هەوکردنی جگەر

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار مونا ڕزگار - به‌روار: 2022-07-08-23:08:00 - کۆدی بابەت: 9332
هەوکردنی جگەر

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

جگەر (بە ئینگلیزی: Liver) ئەندامێکی جەستەیە کە لە بەشی سەرەوەی لای ڕاستی سکدایە، ئەم ئەندامە چەندین فەرمانی گرنگی جەستە بەڕێوە دەبات، ڕۆڵی سەرەکی هەیە لە زیندەچالاکییەکانی جەستەدا. هەوکردنی جگەر (بە ئینگلیزی: Hepatitis) نەخۆشییەکە کە تێیدا جگەر تووشی هەوکردن دەبێت، بەگشتی ئەم هەوکردنە بەهۆی ڤایرۆسێکەوە تووش دەبیت، بەڵام ئەگەری تریش هەیە بۆ تووشبوون بە هەوکردنی جگەر. 

جۆرەکانی

دوو ڕێگا هەیە بۆ تووشبوون بە هەوکردنی جگەر، ئەویش ڕێگا ڤایرۆسییەکان، و چەند هۆکارێکی تر کە دەبنە هۆی ئەم هەوکردنە کە ڕێگای ناڤایرۆسین.

١- ڕێگا ڤایرۆسییەکان

ئەم جۆرەیان بەهۆی ڤایرۆسەوە تووش دەبیت و پێنج جۆری سەرەکی هەیە ئەوانیش، (A,D,C,B,E) و هۆکاری هەر یەکەیان ڤایرۆسێکی جیاوازە. هەردوو جۆری هەوکردنی A,E نابنە درێژخایەن و تاڕادەیەک سەلامەتن، نەخۆشەکە بۆ ماوەی دوو هەفتە چەند نیشانەیەکی تێدا دەردەکەوێت، وەک بێتاقەتی، گۆڕانی ڕەنگی میز، زەردبوونی جەستە و سپێنەی چاو. بەگشتی چارەسەریان ئاسانە و ڕێژەی مردن بەم دوو جۆرە زۆر کەمە، مەگەر ئەوەی کە نەخۆشەکە تەمەنی زۆر بێت و نەتوانێت بەرگەی بگرێت.

هەوکردنی جگەر جۆری A

ئەم جۆرە هەوکردنە بەهۆی ڤایرۆسی (HAV) دروست دەبێت، ئەم جۆرەیان بەزۆری بەهۆی خواردن یاخود ئاوی پیسەوە دەگوازرێتەوە.

هەوکردنی جگەر جۆری E

ئەم جۆرە هەوکردنە بەهۆی ڤایرۆسی (HEV) و بەهۆی ئاوی پیسەوە دەگوازرێتەوە، بەگشتی لەو ناوچانەدا دەبینێرێت کە خزمەتگوزاری تەندروستی تێیدا کەمە و هەموو ئاوەکانیان تێکەڵ بە زێراب بووە، ئەم جۆرە هەوکردنەیان لە ئاسیا، ئەفریقا، ئەمریکای باشووردا زۆرە.

هەوکردنی جگەر جۆری B

ئەم جۆرەیان مەترسیدارە و لە ڕێگەی ڤایرۆسی (HBV) دەگوازرێتەوە بۆ نەخۆش و بەڕێگای ئاوی پیس و خۆراکی پیس ناگوازرێتەوە، زیاتر لە ڕێگەی پەیوەندی سێکسی و خوێن و شلەی جەستەوە دەگوازرێتەوە. زۆرجار دەبێتە هۆی هەوکردنی درێژخایەن و چارەسەرکردنی قوورسە.

هەوکردنی جگەر جۆری C

ئەم جۆرەیان بەهۆی ڤایرۆسی (HCV) دەگوازرێتەوە، باوترین جۆری هەوکردنی جگەرە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، وەک هەوکردنی جگەری جۆری B مەترسیدارە و بەهەمان ڕێگاکان دەگوازرێتەوە، لە زۆربەی حاڵەتەکاندا دەبێتە هۆی هەوکردنی درێژخایەن.

هەوکردنی جگەر جۆری ‌

ئەم جۆرەیان کە پێشی دەوترێت هەوکردنی جگەری دەلتا لە ڕێگەی ڤایرۆسی (HDV) دەگوازرێتەوە، بەهۆی بەرکەوتنی ڕاستەوخۆ بە کەسی تووشبووەوە دەگوازرێتەوە. هەوکردنی جگەری جۆری ‌D جۆرێکی دەگمەنە لە هەوکردن کە بەهۆی تووشبوونی میکرۆبی هەوکردنی جگەری جۆری Bـیەوە دروست دەبێت و زیاد دەکات. واتە جۆری D بەبێ بوونی جۆری B ناتوانێت بڵاوببێتەوە. 

٢- ژەهراوی بوون

یەکێکی تر لە ڕێگاکان بۆ تووشبوون بە هەوکردنی جگەر بریتییە لە ژەهراوی بوونی جگەر، خواردنەوەی زۆری خواردنەوە کحولییەکان دەبنە هۆی ئەم هەوکردنە و هەندێک جاریش پێی دەوترێت هەوکردنی کحولی جگەری، خواردنەوە کحولییەکان زیان دەگەیەنن بە خانەکانی جگەر. 
هەروەها زۆر بەکارهێنانی کۆمەڵێک دەرمان دەبنە هۆی ژهراویبوونی جگەر و تووشی هەوکردنی دەکەن.

