حەوت نیشانەی بێدەنگی شێرپەنجەی هێلکەدان

له‌لایه‌ن: - ڤێنوار زاهیر ڤێنوار زاهیر - به‌روار: 2022-11-26-23:40:00 - کۆدی بابەت: 10467
حەوت نیشانەی بێدەنگی شێرپەنجەی هێلکەدان

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

حەوت نیشانەی بێدەنگی شێرپەنجەی هێلکەدان (بە ئینگلیزی: 7 Signs of ovarian cancer، بە عەرەبی: ٧ علامات سرطان المبيض). ئەم جۆرە شێرپەنجەیە لە مێینەدا ڕوودەدات، کار لەسەر دوو ئەندامی بچووکی کۆئەندامی زاوزێ دەکات، کە ئەوانیش هێلکەدانەکانن. هەموو ئافرەتێک ئەگەری تووشبوونی بەم جۆرە شێرپەنجەیە هەیە، بەڵام زیاتر لەو کەسانەدا ڕوودەدات کە تەمەنیان لە ٥٠ ساڵ زیاترە. زۆرجار لەناو خێزانەکاندا بڵاودەبێتەوە و چەند ئەندامێکی خێزانەکە تووش دەکات. لە زۆربەی حاڵەتەکاندا نیشانەکانی ئەم شێرپەنجەیە نادیارە و کەسەکە هەستی پێ ناکات. ئەگەر شێرپەنجەی هێلکەدان بەزوویی دەستنیشان بکرێت، واتە پێش ئەوەی بە بەشەکانی تری جەستە بڵاوبێتەوە، دەتوانرێت چارەسەر بکرێت و کۆنتڕۆڵ بکرێت، لە هەر ٧٨ ئافرەتێکدا یەکێکیان ئەم جۆرە شێرپەنجەیەی هەیە. لە قۆناغەکانی سەرەتادا، لەوانەیە نیشانەکانی شێرپەنجەی هێلکەدان ئاسان نەبێت سەرنج بدرێن. کاتێک نیشانەکان دەردەکەون، لە هەمان ئەو نیشانانە دەچن کە لە کێشە تەندروستییەکانی تریشدا بوونی هەیە وەکوو هەڵئاوسانی سک. 

نیشانەکانی شێرپەنجەی هێلکەدان

لەبەرئەوەی نیشانەکانی ئەم شێرپەنجەیە لەو جۆرانە دەچێت کە لە کێشە تەندروستییەکانی تردا هەیە، کەسەکە لێی تێکدەچێت و زۆربەی جار هەستی پێ ناکات تا دەگاتە قۆناغەکانی کۆتایی و مەترسیدار دەبێت. بەڵام چاوەڕێکردن و گوێ نەدان بە نیشانەکان و فەرامۆشکردنیان هەڵبژاردەیەکی باش نییە و دەبێتە هۆی خراپتربوونی حاڵەتەکە. کەواتە لە کاتی هەبوونی هەر جۆرە نیشانەیەکدا پێویستە گرنگی پێ بدرێت و سەردانی پزیشک بکرێت تاکوو بتوانرێت چارەسەری حاڵەتەکە بکرێت. نیشانەکانی شێرپەنجەی هێلکەدان بریتیین لە:

١. هەڵئاوسانی سک

هەڵئاوسانی سک لەماوەی سوڕی مانگانەدا شتێکی ئاساییە، یان کاتێک هەندێک جۆری دیاریکراو لە خواردن دەخۆیت. بەڵام کاتێک بۆ ماوەیەکی درێژ تووشی هەڵئاوسانی سک دەبیت، دەکرێت ئاماژە بۆ هەبوونی شێرپەنجەی هێلکەدان بکات. لە ٧٢% ئەو کەسانەی ئەم جۆرە شێرپەنجەیان هەبووە، دووچاری هەڵئاوسانی سک بوونەتەوە و ئەم نیشانەیان هەبووە. بەم جۆرە لەلایەن کەسەکەوە پێناسەی دەکرێت:

  • بە جۆرێک سکیان ئاوساوە، وەکوو ئەوەی دووگیان بن.
  • بە ناڕەحەتی توانیویانە جلوبەرگ لەبەر بکەن.

