مێوژ

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر سازگار عومەر - به‌روار: 2022-08-19-22:23:00 - کۆدی بابەت: 9910
مێوژ

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

مێوژ (بە ئینگلیزی: Zante currants، Corinth raisins، Corinthian raisins، یان لە دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، currants، بە عەرەبی: زبیب)، جۆرێکە لە جۆری ترێی وشککراوە. دەشێت ڕەنگەکانی سوور، ڕەش، وەنەوشەیی، پەمەیی و سپی بن. باوترین جۆری بریتییە لە مێوژی سوور یان ڕەش.‌‌ هەموو جۆرەکانی مێوژ لە قەبارەدا بچووکن و تامیان شیرین یان هەندێک جار ترشن، هەروەها بەهایەکی خۆراکی بەرزیان تێدایە، ڕیشاڵ و دژەئۆکسانەکان بۆ لەش دابین دەکەن، ڤیتامین C و ڤیتامین A یان تێدایە و دەوڵەمەندە بە ماددە خۆراکییەکانی تری وەک پۆتاسیۆم و ئاسن. هەروەها چەندین سوودی تەندروستیان هەیە.

هەرچەندە جۆرە جیاوازەکانی ترێی وشککراوە لە ناوچەی دەریای سپی ناوەڕاستەوە سەرچاوەیان گرتووە و تا ئێستاش لە چێشتخانە یۆنانی و فەڕەنسییەکاندا بەناوبانگن، بەڵام لە ئەمڕۆدا مێوژ لە کالیفۆرنیاش بە ڕێژەیەکی زۆر لەبەر تیشکی خۆر وشک دەکرێتەوە و لە ترێی کۆرینتی ڕەش بەرهەم دەهێنرێت. هەروەها یۆنان بەرهەمهێنەری سەرەکی مێوژە، کە نزیکەی ٨٠%ـی کۆی بەرهەمی جیهان دەگرێتەوە، ئەو ڕێژەیەی تریش کە دەمێنێتەوە لە وڵاتانی کالیفۆرنیا، باشووری ئەفریقا و ئوستورالیا بەرهەم دەهێنرێت.

مێژوو

مێوژ یەکێکە لە کۆنترین جۆرەکانی ترێی وشککراوە. یەکەم تۆماری نووسراوی ترێ لە ساڵی ٧٥ـی زایینی لەلایەن نووسەری ڕۆمانی پلینی گەورە (Pliny the Elder)وە بوو، کە باسی ترێیەکی بچووک و ئاوگداری و پێستی ئەستووری کردووە کە بۆڵی بچووکی هەبوو. هەزار ساڵ دواتر، کشمیش بوو بە بابەتی بازرگانی نێوان بازرگانانی ڤێنیز و بەرهەمهێنەرانی یۆنان. لە سەدەی ١٤ـدا لە بازاڕی ئینگلیزیدا لە ژێر ناوی (Reysyns de Corauntz)ـدا دەفرۆشران و لە سەدەی پازدەهەمدا ناوی (کشمشی کۆرینتی) بە ناوی بەندەری یۆنانی کە سەرچاوەی سەرەکی هەناردەکردن بوو تۆمارکرا. وردەوردە ناوەکە گۆڕانکاری بەسەرهات و بوو بە (currant) کە لە زمانی کوردیدا بە واتای مێوژ دێت. لە سەدەی ١٧ـدا بازرگانی بەرەو دوورگەکانی ئایۆنیای یۆنان گۆڕا، بەتایبەتی بۆ دوورگەی زاکینتۆس، کە سەردەمانێک بەرهەمهێنەر و هەناردەکاری سەرەکی بوو، لە ئەنجامدا ناوی (Zante currant)ـی لێنرا.

تایبەتمەندی

لە ترێی سروشتیدا، جۆرەکە دیۆکە؛ واتە ڕەگەزەکان لەسەر ڕووەکی جیاواز گەشە دەکەن، گوڵی نێر لەسەر ڕووەکێک هەیە، و گوڵی مێ لەسەر ڕووەکێکی تر. کۆرینتی ڕەش جۆرێکە لە "نزیکەی نێر" بەو پێیەی گوڵەکانی لە نێرە ئەندامی ڕووەکدا بەباشی گەشەی سەندووە، بەڵام تۆودانی بچووک و کەم گەشەسەندووی هەیە.

هێشووەکانی کۆرینتی ڕەش بچووکن، تێکڕای کێشیان ١٨٠ گرامە و بە شێوەیەکی گشتی لە نێوان ٩١ بۆ ٢٦٩ گرامدایە. لوولەکین و باڵیان هەیە. دەنکەکانی زۆر بچووکن و کێشیان لە نێوان ٠,٣٤ بۆ ٠,٦٠ گرامدایە. شێوەیان خڕە و ڕەنگێکی ڕەشی سوورباویان هەیە. لەگەڵ ئەوەشدا بەرگیان زۆر تەنکە، شانەیان ئاوکدار و نەرمن. بەنزیکی بێ ناوکن، جگە لە دەنکە گەورەکان، کە ناوکیان تێدایە. گەڵاکانی قەبارەی مامناوەندن و شێوەی دڵین و شێوە درێژۆکەن. پێنج پلە و بۆشایی نیوان دوو لەپی گەڵاکەی قووڵە. کاتێک وشک دەکرێنەوە، کێشی مێوژەکان لە نێوان ٠,٠٩١ بۆ ٠,١٣٩ گرامدایە و ڕەنگیان بۆ قاوەیی تۆخ یان ڕەش دەگۆڕێت.

