پشکنینەکانی کەمخوێنی

له‌لایه‌ن: - شارا نەوزاد شارا نەوزاد - به‌روار: 2024-07-19-21:01:00 - کۆدی بابەت: 12555
پشکنینەکانی کەمخوێنی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

پشکنینی کەمخوێنی چییە (بە عەرەبی:  ما هو تحليل فقر الدم، بە ئینگلیزی: Laboratory tests for anemia) ئەم پشکنینانە بریتین لەو پشکنینانەی کە بۆ دەستنیشانکردن یان بەدواداچوون بۆ چارەسەری کەمخوێنی ئەنجام دەدرێت، چەندین پشکنینی جیاواز هەن دەتوانرێت بۆ دەستنیشانکردنی کەمخوێنی سوودی لێوەربگیرێت. 

پشکنینی تێکڕای پێکهاتەکانی خوێن

یەکێک لە پشکنینەکان پشکنینی تێکڕای پێکهاتەکانی خوێنە بەکاردێت بۆ هەژمارکردنی ژمارەی پێکهاتەکانی خوێن، جگە لە تایبەتمەندیەکانیان ئەم پشکنینە بۆ خۆی بە نیشاندەری هیچ کێشەیەکی تەندروستی نازانرێت و پشکنینی تر بەزۆری لەگەڵیدا داوای دەکرێت و ژمارەیەکی کەمی خڕۆکە سوورەکانی خوێن لەگەڵ کەمی هیمۆگلۆبین و هیماتۆکریت کەمخوێنی دەستنیشان دەکەن و ئەنجامی ئەم شیکارییە ئەمانەی خوارەوە لەخۆدەگرێت:

خڕۆکە سوورەکانی خوێن: ئەو پێکهاتەیەن کە بەرپرسن لە گواستنەوەی ئۆکسجین، هەروەها ڕێژەی ئاسایییان لە نێوان نێر و مێدا جیاوازە بەم شێوەیە:

  • بۆ نێر: ٤.٣٥ - ٥.٦٥ ترلیۆن خانە لە هەر لیترێکدا.
  • بۆ مێینەکان: ٣.٩٢ - ٥.١٣ تریلیۆن خانە لە هەر لیترێکدا.

هیمۆگلۆبین: ئەو پرۆتینەیە کە بەرپرسە لە گواستنەوەی ئۆکسجین، ئاستی ئاساییشی بەم شێوەیە دەبێت:

  • بۆ نێر: ١٣.٢ - ١٦.٦ گرام لە هەر دەسیلیترێکدا.
  • بۆ مێینەکان: ١١.٦ - ١٥ گرام لە هەر دەسیلیترێکدا.

هیماتۆکریت: هیماتۆکریت ڕێژەی سەدی خڕۆکە سوورەکانی خوێن لە خوێندا، یان پلازمادا نیشان دەدات و ئاستەکانیش بەم شێوەیەی خوارەوە بە ئاسایی دادەنرێت:

  • بۆ نێر: ٣٨.٣ - ٤٨.٦%
  • بۆ مێ: ٣٥.٥ - ٤٤.٩%

پەڕەکانی خوێن: یارمەتی کرداری مەینی خوێن دەدەن و ڕێگری لە خوێنبەربوون دەکەن ئەمانەی خوارەوە ڕوونکردنەوەیەکن بۆ ئاستی ئاسایی خۆیان:

  • بۆ نێر: ١٣٥ - ٣١٧ ملیار خانە لە لیترێکدا.
  • بۆ مێینەکان: ١٥٧ - ٣٧١ ملیار خانە لە لیترێکدا.

خڕۆکە سپییەکانی خوێن: بەرپرسن لە بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشییەکان، و ڕێژەی ئاسایییان لە نێوان ٣.٤-٩.٦ ملیار خانەدایە لە هەر لیترێکدا.

