بیبەری توون 

له‌لایه‌ن: - ڤێنوار زاهیر ڤێنوار زاهیر - به‌روار: 2022-08-29-21:43:00 - کۆدی بابەت: 10057
بیبەری توون 

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

بیبەری توون (بە ئینگلیزی: Chili Pepper، بە عەرەبی: فلفل حار)، ڕووەکێکە ڕەنگێکی سوور یان سەوز یان زەردی هەیە کە لە قەبارە و شێوەدا جیاوازن، تامی توونە. بیبەری توون بۆ پێدانی تام بە خواردنەکان بەکاردەهێنرێت، لەگەڵ ئەوەشدا دەتوانرێت بکوڵێنرێت و وشک بکرێتەوە و بکرێت بە تۆز (پاودەر)، بیبەری سووری هاڕدراو بە پاپریکا (paprika) ناسراوە. ئەم ڕووەکە سەر بە خێزانی تووڵەزەڕەیە و بە چەند جۆرێکی جیاواز بەردەستە. كاپسيسين (Capsaicin) پێکهاتەیەکی ڕووەکی سەرەکییە لە بیبەری توندا، بەرپرسیارە لە پێدانی ئەو تامە تایبەتە و هەروەها چەندین سوودی تەندروستی هەیە. 

لە کوێ بیبەری توون بەرهەم دەهێنرێت؟ 

بیبەری توون لە مەکسیک بەرهەم دەهێنرێت و لە خواردنی کولتووریی مەکسیکیدا بەکاردەهێنرێت. بیبەری توون بەشێکی گەورەی خواردن و کولتووری مەکسیکییە. هەروەها هەندێک جار وەک چارەسەر واتە دەرمان بەکاردەهێنرێت، بیبەری توون چەندین سوودی تەندروستی هەیە کە لەنزیکەی دوو هەزار ساڵ پێش ئێستاوە بەکاردەهێنرێت. سەرەڕای ئەوەی لە مەکسیک بەرهەم دەهێنرێت، بەڵام ئەم ڕووەکە لە تەواوی ناوچە جیاجیاکانی جیهاندا دەچێنرێت. 

پێکهاتە خۆراکییەکان

لە نزیکەی ١٥ گرام بیبەری سووری توونی نوێدا ئەم پێکهاتە خۆراکییانە هەیە: 

ڤیتامین و کانزاکان 

بیبەری توون بە چەندین ڤیتامین و کانزای جۆراوجۆر دەوڵەمەندە، لەگەڵ ئەوەی قەبارەی بچووکە بەڵام ئەم ڤیتامینانە لەخۆ دەگرێت. 

  • ڤیتامین C: بیبەری توون ڕێژەیەکی زۆر لەم دژەئۆکسێنە بەهێزەی تێدایە، کە بۆ پڕۆسەی ساڕێژبوونی برین و باشترکردنی ئەرکی کۆئەندامی بەرگری گرنگە. 
  • ڤیتامین B6: ئەم ڤیتامینە سەر بە خێزانی ڤیتامین Bـەکانە، بۆ گۆڕینی خۆراکە ماددەکان بۆ وزە گرنگە، واتە لە پڕۆسەی زیندەپاڵی وزەدا ڕۆڵی هەیە. 
  • ڤیتامین K1: ئەم جۆرەی ڤیتامین K لە چەند ڕووەکێکی دیاریکراودا هەیە، خۆشحاڵانە بیبەری توون یەکێکە لەو ڕووەکانە، بۆ مەیینی خوێن و تەندروستی ئێسک و گورچیلەکان گرنگە. 
  • پۆتاسیۆم: کانزایەکی پێویستی لەشە و چەندین ئەرکی گرنگ لە لەشدا جێبەجێ دەکات، ئەگەر بە بڕی پێویست بخورێت ئەوا ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ کەم دەکاتەوە. 
  • مس: ئەم پێکهاتەیە بە زۆری لە سیستمی خۆراکی ڕۆژئاواییدا زۆر کەمە، مس پێکهاتەیەکی زۆر پێویست و گرنگە، ڕۆڵی لە بەهێزکردنی ئێسک و تەندروستی دەمارەخانەکاندا هەیە. 
  • ڤیتامین A: بیبەری توون بە بێتا کارۆتین (beta-carotene) دەوڵەمەندە,  ئەم پێکهاتەیە دواتر لە لەشدا دەگۆڕێت بۆ ڤیتامین A. ئەم ڤیتامینەش بۆ گەورەبوون و گەشەکردن و تەندروستی کۆئەندامی بەرگری و بینین گرنگە. 

پێکهاتە ڕووەکییەکانی تری ناو بیبەری توون

بیبەری توون سەرچاوەیەکی دەوڵەمەندە بە کاپسیسین، هەروەها دژەئۆکسێنی وەک کارۆتینۆید تێدایە. پێکهاتە زیندەچالاکییەکانی بیبەری توون بریتیین لە:

