ناوهڕۆك
سەرەتا
ڕەشبوونی ئەژنۆ (بە ئینگلیزی: Darkening of knee، بە عەرەبی: سواد الركبة)، ئەم حاڵەتە کاتێک ڕوودەدات کە پێستی ئەژنۆ لەچاو بەشەکانی تری جەستە ڕەنگەکەی تۆختر دەبێت، حاڵەتێکی باوە و زۆربەی کەس ئەم جۆرە کێشەیەیان هەیە. ڕەشبوونی ئەژنۆ یەکێکە لە نیشانەکانی زۆربوونی خەستی میلانین (melanin)، پێکهاتەیەکە بەرپرسە لە پێدانی ڕەنگ بە بەشەکانی جەستە وەکوو پێست و چاو و قژ، واتە لە ئەنجامی زۆربوونی ئەم پێکهاتەیەی جەستە ڕوودەدات. گۆڕینی ڕەنگی ئەژنۆ لەوانەیە بە شێوەیەکی سەیر دەربکەوێت، بەڵام پێویست بە نیگەرانی ناکات و هیچ چارەسەرێکی پزیشکی پێویست نییە. سەرەڕای ئەوەی ڕەشبوونەوەی ئەژنۆ حاڵەتێکی بێزیانە، بەڵام هەندێک کەس پێی ناڕەحەت دەبن و دەیانەوێت ڕەنگەکەی وەکوو بەشەکانی تری جەستە بێت، لەبەرئەوە هەوڵ دەدەن شوێنەکەی سپی بکەنەوە و ئەو ڕەشییەی نەهێڵن.
هۆکارەکانی ڕەشبوونی ئەژنۆ
ڕەشبوونی ئەژنۆ حاڵەتێکی باوە، لە هەموو ڕەنگێک و جۆرێکی پێستدا ڕوودەدات. بە تایبەتی لەو پێستانەی ڕەنگیان تۆخە، لەبەرئەوەی میلانین لەو جۆرە پێستانەدا بە ڕێژەیەکی زۆرتر بەرهەم دەهێنرێت. ڕەشبوونی ئەژنۆ دەکرێت بۆ یەکێک لەم هۆکارانە بگەڕێتەوە:
- کۆبوونەوەی پێستی مردوو.
- وشکبوونەوەی پێست.
- ئەو هەوکردنانەی پەیوەندیان بە پێستەوە هەیە وەکوو ئەگزیما
- زیاد بەرکەوتنی پێست بە تیشکی خۆر
- لێکخشاندنێکی زۆری پێست
ڕەشبوونی ئەژنۆ حاڵەتێکی ئاساییە، بەڵام ئەگەر بەبێ بوونی هیچ هۆکارێک هەستت بە خوراندنی پێست کرد و شوێنەکەی کزایەوە، پێویستە سەردانی پزیشکی پێست بکەیت. ئەم حاڵەتە پێویست بە بەکارهێنانی هیچ جۆرە چارەسەرێک ناکات، دەکرێت لە ڕێگەی چەند تەکنیکێک لە ماڵەوە لەم جۆرە کێشەیە ڕزگارت بێت و ڕەنگەکەی وەک ئەوەی پێشووی لێبێتەوە.
چارەسەرە سروشتییەکانی ڕەشبوونی ئەژنۆ
دەکرێت ئەم تەکنیکانەی خوارەوە بۆ سپیکردنەوە و نەهێشتنی ڕەشی ئەژنۆ بەرکاربهێنرێت. بەڵام ئەم جۆرە چارەسەرانە لەلایەن پزیشکەوە پێشنیار ناکرێت، لەبەرئەوەی هیچ بەڵگەیەکی زانستی نییە کە پشتڕاستی بکاتەوە ئەم جۆرە چارەسەرانە کاریگەرییان هەیە.
١. چای سەوز
چای سەوز بە یەکێک لە چارەسەرە باوەکانی سپیکردنەوەی ئەژنۆ دادەنرێت. ئەمە دەکرێت بۆ بوونی ئەو پێکهاتەیە بگەڕێتەوە کە لە چای سەوزدایە و بە ئێپیگالۆکاتێکن گالەیت (epigallocatechin gallate) ناسراوە. لێکۆڵینەوەیەکی ساڵی ٢٠١٥ ئەوەی خستووەتە ڕوو، کە ئەم پێکهاتەیە ڕێگری لە کۆبوونەوەی میلانین دەکات، واتە ڕێگری لەو پێکهاتەیە دەکات کە دەبێتە هۆی ڕەشبوونی ئەژنۆ. ئەم پێکهاتەیەی ناو چای سەوز هەڵدەستێت بە بلۆککردنی تایرۆساینەز (tyrosinase)، کە ئەنزیمێکی سەرەتاییە بۆ دروستکردنی میلانین، لە ئەنجامدا ڕەشبوونی پێست ناهێڵێت. بەم شێوەیە چای سەوز بۆ ئەژنۆت بەکاربهێنە:
- کیسەیەک لە چای سەوز لەناو کوپێک ئاوی گەرم دابنێ و چاوەڕێبکە تا سارد دەبێتەوە.
- دواتر لۆکەیەک بکەرە ناو چایەکەوە، بە تەواوەتی هەمووی تەڕ بکە و دواتر بەشە زیادەکەی بگووشە.