سمیری خوێن

سمیری خوێن (بە ئینگلیزی: Blood Smear) بە وەرگرتنی دڵۆپێکی خوێن پێناسە دەکرێت، لەسەر سلایدی تاقیگەیی دابەش دەکرێت و ڕەنگ دەکرێت بۆ بینینی پێکهاتەکانی خوێن لە ژێر مایکرۆسکۆپدا قەبارە و شێوە و دەرکەوتنی خڕۆکە سوور و سپییەکانی خوێن چاودێری دەکرێن، جگە لە ڕەنگی خڕۆکە سوورەکانی خوێن. هەروەها بەراورد دەکرێن بە شێوەی خڕۆکە ئاساییەکان بۆ دەستنیشانکردنی هەندێک تێکچوونی خوێن ئەگەر ئەنجامی پشکنینی گشتگیری خوێن نائاسایی بێت یان ئەگەر نیشانەکانی کێشەی خوێن دەرکەوت، لێکدانەوەی ئەنجامەکان دەتوانرێت بەم شێوەیە ڕوون بکرێتەوە: 

ئەنجامی خڕۆکە سوورەکانی خوێن: ئەنجامە نائاساییەکان ئاماژەن بۆ کەمخوێنی، کەمخوێنی شیبووەوە یان خانەی داسی، تالاسیمیا، یان تێکچوونی مۆخی ئێسک.

ئەنجامی خڕۆکە سپییەکانی خوێن: ئەگەر نائاسایی بوون، ئەمە ڕەنگە ئاماژە بێت بۆ هەوکردن، هەستیاری، یان شێرپەنجەی خوێن.

پشکنینی خڕۆکە سوورە پێنەگەیشتووەکان

پشکنینی خڕۆکە سوورە پێنەگەیشتووەکان یان رێتیکیلۆسایتەکان یارمەتیدەرە بۆ دیاریکردنی ژمارە و ڕێژەی سەدی ڕێتیکیولۆسایتەکانی ناو خوێندا، بەو پێیەی وێنەیەک دەدات لە توانای مۆخی ئێسک و توانای بەرهەمهێنانی خڕۆکە سوورەکانی خوێنی پێگەیشتوو. ڕێتیکیولۆسایتەکانی خوێن وەک خڕۆکە سوورەکانی خوێنی پێنەگەیشتوو پێناسە دەکرێن، کە قەبارەیان گەورەترە لە خڕۆکە سوورە پێگەیشتووەکان

کەمبوونەوەی ژمارەی رێتیکیولۆسایتە خانەکان: ئەم کەمبوونەوەیە ئاماژەیە بۆ کەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی خڕۆکە سوورەکانی خوێن لە ئەنجامی ئەم نەخۆشیانەی خوارەوە:

  • کێشەکانی مۆخی ئێسک، وەک کەمخوێنی شیبوونەوە.
  • کەمبوونەوەی ئاستی هۆرمۆنی ئێریسرۆپۆیتین.
  • نەبوونی توخمە گرنگەکان بۆ بەرهەمهێنانی خانەکانی خوێن، وەک ئاسن و ڤیتامین B12 و فۆلیک ئەسید.
  • نەخۆشی بەڕیشاڵبوونی جگەر.
  • نەخۆشی گورچیلە.
  • چارەسەری کیمیایی و تیشکی بۆ شێرپەنجە.

ڕێژەی بەرزی ڕێتیکیولۆسایتەکانی خوێن: ئەمەش ئاماژەیە بۆ زیادبوونی بەرهەمهێنانی خڕۆکە سوورەکانی خوێن وەک وەڵامێک بۆ هەوڵدان بۆ قەرەبووکردنەوەی کەمی خڕۆکە سوورەکانی خوێن لە ئەنجامی تێکچوون یان خوێنبەربوونیان، یان چارەسەرکردنی کەمخوێنی کە لە ئەنجامی کەمی توخمەکانەوە دروست دەبێت.

شیکارییەکانی تر

دەستنیشانکردنی کەمخوێنی بەندە بە مێژووی پزیشکی و پشکنینی کلینیکی و ئەنجامی پشکنینی پێشووی خوێن، جگە لەم پشکنینانەی خوارەوە: 

  • ئاستی ئاسن.
  • ئاستی ڤیتامین B12.
  • ئاستی فۆلیک ئەسید.
  • ئاستی بیلیروبین.
  • ئاستی لاکتەیت دیهایدرۆجینەیز.


سەرچاوەکان



99 بینین