زیانەکانی نەخەوتن تا درەنگی شەو

له‌لایه‌ن: - شارا نەوزاد شارا نەوزاد - به‌روار: 2024-07-17-15:06:00 - کۆدی بابەت: 12499
زیانەکانی نەخەوتن تا درەنگی شەو

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

زیانەکانی مانەوە تا درەنگی شەو چییە (بە ئینگلیزی: What is the damage to staying up late، بە عەرەبی: ما هي أضرار السهر) درەنگ خەوتن چەندین زیانی دەروونی و تەندروستی هەیە. بە زانینی زیانەکانی و درککردنیان دەتوانیت هەوڵی تەرککردنی خووی درەنگ خەوتن بدەیت.

زیانەکانی مانەوە تا درەنگانی شەو چییە؟

زیادبوونی کێش

کەمخەوی پەیوەندی بە زیادبوونی برسێتی و هاندانی ئارەزووی خواردنی ئەو خۆراکانە هەیە کە ڕێژەیەکی زۆر چەوری و کاربۆهیدراتیان تێدایە، بەمەش توێژینەوەیەک لە ساڵی ٢٠٠٤ ئەنجامدراوە و دەرکەوتووە ئەو کەسانەی ڕۆژانە کەمتر لە شەش کاتژمێر دەخەون نزیکەی ٣٠ % ئەگەری قەڵەوی زیاترە بە بەراورد بەو کەسانەی کە ڕۆژانە ٧-٩ کاتژمێر دەخەون، زۆرێک لە توێژینەوەکانی ئەم دواییە سەرنجیان خستۆتە سەر پەیوەندی نێوان پێپتیدەکان کە ئارەزووی خواردن ڕێکدەخەن، هۆرمۆنی گرێلین کە کاردەکات بۆ هاندانی نیشانەکانی برسێتی و هۆرمۆنی لێپتین کە هەستی تێربوون لە مێشکدا بەرەوپێش دەبات و ئارەزووی خواردن کەمدەکاتەوە، چونکە کەمی خەوتن دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی ئاستی لێپتین و زیادبوونی ئاستی گرێلین.

لاوازی کۆئەندامی بەرگری لەش

لەکاتی خەوتندا کۆئەندامی بەرگری لەش مادەی پارێزەر بەرهەم دەهێنێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەوکردن و یەکێک لەو ماددانە بریتییە لە سایتۆکین، بەو پێیەی ئەم ماددانە بۆ بەرەنگاربوونەوەی بەکتریا و ڤایرۆس بەکاردەهێنرێن و یارمەتی خەوتن دەدەن و وزەی پێویست بۆ بەرگری لەش و بەرگریکردنی دژ بە نەخۆشی زیاد دەکەن، بەڵام کەمخەوی ڕێگری دەکات لە کۆئەندامی بەرگری لەش تا توانای دروستکردنی خۆی و هێزی وەرگرتنەوەی هەبێت، ئەمەش دەبێتە هۆی لاوازبوونی لە بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشیەکان، هەروەها لەوانەیە مرۆڤی کەم خەوتوو زیاتر لە ئاسایی پێویستی بە کات هەبێت تا لە هەوکردنێک چاک ببێتەوە، هەروەها کەمخەوی لە ماوەی درێژخایەندا مەترسی بەرکەوتن بە نەخۆشییە درێژخایەنەکان زیاد دەکات، وەک نەخۆشی شەکرە، و نەخۆشییەکانی دڵ.

دروستکردنی کاریگەری لەسەر هەست و بیرکردنەوە

کەمخەوی توانای بەشی لۆژیکی دەماخ لاواز دەکات بۆ کۆنترۆڵکردنی بەشە سۆزدارییەکە کە بریتییە لە ئامێگدالا، کە کاریگەری لەسەر لێکدانەوەی هەستەکان هەیە لەگەڵ توانای بیرکردنەوەی دروستیش. بەخەبەر مانەوە لە درەنگانی شەودا بەرهەمهێنانی هۆرمۆنە پێویستەکان بۆ ڕێکخستنی گەشەکردن و ئارەزووی خواردن تێکدەدات، جگە لە یارمەتیدان لەسەر زیادەڕۆیی لە بەرهەمهێنانی ماددە کیمیاییەکانی فشار، وەک: نۆرۆپینفرین، و جۆرەکانی کۆرتیزۆڵ.

تێکچوونی پێست

زۆربەی خەڵکی کە لە مانەوەی درەنگانی شەو بەخەبەرن دەناڵێنن بە دەست پێستی کاڵ و هەڵئاوسانی چاوەکانیانەوە. ئەوە ڕوون بووەتەوە کە کەمخەوی دەبێتە هۆی ماتی ڕەنگی پێست و دەرکەوتنی چرچ و لۆچی و ڕەشبوونی ژێر چاو. کەمی بڕی پێویستی خەوتن، هۆرمۆنێک بە ڕێژەیەکی زۆر دروست دەکات، کە دەبێتە هۆی تێکچوونی کۆلاجین لە پێستدا، کۆلاجین ئەو پرۆتینەیە کە پێست بە نەرمی دەهێڵێتەوە.


سەرچاوەکان



73 بینین