ناوهڕۆك
ناساندن
بۆچی جگەرەکێش ڕێژەی خوێنی بەرزە؟ (بە ئینگلیزی: why the ratio of blood in smoker humans is high، بە عەرەبی: لماذا نسبة الدم في البشر المدخنين مرتفعة) کەسانی جگەرەکێش ڕێژەیەکی بەرزتری خوێنیان هەیە بەراورد بە ڕێژەی ئاسایی ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ بەرزبوونەوەی ڕێژەی دروستکردنی خڕۆکە سوورەکانی خوێن لە کەسانی جگەرەکێشدا.
جگەرەکێشان یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی زیادبوونی نەخۆشی و ڕێژەی مردن لە جیهاندا. لە نێوان زۆرێک لە کاریگەرییە نەرێنییەکانی تەندروستی، جگەرەکێشان دەتوانێت ببێتە هۆی هاندانی کرداری دروستبوونی خڕۆکە سوورەکانی خوێن، کە بە شێوەیەکی گشتی بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ئێریسرۆپۆیتین (EPO) ەوە دروست دەبێت. ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کەسانی جگەرەکێش گورچیلەیان بڕێکی زۆرتری هۆرمۆنی ئیریسرۆپۆیتن دەردەدات و کرداری ئێریسرۆپۆیسس یان دروستبوونی خڕۆکە سوورەکانی خوێن زۆرتر ڕوودەدات و لە ئەنجامدا ڕێژەی خوێن زیاد دەکات.
کاریگەری جگەرەکێشان لەسەر خوێن
هەڵسوکەوتی کەسانی جگەرەکێش بە ژمارەی جگەرەکێشان لە ڕۆژێکدا دیاری کراوە لەگەڵ ڕێژەی ٢٤ کاتژمێری دەردانی کۆتینین لە میزدا. پێوانەیەکی بابەتی و چەندایەتی بەرکەوتنی نیکۆتین، لە توێژینەوەیەک کە لەسەر ٦٨٠٨ بەشداربووی نیشتەجێبوونی کۆمەڵایەتی ئەنجامدراوە، ڕێژەی بڵاوبوونەوەی دانیشتووان بەم جۆرە بووە؛ کەسانی جگەرەنەکێش ٢٩٪، جگەرەکێشانی پێشوو ٤٣٪ و جگەرەکێشانی ئێستا بە ڕێژەی ٢٨٪ بوون. ڕێژەی هیمۆگڵۆبین (پڕۆتینی ناو خوێن) لەگەڵ هێماتۆکریت واتا ڕێژەی خوێن لە جگەرەکێشەکان بەرزتر بووە بە بەراورد لەگەڵ ئەو کەسانەی جگەرە ناکێشن.
بەڵام ڕێژەی هۆرمۆنی ئێریسرۆپۆیتن کەمتربووە لە کەسانی جگەرەکێش بەراورد بە کەسانی جگەرەنەکێش. ئەمەش ئەو ئەنجامە دەردەخات کە کەسانی جگەر کێش ڕێژەیەکی بەرزتری خڕۆکە سوورەکانی خوێن، ئاستی هیمۆگڵۆبین و لە ئەنجامدا ڕێژەیەکی بەرتزی ئاستی خوێنیان هەیە لەگەڵ ڕێژەیەکی نزمتری ئاستی هۆرمۆنی ئێریسرۆپۆیتن. لێرەدا ئەوە دەستنیشان کراوە کە کاریگەرییەکانی جگەرە لەسەر خوێن بە شێوەیەکی گشتی پەیوەندی هەیە بە ئاستی هۆرمۆنی ئێریسرۆپۆیتن.
هۆکاری زیاد دەردانی ئێریسرۆپۆیتن
زیادبوونی ژمارەی خڕۆکە سوورەکانی خوێن و بەهاکانی هیماتۆکریت لە جگەرەکێشە نێرەکاندا دەتوانرێت ڕوون بکرێتەوە بەو ڕاستییەی کە کەمی ئۆکسجینی شانەکان بەهۆی زیادبوونی دروستکردنی هیمۆگلۆبینی کاربۆکسییەوە دروست دەبێت و ئەمەش دەبێتە هۆی زیادبوونی دەردانی ئێریسرۆپۆیتین، بەم شێوەیە کرداری ئێریسرۆپۆیسس و دروستکردنی خڕۆکە سوورەکانی خوێن زیاد دەکات.
بە مانایەکی تر کەسانی جگەرەکێش تووشی کەمی ئاستی ئۆکسجین دەبنەوە لە خانەکاندا. ئەم کەمبوونەوەی ئۆکسجینەش هانی زیاد دەردانی هۆرمۆنی ئێریسرۆپۆیتن دەدات لەلایەن گورچیلەکانەوە، لە ئەنجامی ئەمەشدا ڕێژەی هۆرمۆنی ئێریسرۆپۆیتن کەم دەکات و کرداری دروستکردنی خڕۆکە سوورەکانی خوێن زیاد دەکات. دوای زیادبوونی کرداری خڕۆکە سوورەکانی خوێن ڕێژەی خڕۆکە سوورەکان و ڕێژەی هیمۆگڵۆبین زیاد دەکات و بەمەش ڕێژەی خوێن لە کەسانی جگەرەکێشدا زیاد دەکات.