ناوهڕۆك
ناساندن
ئاسن بەشێکی گەورە لە ھیمۆگڵۆبین پێکدەھێنێتو ھەڵدەستێت بەھەڵگرتنی ئۆکسجین و پرۆتین لە خڕۆکە سوورەکانی خوێندا و دەیگەیەنێتە بەشە جیاوازەکانی جەستە، ماسولکەکان پێداویستی خۆیان لەو رێگەوە وەردەگرن تاکو کارەکانیان بە ڕێکی ئەنجام بدەن، جگە لەوەش بوونی ماددەی ئاسن توانای بەرگری مرۆڤ لە بەردەم ماندوبووندا زیاتر دەکات، یەکێک لە خاسیەتەکانی ماوەی دووگیانی توانای ھەڵمژینی جەستە بۆ ئاسن زیاتر دەبێت، بۆیە لەسەر خانمی سکپڕ پێویستە لەوە دڵنیابێتەوە کە بڕی ئاسنی تەواوی وەرگرتوە لە پێناو زامنکردنی پێداویستی منداڵ بۆ ئۆکسجین. بڕی خوێن لە ماوەی سکپڕیدا زیاتر دەبێت، بۆیە پێویستی بە ماددەی ئاسنی زیاتر ھەیە بۆ دەستەبەرکردنی ھیمۆگڵۆبین، جگە لەوەش بوونی ئاستێکی زیاتری ئاسن یارمەتی خانمی دووگیان دەدات لە خەمۆکی دووربکەوێتەوەو ھەستکردن بە لاوازیو ماندووبوون و گرژبوون لەو ماوەیەدا کەم دەکاتەوە.
گرنگترین مەترسییەکانی کەمی ئاسن لە ماوەی دووگیانیدا
- دابەزینی کێشی منداڵ لەکاتی لەدایکبوونیدا.
- مردنی منداڵ پێش لەدایکبوونی.
- مردنی منداڵ بە ماوەیەکی کەم دوای لەدایکبووونی.
- خەمۆکی دایک لەکاتی سکپڕیدا.
- ئازاری دایک بەھۆی کەم خوێنییەوە لەدوای منداڵبوونی.
- زیادبونی مەترسی گەشەنەکردنی مێشکی منداڵ.
گرنگترین ئەو خواردنانەی دەوڵەمەندن بە ئاسن
پاقلەمەنی، میوەی وشککراوە وەک کشمیش و قەیسی و هەنجیر و مێوژ، زەردێنەی ھێلکە، گۆشتی مانگا و گا و مریشک، جگەری ئاژەڵ بەڵام زۆرینەی پزیشکەکان رێنمایی خانمان دەکەن لە ماوەی دووگیانیدا لە خواردنی جگەری ئاژەڵ دووربکەونەوە، ھەروەھا لە ماسی سەلەمون و توونە، لە چەرەزاتی وەک بادەم و بوندق و گازۆ، کونجی، لە سەوزەی گەڵاکان وەک بروکلی و سپێناغ و کەلەرم، لە دانەوێڵەکان وەک نیسک و برنج و گەنمدا ھەیە.