- بە لۆکەکە تەواوی ئەژنۆت بسڕە، واتە ئەو ناوچانەی ڕەشبوونەتەوە لۆکەکەی پێدا بهێنە. هەوڵبدە ڕۆژانە دووجار ئەمە دووبارەبکەیتەوە، تاکوو ڕەشییەکەی نامێنێت و هەست بە جیاوازی دەکەیت.
٢. بەکارهێنانی ئەلۆڤێرا
ئەلۆڤێرا ڕووەکێکی زۆر بەناوبانگە و چەندین هەزار ساڵە بەکاردەهێنرێت. ئەلۆڤێرا ڕووەکێکی ئەستووری قەد کورتە، کە ئاو لەناو گەڵاکانیدا کۆدەکاتەوە، لەناو خەلكدا بەوە ناسراوە کە وەک چارەسەرێکی سروشتی بۆ پێست بەکاردەهێنرێت. بەکارهێنانی ئەلۆڤێرا بۆ سپیکردنەوەی پێست دەکرێت لای زۆر کەس ئاشنا بێت و زۆربەی کەس ئەم زانیارییەیان بەر گوێ کەوتبێت، بەڵام هیچ بەڵگەیەکی زانستی نییە ئەم جۆرە زانیارییە پشتڕاست بکاتەوە. لێکۆڵینەوەیەک لە ساڵی ٢٠٠٢ ئەنجامدراوە و لە ئەنجامدا دەریخستووە، بەهۆی بوونی پێکهاتەیەک بە ناوی ئەلۆیسن (aloesin) لە پێکهاتەی ئەلۆڤێرادا، ڕۆڵی لە سپیکردنەوەی پێست هەیە. ئەم پێکهاتەیەی ناو ئەلۆڤێرا ڕێگری لە زیادبوون و کۆبوونەوەی میلانین دەکات. بەم شێوەیە ئەلۆڤێرا بۆ ئەژنۆت بەکاربهێنە:
- نزیکەی یەک کەوچکی چێشت لە ئەلۆڤێرا بخەرە سەر ئەژنۆت، بە تایبەتی ئەو شوێنەی ڕەنگەکەی گۆڕاوە و ڕەشبووەتەوە.
- دواتر بەهێواشی و بە دەستێکی پاک بەو ناوچەیەی مەبەستتە بڵابکەرەوە، پێویستە دەستەکانت پاکوخاوێن بن و هیچ جۆرە شتێکی پێوە نەبێت.
- ئەم جۆرە چارەسەرە هەفتانە دوو تا سێ جار دووبارە بکەرەوە تاکوو هەست بە جیاوازی دەکەیت و ڕەشییەکەی نامێنێت.
٣. زەردەچەوە
زەردەچەوە وەکوو نەریتێک لە کۆنەوە بۆ سپیکردنەوەی پێست بەکاردەهێنرێت. زەردەچەوە پێکهاتەیەکی سەرەکی تێدایە کە بە کەرکیومن (Curcumin) ناسراوە، وا دادەنرێت ئەم پێکهاتەیە بەرپرس بێت لە دروستکردنی ئەو کاریگەرییەی زەردەچەوە. واتە وا دادەنرێت بەهۆی بوونی ئەم پێکهاتەیەوەیە کە زەردەچەوە ڕۆڵی لە سپیکردنەوەی پێستدا هەیە. بەم شێوەیە زەردەچەوە بۆ سپیکردنەوەی ئەژنۆ بەکاربهێنە:
- سەرەتا نیو کەوچکی چا لە زەردەچەوە لەگەڵ یەک کەوچکی چێشت لە ماست یان هەنگوین تێکەڵ بکە.
- ئەو گیراوەیەی کە گرتووتەوە بە ئەژنۆتدا بڵاوی بکەرەوە، بۆ ماوەی دە بۆ ١٥ خولەک بەجێی بهێڵە و چاوەڕێبکە.
- دواتر بە ئاو بیشۆ، ئەم کردارە هەفتانە دوو تا سێ جار دووبارەبکەرەوە، تاکوو هەست بە جیاوازییەکە دەکەیت و ئەنجامێکی دەبێت.
چۆن ڕێگری لە ڕەشبوونی ئەژنۆ بکەین؟
باشترین چارەسەر بۆ ڕەشبوونی ئەژنۆ ئەوەیە ڕێگری لە ڕوودانی بکەیت. خۆشحاڵانە دەکرێت ڕێگری لە ڕەشبوونی ئەژنۆکان بکرێت، ڕێگاکانی ڕەشبوونی ئەژنۆ بریتیین لە:
- بە بەردوامی دژەخۆر بەکاربهێنە: لەبەرئەوەی کۆبوونەوەی ڕەنگی میلانین واتە ئەو مادەیەی دەبێتە هۆی ڕەشبوونی پێست بەهۆی تیشکی خۆرەوە ڕوودەدات، کەواتە باشترین ڕێگا ئەوەیە دژەخۆر بەکاربهێنرێت. دژەخۆر بۆ تەواوی جەستەت بەکاربهێنە بە ئەژنۆکانیشتەوە.
- ڕۆژانە کرێمی شێدارکەرەوە بەکاربهێنە: هەوڵبدە کرێمی شێدارکەرەوە بۆ ئەژنۆکانت بەکاربهێنیت، تاکوو ئەژنۆکانت تووشی وشکبوونەوە نەبن و لە هەمان کاتیشدا ڕەش نەبنەوە و بە تەندروستی بمێننەوە.