لە کاتی خەودا چی بەسەر جەستەدا دێت؟

له‌لایه‌ن: - لەنیا بەختیار لەنیا بەختیار - به‌روار: 2023-02-25-20:49:00 - کۆدی بابەت: 11104
لە کاتی خەودا چی بەسەر جەستەدا دێت؟

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

لە کاتی خەودا چی بەسەر جەستەدا دێت (بە ئینگلیزی: what happens to body during sleep، بە عەرەبی: ماذا يحدث للجسم أثناء النوم) خەوتن بۆ تەندروستییەکی باش بنچینەیە، لە ڕاستیدا خەوتن بۆ مانەوە لە ژیان پێویستە، بە هەمان شێوەی پێویستی ئاو و خواردن بۆ ژیان. 

چەند کردارێکی بایۆلۆجی کە لە ماوەی خەودا ڕوودەدەن

• مێشک زانیاری تازە پاشەکەوت دەکات و لە پاشەڕۆی زیانبەخش خۆی ڕزگار دەکات. 
• دەمارەخانەکان دووبارە ڕێک دەخرێنەوە، ئەمەش پشتگیری کرداری تەندروستی مێشک دەکات. 
• جەستە خانەکانی چاك دەکاتەوە، وزە پاشەکەوت دەکات و هۆڕمۆنەکان و پڕۆتینەکان دەردەدات. 
هەموو ئەم کردارانە بۆ مانەوەی جەستە بەشێوەیەکی تەندروست پێویستن، بەبێ ئەم کردارانە جەستە ناتوانێت بەباشی کاری خۆی ئەنجام بدات. لە ماوەی خەوێکی تەندروستدا مرۆڤ بە چوار بۆ پێنج سوڕدا تێپەڕ دەبێت کە هەر یەکێکیان ٧٠-١٢٠ خولەک دەخایەنن، هەر سوڕێک بۆ چوار قۆناغ دابەش دەبێت. دواتر هەر چوار قۆناغەکەی خەو بۆ دوو پۆل دابەش دەبن، کە بریتین لە خەوی خێرا جوڵاندنی چاو و خەوی خێرا نەجوڵاندنی چاو.

لە ماوەی خەودا ئەم گۆڕانکارییانە ڕوودەدات

چاكبوونەوەی خانەکان: بیردۆزی چاکبوونەوەی خانەکان دەڵێت ( جەستە پێویستی بە خەوە، تاکوو بتوانێت خانەکانی چاك بکاتەوە). ئەم بیردۆزە بە هەندێک لە کردارەکانی وەک چاکبوونەوەی ماسولکەکان، دروستبوونی پڕۆتین، گەشەکردنی شانەکان و دەرکردنی هۆڕمۆنەکان پشتڕاست کراوەتەوە. 

فرمانی مێشک: لە ماوەی خەودا مێشک خۆی لە پاشەڕۆ زیانبەخشەکانی سیستمی دەماری ڕزگار دەکات. ئەو ژەهرە لاوەکییانەی بە درێژایی ڕۆژ لە مێشکدا کۆدەبنەوە، لە ماوەی خەودا مێشک خۆیان لێ ڕزگار دەکات. بەم جۆرە لە کاتی بەئاگایدا مێشک دەتوانێت باشتر فرمانەکانی ئەنجام بدات. 
هەندێک لە توێژینەوەکان دەڵێن، خەو کاریگەری لەسەر توانای بیرهاتنەوەی شتەکان هەیە بەجۆرێک لە ماوەی خەودا زانیارییەکان باشتر لە مێشکدا دەچەسپێن. 
هەستەکان: لە ماوەی خەودا چالاکی مێشک لەو ناوچەیەی مێشک کە کۆنتڕۆڵی هەستەکان دەکات زیاد دەکات.
ئەمێگداڵا (Amygdala) ئەم بەشەی مێشک کۆنتڕۆڵی هەندێک گۆڕانکاری فیسیۆلۆجی وەک شەڕکردن و هەڵاتن دەکات. بەهۆی خەوێکی باشتر ئەم بەشەی مێشک لە کاتی بەئاگایدا دەتوانێت بەشێوەیەکی گونجاوتر وەڵامدانەوەی هەبێت. 
کێش: هۆڕۆمۆنەکانی برسێتی کە لە گرێلین و لێپتین پێکدەهێنرێن کۆنتڕۆڵی کێشی مرۆڤ دەکەن. گرێلین ئارەزووی مرۆڤ بۆ خواردن زیاد دەکات و لێپتین هەستکردن بە تێربوون لە دوای خواردن زیاد دەکات. لە ماوەی خەودا گرێلین دادەبەزێت، بەهۆی ئەوەی کەمتر وزە بەکاردێت بەبەراورد بەو کاتەی مرۆڤ بەئاگایە. ئەمەش دەبێتە هۆی کەمتر خواردنی خواردن و مانەوەی کێش بە تەندروستی. 
فرمانی ئەنسۆلین: هۆڕمۆنی ئەنسۆلین هۆڕمۆنێکە یارمەتی خانەکان دەدات گڵوگۆز یان شەکر بۆ دروستبوونی وزە بەکاربهێنێت. خەو یارمەتی باشتر ئەنجامدانی فرمانی ئەنسولین دەدات. هەروەها مێشک کەمێک لە ئەنسۆلین لە ماوەی خەودا بەکاردەهێنێت، کە یارمەتی لەش دەدات کۆنتڕۆڵی تەواوی شەکری خوێن بکات. 
بەرگری: کاتێک مرۆڤ دەخەوێت، جەستە سایتۆکین دەردەدات پڕۆتینێکە ڕێگری لە هەوکردن دەکات. هەروەها چەندین خانەی بەرگری و دژەتەن دروست دەبن، ئەمانە پێکەوە دەبنە هۆی لابردنی میکرۆبە زیانبەخشەکانی لەش. هەر لەبەر ئەمەشە خەوتن لە ماوەی نەخۆشیدا زۆر پێویستە. 
هۆڕمۆنی کۆرتیزۆڵ: هۆڕمۆنی کۆرتیزۆڵ هەندێک کات پێشی دەوترێت هۆڕۆنی فشار، لە ماوەی چەند سەعاتێکی سەرەتای خەودا ڕێژەی ئەم هۆڕمۆنە دادەبەزێت، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی لەدوای بەئاگاهاتن کەسەکە هەست بە چالاکی بکات. 
ئیفلیجبوونی ماسولکەکان: لە ماوەی قۆناغی خێراجوڵاندنی چاوەکاندا ئەو قۆناغەیە کە تێیدا خەوبینین ڕوودەدات و ماسولکەکان بۆ ماوەیەکی کاتی ناتوانن بجوڵێن. هەندێک لە زاناکان پێیان وایە لەبەر ئەم هۆکارەیە مرۆڤ ناتوانێت نواندنی ئەو خەونانە بکات کە دەیانبینێت. 


سەرچاوەکان



634 بینین