هەڵئاوسانی سک لە ئەنجامی کۆبوونەوەی شلەمەنی جەستە لە ناوچەی سک ڕوودەدات. ئەمە ڕوودەدات، بەهۆی گۆڕانی ئەو بۆرییە خوێنانەی کە خوێن بۆ ناوچەی سک دەگوازنەوە و دەیگەڕێننەوە. کۆبوونەوەی ئەم شلەمەنییە کێشەیەکی مەترسیدارە، لەبەرئەوەی دەکرێت بۆ ناوچەکانی تری جەستە بگوازرێتەوە. 

٢. ئازاری ناوچەی حەوز و سک

یەکێک لە باوترین نیشانە، کە لەلایەن تووشبووانی ئەم شێرپەنجەیەوە تۆمارکراوە بریتییە لە هەستکردن بە ئازاری سک و ناوچەی حەوز. لە توێژینەوەیەکدا دەرکەوتووە، نزیکەی ٣٩% ئەو کەسانەی شێرپەنجەی هێلکەدانیان هەبووە دووچاری ئەم نیشانەیە بوونەتەوە. جۆری ئازارەکە لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر دەگۆڕێت و جیاوازە. هەندێکیان دەڵێن هەست بە فشارێکی زۆر توند دەکەین، هەندێكی تر دەڵێن ئازارەکەی وەک ئازاری سوڕی مانگانە وایە و هەست دەکەیت لەناوەوە دەگوشرێیت. 

٣. قەبزی یان سکچوون 

لە ٢٠% ئەو کەسانەی شێرپەنجەی هێلکەدانیان هەیە دووچاری قەبزی، سکچوون یان هەر جۆرە کێشەیەکی تر دەبنەوە کە پەیوەندی بەم نیشانانەوە هەبێت. هەروەها دەکرێت ببێتە هۆی ئەوەی کەسەکە زوو زوو میز بکات، لە ٧% ئەم کەسانە کێشەی میزکردنیان هەبووە. لەگەڵ زیادبوونی میزکردن، لە هەمان کاتدا ئەم کەسانە لە کاتی میزکردندا هەستیان بە جۆرە کزانەوەیەک یان سووتانەوەیەک کردووە، هەندێکی تریشیان سەرەڕای میزکردنیش وا هەستیان نەکردووە میزڵدانیان بەتاڵ بووەتەوە و هێشتا هەستیان بە پڕی میزڵدان کردووە. 

٤. ئازاری پشت 

ئازاری پشت کێشەیەکی زۆر باوە، ملیۆنان کەسی جیهان ئەم حاڵەتەیان هەیە. زۆربەی جار ئازاری پشت بەهۆی زیان بەرکەوتنەوە ڕوودەدات و پەیوەندی بە شێرپەنجەوە نییە. ئەگەر هەست بە ئازاری پشت دەکەیت و دڵنیایت کە هیچ زیانێکت پێ نەگەیشتووە، سەرەڕای بەکارهێنانی چارەسەریش هەست بە هیچ گۆڕانکارییەک ناکەیت، پێویستە سەردانی پزیشک بکەیت. چونکە ئازاری بەشی خوارەوەی پشت و لاتەنیشەکان دەکرێت ئاماژەیەک بێت بۆ شێرپەنجەی هێلکەدان. 

٥. گۆڕانی ئارەزووی خواردن

لە هەندێک کەسدا شێرپەنجەی هێلکەدان دەبێتە هۆی نەمانی ئارەووزی خواردن. هەندێکی تر دوای خواردنی بڕێکی زۆر کەم هەست بە تێری دەکەن، هەروەها هەندێکی تر کێشەی هەرسکردنیان هەیە، یان هەستکردن بە هێڵنجدان و ڕشانەوە لەدوای نان خواردن. گۆڕانی ئارەزووی خواردن دەبێتە هۆی دابەزینی کێشی لەش. ئەم نیشانەیە زۆر بەئاسانی لە کەسەکەدا دیارە و هەستی پێ دەکات.

٦. گۆڕانی سوڕی مانگانە

یەکێکی تر لە کاریگەرییەکانی شێرپەنجەی هێلکەدان بریتییە لە گۆڕانی سوڕی مانگانە، دەکرێت بەم شێوەیە کاریگەری نەرێنی دروست بکات:

  • نەبوونی سوڕی مانگانە.
  • خوێنبەربوونی زۆر و زیاتر لە حاڵەتی ئاسایی.
  • تەنانەت لە ڕۆژانی تردا، واتە کاتێک لە سوڕی مانگانەدا نین تووشی خوێنبەربوون دەبن.
  • دەردراوی زێ.

