شێرپەنجەی دڵ چییە؟

له‌لایه‌ن: - لەنیا بەختیار لەنیا بەختیار - به‌روار: 2024-07-11-15:53:00 - کۆدی بابەت: 11273
شێرپەنجەی دڵ چییە؟

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

شێرپەنجەی دڵ (بە ئینگلیزی: Heart cancer) شێرپەنجەی دڵ لە ئەنجامی دروستبوونی لوو لە دڵدا یان لە ڕێگەی بڵاوبوونەوەی شێرپەنجەکانی تر بۆ دڵ دروست دەبێت. ئەم جۆرە شێرپەنجە دەگمەنە دەبێتە هۆی هەوکردنی بەرگی دڵ، ناڕێکی لێدانی دڵ و لەکارکەوتنی دڵ. دەکرێت شێرپەنجە لە ڕێگەی ئەندامەکانی تر یان لەڕێگەی خوێن وەک شێرپەنجەی خڕۆکە سپییەکانی خوێن بۆ دڵ بگوازرێتەوە. ئەم شێرپەنجەیە کاتێک کە ئەو خانانەی لە نزیک دڵدا هەن بەشێوەیەکی خێرا گەشە دەکەن و لەژێر کۆنتڕۆڵ دەردەچن دروست دەبێت، دواتر دەبنە هۆی دروستبوونی لوو. ئەو جۆرە شێرپەنجەی کە لە دڵدا دروست دەبێت پێی دەوترێت شێرپەنجەی سەرەکی، ئەم جۆرەیان بە دەگمەن ڕوودەدات. بەڵام شێرپەنجەی دووەمی بریتییە لەو شێرپەنجەیەی لە ئەندامەکانی تردا وەک جگەر دروست دەبن و دواتر بۆ دڵ دەگوازرێنەوە، بەڵام شێرپەنجەکە ڕاستەوخۆ لە دڵدا ڕووی نەداوە. 

بۆچی شێرپەنجەی دڵ دەگمەنە؟

دڵ لە بەستەرەشانە و ماسولکە خانەکان پێکهاتووە. ئەمەش وای کردووە دڵ زیاتر بەرگری بۆ تووشبوون بە شێرپەنجە هەبێت. خانە شێرپەنجەیەکان لە خانەکانی سەر ڕووی جەستە وەک پێست زیاتر چالاکترن و خێراتر گەشە دەکەن، ئەمەش ئەگەری ڕوودانی هەڵە لە کاتی زۆربووندا زیاد دەکات و ئەگەری ڕوودانی شێرپەنجەش تیایاندا زۆر دەبێت. ئەندامەکانی تری وەک مەمک، کۆڵۆن، سییەکان و پێست بە ماددەیەکی لینج ناوپۆش کراون، هەر لەبەر ئەمەشە ئەگەری ڕوودانی شێرپەنجە تیایاندا زیاترە. 

ئەم نەخۆشییە زیاتر لە پیاواندا و لە تەمەنی ٣٠ بۆ ٥٠ ساڵیدا ئەگەری ڕوودانی هەیە. دەکرێت کەسانی جگەرەخۆر و تووشبووانی نەخۆشیی ئایدز زیاتر ئەگەری تووشبوونیان هەبێت. 

ئایا شێرپەنجەی دڵ بۆ ماوەیی دەمێنێتەوە؟

شێرپەنجەی دڵی سەرەکی یان سەرەتایی هەندێک جار کار دەکاتە سەر چەند ئەندامێکی هەمان خێزان. زانایان پێیان وایە هەندێک کەس بەهۆی جینەکانیانەوە تووشی ئەم جۆرەی شێرپەنجەی دڵ دەبن. ڕەنگە هۆکارەکە بەهۆی ڕوودانی گۆڕان لە بۆهێڵێکدادا بێت، کە پێی دەوترێت  پاراستنی پڕۆتینی تێلۆمەرس ١. ئەگەر لە دایک و باوکدا گۆڕانکاری لەم بۆهێڵەدا ڕووبدات ئەوا دەکرێت بۆ منداڵەکان بگوازرێتەوە. 