سوودە تەندروستییەکانی مێوژ

١. ڕێژەیەکی زۆر دژە ئۆکسێنی تێدایە

مێوژ چەندین جۆری دژەئۆکسانی جیاوازی فرەفێنۆلی تێدایە، کە بۆ خۆپاراستن لە شێرپەنجە، تەندروستی دڵ، قەڵەوی و نەخۆشی شەکرە بەسوودن. توێژینەوە نوێیەکان باس لەوە دەکەن کە مێوژ و کشمیش چالاکیی دژە هەوکردنیان هەیە کە نیشانەکانی پەستانی ئۆکسێنەر کەمدەکەنەوە. هەروا پێدەچێت کاریگەری سوودبەخشیان لە دژی نەخۆشییەکانی هەوکردنی گەدە هەبێت، ئەویش بەهۆی ئەو توانا کاریگەرە ئەرێنییانەی کە  لەسەر خانەکانی ناوپۆشی گەدەی مرۆڤ هەیانە. لەڕووی قەبارەشەوە، ترێی وشککراو فرەفێنۆلی زیاتر تێدایە بە بەراورد بە ترێی ئاسایی.

٢. سەرچاوەیەکی باشی پۆتاسیۆم

هەریەک لە مێوژ و کشمیش سەرچاوەیەکی باشی پۆتاسیۆمیان تێدایە، کە کانزایەکی بنەڕەتی و کارۆشیکارە. پۆتاسیۆم چەندین فەرمانی گرنگ لە لەشدا جێ بەجێ دەکات، لەوانە: ڕێکخستنی هاوسەنگی شلەیی، فەرمانەکانی دەمار و ماسولکەکان، پاڵپشتی تەندروستی دڵ و ئاساییکردنەوەی فشاری خوێن.

٣. بە شێوەیەکی سروشتی کەم چەوری، کۆلیسترۆڵ و سۆدیۆمە

میوە وشککراوەکانی وەک هەموو جۆرەکانی کشمیش، بەهۆی بوونی ڕیشاڵ و دژە ئۆکسان و کانزاکانی ناوییانەوە، خۆراکی کەم سۆدیۆم و کەم چەورین. توێژینەوەکان دەریدەخەن کە خواردنی ئەو خۆراکانەی کە ڕیشاڵی زۆریان تێدایە دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ خۆپاراستن لە مەترسی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ، قەڵەوی، هەندێک جۆری شێرپەنجە، نەخۆشی شەکرە و نەخۆشییەکانی مێشک.

٤. ڕیشاڵی خۆراکی دابین دەکات

سەرەڕای ئەوەی مێوژ تاڕادەیەک کالۆری کەمی تێدایە، بەڵام ڕیشاڵ و کانزای پێویست بۆ لەش دابین دەکات. بە هەمان شێوەی میوە وشککراوەکانی تر، کاربۆهیدراتی سروشتی بۆ لەش دابین دەکات کە جەستە و مێشک دەتوانن بۆ وزە بەکاری بهێنن.

١/٤ کوپ لە مێوژی وشککراو نزیکەی:

١٢٠ کالۆری

٠ چەوری

٣٠ گرام کاربۆهیدرات

٢ گرام ڕیشاڵ

٢٨ گرام شەکر

١ گرام پڕۆتین

٣٠٠ میلیگرام پۆتاسیۆم

١ میلیگرام ئاسن

٢٠ میلیگرام کالیسیۆمی تێدایە

چۆنێتی هەڵگرتن

پێویستە مێوژە وشککراوەکان لە شوێنێکی فێنک و تاریکدا هەڵبگیرێن و دوور لە گەرمی و شێ یان تیشکی خۆر.

ژەهراوی

بە هەمان شێوەی ترێ و کشمیش، مێوژیش ژەهراوییە بۆ سەگەکان و زیان بە خانەکانی گورچیلەی سەگ دەگەیەنێت و گورچیلەکان لەکار دەخات.

جیاوازی نێوان مێوژ و کشمیش

ئەو جۆرە ترێ بێ ناوکەی کە مێوژی باوی لێ دروست دەکرێت بریتییە لە کۆرینتی ڕەش (Black Corinth). مێوژ هاوشێوەی کشمیشە، تەنها بە بەکارهێنانی ترێی جیاواز و شێوازی جیاواز بەرهەم دەهێنرێن.

هەندێك لێكۆڵینەوە دەریدەخەن كە مێوژ دژە ئۆكسانی زیاترە بە بەراورد بە زۆربەی جۆرەکانی كشمیش، بەڵام ئەمەش بەندە بە چۆنێتی ئامادەكردنەکەیەوە. کاتێک توخمەکانی ئاو لە ترێدا دەردەهێنرێت (بەڵام لە ڕێگاکانی پلەی گەرمی زۆر بەرزەوە نا کە زیادکراوەکان بەکاردەهێنن) و وشکدەکرێتەوە بەگشتی ئاستی خۆراکی چڕتریان تێدایە بە بەراورد بە ترێی وشکنەکراو.


سەرچاوەکان



406 بینین