ئەگەر کەسێکیت دووچاری وەستانی سوڕی مانگانە بوویتەتەوە، واتە لەماوەی تەمەنی نائومێدیت و دووچاری خوێنبەربوون بوویتەوە، پێویستە سەردانی پزیشک بکەیت. هەندێکجار خوێنبەربوون دوای تەمەنی نائومێدی بە یەکێک لە نیشانەکانی شێرپەنجەی هێلکەدان دادەنرێت. هەر کاتێک سوڕی مانگانەت گۆڕا پێویستە ڕاستەوخۆ سەردانی پزیشک بکەیت.

٧. ئازار لە کاتی سێکسدا

هەستکردن بە ئازار لە کاتی سێکسدا یەکێکە لە نیشانە دەگمەنەکانی شێرپەنجەی هێلکەدان. دەکرێت ئەم ئازارە بەهۆی چەند هۆکارێکەوە ڕووبدات، وەکوو:

ئەگەر دووچاری ئەم حاڵەتە بوویتەوە، ئەوا وا باشترە سەردانی پزیشک بکەیت و ڕێنمایی لێ وەربگریت تاکوو بەزووترین کات چارەسەر بکرێیت. 

ئەو کەسانەی ئەگەری تووشبوونیان زیاترە

چەند کەسێک هەیە ئەگەری تووشبوونیان بە شێرپەنجەی هێلکەدان زیاترە بە بەروارد بە هەندێکی تر، وەک:

  • ئەو کەسانەی یەکێکی تر لە ئەندامانی خێزانەکەی هەمان کێشەی هەیە.
  • لە ڕابردوودا تووشی شێرپەنجە بووە وەکوو شێرپەنجەی کۆڵۆن یان مەمک.
  • ئەو کەسانەی کێشی لەشیان زۆرە، واتە قەڵەون.
  • ئەو کەسانەی هیچ دووگیان نەبوون.
  • ئەوانەی چارەسەری هۆڕمۆنی وەردەگرن.
  • ئەو کەسانەی کێشەی بەشانەبوونی منداڵدانیان هەیە، واتە گەورەبوون و گەشەکردنی خانەکانی دەرەوەی منداڵدان. 

چۆن شێرپەنجەی هێلکەدان دەستنیشان دەکرێت؟

جیاواز لە جۆرەکانی تری شێرپەنجە، هیچ پشکنینێک بۆ دەستنیشانکردنی ئەم شێرپەنجەیە لە قۆناغەکانی سەرەتادا نییە. هەروەها بە تەنها بە یەک جۆری پشکنین دەستنیشان ناکرێت، لەجیاتی ئەوە پزیشک چەندین جۆری جیاواز لە پشکنینت بۆ ئەنجام دەدات، تاکوو بزانێت گرێ هەیە یاخود نا، دوای ئەوەی دڵنیابوویەوە کە گرێ هەیە، پشکنینی ترت بۆ پێشنیار دەکات تاکوو بزانێت گرێیەکی بێزیانە یان گرێیەکی شێرپەنجەییە. ئەو پشکنینانەی بۆ دەستنیشانکردنی شێرپەنجەی منداڵدان ئەنجام دەدرێت بریتیین لە:

  1. پشکنینی زێ، پزیشک پشکنین بۆ ناوچەی زێ و بەشی خوارەوەی سک دەکات، تاکوو بزانێت هیچ گۆڕانکارییەک لە قەبارە و شێوەی منداڵدان و هێلکەدان هەیە. 
  2. پشکنینی خوێنی (CA-125)، ئەم پشکنینە ئەنجام دەدرێت، تاکوو بزانرێت ڕێژەی ئەو پڕۆتینەی لە کاتی دروستبوونی گرێدا بەرهەم دەهێنرێت زیادیکردووە یاخود نا. 
  3. پشکنینی نموونەی شانەی لەش، دوای ئەوەی پزیشکەکە لە هەبوونی گرێ دڵنیابوویەوە، دواتر بەشێک لە شانەکە وەک نموونە وەردەگرێت تاکوو بزانێت گرێیەکە شێرپەنجەیییە یان نا.


سەرچاوەکان



548 بینین