نیشانەکان 

لەناکاو یان وەستانی دڵی پێشبینینەکراو نیشانەی سەرەکی ئەم حاڵەتەن. ئەگەر لووەکە لە ژوورەکانی دڵدا بێت یان لە دڵدا گەشەی کردبێت و کاریگەری لەسەر زمانەکانی دڵ هەبووبێت، ڕەنگە نەخۆشەکە هەست بە هەناسە کورتی و ماندوێتی بکات. نیشانەکانی تر بریتین لە:

  • ناتەواوی لێدانی دڵ یان خێرا لێدانی دڵ
  • ئازاری سنگ
  • بوورانەوە

شێرپەنجەی سەرەکی دڵ دەتوانێت بۆ بەشەکانی تری جەستە بگوازرێتەوە. بەزۆری بۆ سیستمی دەماری وەک مێشک و دڕکەپەتک دەگوازرێتەوە، هەرورها دەکرێت بۆ سییەکانیش بگوازرێتەوە. کاتێک بۆ بەشەکانی تری جەستە دەگوازرێتەوە ئەم نیشانانە دروست دەکات:

  • ئازارێکی زۆر لە پشتدا
  • شڵەژان و کێشە لە بیرهاتنەوەی شتەکاندا
  • کۆکە کە خوێنی لەگەڵدا بێت

کاریگەریەکانی ئەم نەخۆشییە

شێرپەنجەی دڵ کاردەکاتە سەر فرمانی دڵ. ئەمەش دەبێتە هۆی مەترسی لەسەر ژیانی کەسی تووشبوو. لەگەڵ هەبوونی لوو لە دڵدا، ئەگەری ڕوودانی جەڵتەی دڵ، سەکتە و وەستانی فرمانی دڵ لە کەسانی تووشبوو بە نەخۆشیەکە زیاترە. پارچەی بچووکی لووی دڵ دەتوانن جیاببنەوە لە لووەکە و بەناو لوولەکانی خوێندا بگوازرێنەوە. ئەم پارچانە ڕەنگە لە لوولەکانی خوێندا بمێنەوە و ڕێگە لە جووڵەی خوێن لە لوولەکاندا بگرن کە دەبێتە هۆی ڕوودانی جەڵتەی مێشک، یان ڕوودانی کێشەی هەناسەدان ئەگەر بچێتە سییەکان. هەروەها دەکرێت شێرپەنجەی دڵ کاربکاتە سەر ئەو پەردەیەی دەوری دڵی داوە و تووشی هەوکردنی بکات. 

چارەسەر

چارەسەری کیمیایی، چارەسەری تیشک یان تێکەڵەیەک لە هەردووکیان، هەندێک کات دەتوانێت لووی دروستبوو لە دڵدا بچووک بکاتەوە و نیشانەکان کەم بکاتەوە. بەڵام ئەگەر شێرپەنجەکە لە ئەندامەکانی ترەوە بۆ دڵ گواسترابێتەوە، پزیشک چارەسەری شێرپەنجە سەرەکییەکە دەکات کە بۆ دڵ گواستراوەتەوە. چارەسەرەکانی تر پشت بە قەبارە، شوێنی گرێ یان لووکە، تەمەن و باری تەندروستی کەسەکە دەبەستێت. نەشتەرکاری بۆ لابردنی لووەکە دەکرێت ئەنجام بدرێت. لابردنی لووەکە بەتەواوی ژیانێکی باشتر و ماوە درێژتر بۆ نەخۆشەکان دابین دەکات. 

خۆپارێزی

هەرچەندە هۆکاری ڕوودانی ئەم حاڵەتە بەتەواوی ڕوون نییە، بەڵام جگەرە هۆکارێکی گرنگە و دەکرێت ببێتە هۆی ڕوودانی شێرپەنجە و نەخۆشییەکانی دڵ. 



84 بینین