وەڵامدانەوەی کۆئەندامی بەرگری جەستە

لە هەندێک کاتدا کۆئەندامی بەرگری لەش، بەهەڵە جگەر وەک مەترسییەک و تەنێکی بێگانە دەبینێت بۆ جەستە، دەست دەکات بە هێرێشکردنە سەری، ئەم نەخۆشییە دەبێتە هۆی هەوکردنی ئاسان یاخود توندی جگەر، بڵاوبوونەوەی ئەم نەخۆشییە لە ژناندا زۆر زیاترە و سێ بەرامبەری پیاوانە.

نیشانەکانی هەوکردنی جگەر

بەگشتی ئەگەر کەسەکە تووشی هەوکردنی جگەری درێژخایەن بووبێت، لەوانەیە زۆر درەنگ نیشانەکانی تێدا دەربکەوێت، بەگشتی نیشانەکانی هەوکردنی جگەر ئەمانەنن:

  • ماندوویەتی
  • نیشانەی وەک نیشانەکانی هەڵامەت
  • میزی تۆخ 
  • پیسایی بێ ڕەنگ یاخود کەم ڕەنگ
  • ئازاری سک
  • لەدەستدانی حەزی خواردن
  • لەدەستدانی کێشی زۆری جەستە
  • زەردبوونی پێست و چاو

دەستنیشانکردن

دەستینشانکردن بە نیشانە جەستەییەکان

پێش هەر کارێک پزیشک گرنگی دەدات بە پرسیارکردن دەربارەی ڕابردووی کەسەکە و چۆنییەتی ژیانکردنی. دواتر پرسیار دەکات دەربارەی نیشانە جەستەییەکان، هەروەها بە دەست لێدان لە سکی نەخۆشەکە دەتوانێت تێبینی گەورەتربوونی جگەری بدات، هەروەها بینینی نیشانەکانی وەک زەردبوونی پێست و چای نەخۆشەکە.

پشکنینی فەرمانەکانی جگەر

لەڕێگەی وەرگرتنی نموونەی خوێنەوە پشکنین دەکرێت بۆ فەرمانەکانی جگەر، هەبوونی ئەنجامێکی نائاسایی ئەگەرێکە بۆ هەبوونی ئەم هەوکردنە بەتایبەت ئەگەر نەخۆشەکە نیشانە جەستەییەکانیشی تێدا بێت. بەرزی ڕێژەی ئەنزیمی جگەر دەکرێت نیشانە بێت بۆ ئەوەی کە جگەر لە ژێر فشاردایە، یاخود زیانی بەرکەوتووە و فەرمانەکانی تێکچووە.

پشکنینی خوێن

ئەگەر هاتوو پشکنینی فەرمانەکانی جگەر نائاسایی بوو، پزیشک بڕیار دەدات بە ئەنجامدانی پشکنینەکانی تری خوێن. ئەم پشکنینانە بۆ دەستکەوتنی هەبوونی ڤایرۆسەکانی هەوکردنی جگەرە و یاخود دژەتەنە باوەکان ئەگەر بێت و جۆری هەوکردنەکە هەوکردنی دژەخۆیی بێت

سۆنەرکردن

سۆنەر ڕێگایەکە تێیدا شەپۆل بەکاردەهێنرێت بۆ بینینی ئەندامەکانی ناوەوەی جەستە، بەمشێوەیە لە ڕێگەی سۆنەرەوە دەتوانێت جگەر بپشکنێت و ئەمانەی خوارەوە ببینێت:

  • هەبوونی ئاو و شلە لە سکدا
  • زیانگەیشتنی یاخود گەورەبوونی جگەر
  • گرێی جگەر
  • تێکچوونەکانی زراو
  • هەندێک کاتیش پەنکریاس دەبینرێت و دەکرێت لە ڕێگەی ئەوەوە زیاتر بزانرێت

پشکنینی نموونەی شانەی جەستە (Biopsy)

بە ئەم ڕێگایە دەتوانرێت نموونە لە شانەکانی جگەر وەربگیردرێت، ئەویش لە ڕێگەی پێستەوە دەرزییەک دەکرێت بە سکدا و لە ڕێگەیەوە نموونەکە وەردەگیردرێت و پێویستی بە نەشتەرکاری نییە. بەم ڕێگایە دەکرێت بزانرێت هۆکاری توووشبوونی میکرۆبی یاخود هەوکردنی جگەر چییە.

چارەسەر

چارەسەری هەوکردنی جگەر بەپێی جۆری هەوکردنەکە دەگۆڕدرێت، هەریەکەیان چارەسەرێکی تایبەت بەخۆیان هەیە.

ڕێگریکردن

  • ڕەچاوکردنی پاکوخاوێنی و دوورکەوتنەوە لە خواردنی خۆراکی پیس و ئاوی پیس، بەتایبەت ئاوی تێکەڵ بە زێراب
  • شۆردنەوەی میوە و سەوزە بەباشی، باش کوڵاندنی گۆشت و مریشک
  • دوورکەوتنەوە لە بەکارهێنانی سرنجی پیسبووی تایبەت بە دەرمان یاخود ماددەی هۆشبەر
  • بەکارنەهێنانی مووس، مەکینەی ڕیشتاشین، فڵچەی ددانی کەسانی تر
  • دەستنەدان لە خوێنی کەسانی تر
  • دوورکەتنەوە لە پەیوەندی ناشەرعی 
  • بەکارهێنانی کۆندۆم لە کاتی جووتبوون لەگەڵ کەسی تووشبوودا
  • دوورکەتنەوە لە ماچکردنی کەسی تووشبوو بەتایبەت ماچی دەم


سەرچاوەکان



1293 بینین