و گەشەی بەکتریا لەسەر ددانەکان دەدات. بۆ ئەوەی ڕێگری لە کلۆربوونی ددانەکان بکەیت لە کاتی وشکبوونی دەمدا پێویستە بەردەوام چەند قومێک ئاو بخۆیتەوە، جوینی بنێشت یارمەتی زیاد بوونی لیک دەدات، سەردانی پزیشک بکەیت بۆ پشکنینی ددانەکان و هەوەها دەکرێت پزیشک پێشنیاری ئەو دەرمانانەت بۆ بکات کە دەبنە هۆی زیادبوونی بەرهەمهێنانی لیک.


سەرچاوەکان



569 بینین