  • كاپسانسين (Capsanthin): ئەمە پێکهاتەیەکی کارۆتینۆیدی سەرەکییە لە بیبەری تووندا، لە ٥٠٪ پێکهاتەکە دابین دەکات، بەرپرسە لە پێدانی ڕەنگی سوور بە ڕووەکەکە، بەهۆی ئەوەی دژەئۆکسێنێکی بەهێزە، دژی خانە شێرپەنجەییەکان دەجەنگێت و لەش دەپارێزێت. 
  • ڤايۆلازانسین (Violaxanthin): دژەئۆکسێنێکی گەورەیە کە لە بیبەری توونی زەرددا هەیە، نزیکەی ٣٧-٦٨% پێکهاتەی کارۆتینۆید پێک دەهێنێت. 
  • لیوتین (Lutein): ئەم پێکهاتەیە بەزۆری لە بیبەری توونی سەوزی پێنەگەیشتوودا هەیە، لەگەڵ پێگەیشتنی بیبەرەکەدا ئاستی ئەم پێکهاتەیە کەم دەکات و دادەبەزێت، وەرگرتنی بڕی پێویست لەم پێکهاتەیە یارمەتی بەرەوپێشبردنی تەندروستی چاو دەدات. 
  • کاپسیسین (Capsaicin): یەکێکە لەو پێکهاتانەی لە بیبەری تووندا زۆرترین لێکۆڵینەوەی لەسەر کراوە، ئەم پێکهاتەیە تامی توون بە ڕووەکەکە دەبەخشێت و هەروەها ڕۆڵی لە جێبەجێکردنی چەند ئەرکێکدا هەیە. 
  • ترشی سنابیک (Sinapic acid): پێکهاتەیەکی دژەئۆکسێنە و چەند سوودێک لەخۆ دەگرێت، ئەم پێکهاتەیە دژەهەوکردنە و ڕێگری لە دروستبوونی خانەی شێرپەنجەیی دەکات. 
  • ترشی فیریلیک (Ferulic acid): ئەمەش پێکهاتەیەکی دژەئۆکسێنیە و ڕێگری لە نەخۆشییە درێژخایەنەکان دەکات. بە شێوەیەکی گشتی بیبەری سووری تونی پێنەگەیشتوو پێکهاتەی دژەئۆکسێنی زیاترە وەک لە بیبەری توونی سەوزی پێگەیشتوو.

سوودە تەندروستییەکان

کەمکردنەوەی ئازار

کاپسیسین پێکهاتەیەکی زیندەچالاکی سەرەکییە لە بیبەری تووندا، هەروەها چەند تایبەتمەندییەکی هەیە. ئەم پێکهاتەیە بە ئازارە وەرگرەکانەوە دەلکێت، ئەم ئازارە وەرگرانە دەکەونە کۆتایی دەمارەکانەوە و هەستی ئازار دەگوازنەوە. لەگەڵ ئەوەی بیبەری توون وا دەکات کەسەکە هەست بە سووتانەوە بکات، بەڵام نابێتە هۆی دروستبوونی هیچ برینێک. بەکارهێنانی بڕێکی زۆر لە بیبەری توون بەپێی کات دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی ئازارە وەرگرەکان، واتە کەمتر هەست بە ئازار دەکەیت. بەم شێوەیە وا دەکات دوای ماوەیەک هەست بەو سووتانەوەیە نەکەیت کە بەهۆی خواردنی بیبەری توون دووچاری دەبیتەوە. لێکۆڵینەوەیەک دەریخستووە  ئەو کەسانەی دڵەکزێیان هەبووە و ڕۆژانە ٢٫٥ گرام لە بیبەری توونیان خواردووە، لە سەرەتای پێنج هەفتەی یەکەمدا ئازاریان زیاتر بووە، بەڵام بەپێی کات ئازارەکەیان کەمی کردووە و بارودۆخیان باشتر بووە. 

بۆ دابەزاندنی کێشی لەش 

قەڵەوی حاڵەتێکی مەترسیدارە و ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییە درێژخایەنەکانی وەک نەخۆشییەکانی دڵ و نەخۆشی شەکرە زیاد دەکات. هەندێک لێکۆڵینەوە دەریانخستووە کاپسیسین بە کەمکردنەوەی ئارەزووی خواردن و زیاتر سووتاندنی چەوری یارمەتی دابەزاندنی کێش دەدات. هەروەها ئەم پێکهاتەیە دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی وەرگرتنی کالۆری، لێکۆڵینەوەیەک لە نێوان ٢٤ کەسدا ئەنجامدراوە، لە ئەنجامدا ئاشکراکراوە ئەو کەسانەی پێش نانخواردن بیبەری توونیان خواردووە، بڕێکی کەمتر نانیان پێ خوراوە، واتە ئەمە وای کردووە بڕێکی کەمتر لە خواردن بخۆن. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەموو ئەو لێکۆڵینەوانەی ئەنجامدراوە نەگەیشتوونەتە هەمان ئەنجام واتە هەمووی ئەو ڕاستییەیان پشتڕاست نەکردووەتەوە، بەڵکوو تەنها چەند لێکۆڵینەوەیەکی سنووردار گەیشتوون بەم ئەنجامە. 

زیانە لاوەکییەکان

هەستکردن بە سووتانەوە یان کزانەوە 

بیبەری توون بە تامە تیژەکەی ناسراوە، بەهۆی بوونی پێکهاتەی کاپسیسین لە بیبەری تووندا وا دەکات کەسەکە لەدوای خواردنی هەست بە سووتانەوە یان کزانەوە بکات. ئەگەر بەڕێژەیەکی زۆر بخورێت ئەوا دەبێتە هۆی ئازاری توند، هەوکردن، هەڵئاوسان و سووربوونەوە. 

ئازاری گەدە و سکچوون 

لە هەندێک کەسدا خواردنی بیبەری توون دەبێتە هۆی ناڕەحەتبوونی ڕیخۆڵە، دەکرێت نیشانەکانی وەک ئازاری سک، هەستکردن بە کزانەوەی گەدە، دڵەکزێ و سکچوون لە کەسەکەدا دەربکەوێت. ئەم نیشانانە زیاتر لەو کەسانەی کۆنیشانەی کۆڵۆنی شڵەژاویان هەیە باوە، لەبەر ئەم هۆکارە ئامۆژگاری ئەم کەسانە دەکرێت بە شێوەیەکی سنووردار بیبەری توون بخۆن.


سەرچاوەکان



408 بینین