قڵیشانی پێ

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار مونا ڕزگار - به‌روار: 2022-09-18-22:26:00 - کۆدی بابەت: 10298
قڵیشانی پێ

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

قڵیشانی پێ (بە ئینگلیزی: Cracked heel)، (بە عەرەبی: تشقق كعب القدم). یەکێکە لە کێشە باوەکانی خەڵکی. ئەم قڵیشانە لە ژێر پێدا ڕوودەدات و پێستەکە قڵیش دەبات و ناشرین دەبێت. لە خانماندا زیاترە وەک لە پیاوان. ئەگەر بێت و قڵیشانی پێ بەخێرایی چارەسەر نەکرێت، زیاتر دەکات و چارەسەرکردنیشی قورستر دەبێت. چەندین هۆکار هەیە بۆ ئەوەی قڵیشانی پێ دروست ببێت.

نیشانەکان

نیشانە سووکەکان

سەرەتا نیشانەکان بە کەمی دەردەکەون و سوووکن وەک:

  • قڵیشی پێ کە بە چاو ببینرێت.
  • گۆڕانی ڕەنگی شوێنی قڵیشی پێیەکان بۆ زەرد یاخود قاوەیی.
  • ئەستووربوونی پێستی پاژنەی پێ.

نیشانە تووندەکان

ئەگەر هاتوو نیشانە سووکەکان زوو چارەسەر نەکران، دەکرێت نیشانەکان توندتر ببن:

  • خوێنبەربوون لە شوێنی قڵیشەکان
  • هەبوونی ئازار لە کاتی دانانی پێدا
  • دروستبوونی برینی زیاتر و هەوکردنیان

هۆکارەکان

وشکبوونەوە هۆکاری سەرەکی ئەم قڵیشانەیە، پاژنەی پێ تەواوی کێشی جەستە هەڵدەگرێت، هەر بۆیە زووتر وشکدەبنەوە. کاتێک بەپێی پێویست شێدار نەبێت و وشک ببێتەوە قڵیش دەبات و دەتەقێت، ئەم وشکبوونەوەیە دەکرێت چەند هۆکارێکی هەبێت:

  1. شێدارنەکردنەوەی پێیەکان: ئەم هۆکاره باوترین هۆکاری قڵیشی پێیەکانە، پێستی پاژنەی پێ بڕێکی کەم لە ئارەقەڕژێنی هەیە و تایبەتمەندی کێشهاتنی نییە. هەر بۆیە زیاتر وشک دەبێتەوە، دەبێت ڕۆژانە چەند جارێک شێدارکەرەوەی لێ بدەیت بەتایبەت لە پێش خەوتن.
  2. بەکارهێنانی ئاوی گەرم: خۆشۆردن لە گەرماوی زۆر گەرمدا بۆ ماوەیەکی زۆر، یاخود پێیەکانت لەناو ئاوی زۆر گەرمدا دابنێیت. ئاوی گەرم چەورییە سروشتییەکانی پێ لەناو دەبات و پێستەکە وشک دەکاتەوە. 
  3. پیسی و بەکارهێنانی سابوونی نەگونجاو: پاکڕانەگرتنی قاچەکان، نەشۆردنیان و چوونە ناو شوێنی پیس بەبێ پێڵاو. هەروەها بەکارهێنانی سابوونێک کە پێست وشک بکاتەوە، ئەم جۆرە سابوونانە وردە وردە دەبنە هۆی قڵیشی پێ.
  4. پێڵاوی کراوه: لەپێ کردنی پێڵاوی کراوە کە تێیدا پێیەکان دەردەکەون، کەسەکەش گۆرەوی لەپێ ناکات، هۆکارێکی ترە بۆ قڵیشانی پێ. زۆر لەپێ کردنی پێڵاوی کراوە بەتایبەت لە هاویندا، وادەکات خۆر و تۆز بدات لە پێیەکان و وشک ببێتەوە و بەمەش بقڵیشێت. 
  5. قەڵەوی: قەڵەوی و زیادی کێشی لەش پەستانێکی زۆر دەخاتە سەر چەوری ژێر پێیەکان. تێکچوونێک دروست دەکات لە پێیەکاندا و بەمەش پێستەکە زوو دەتەقێت.
  6. نەخۆشی: ئەگەر کەسێک نەخۆشییەکی تایبەتی هەبێت، ئەگەری قڵیشی پێی زیاتر دەبێت، وەک نەخۆشییەکانی: غودە، ئەگزیما، شەکرە، کەڕووی پێست.
  7. کەمی ماددە خۆراکییەکان: کەمبوونەوەی ماددە خۆراکییەکانی جەستە وەک ڤیتامینەکان، ماددەی ئاسن.
  8. پەستان: زۆر وەستان لەسەر پێیەکە لە کاتی کارکردندا.
  9. پیری: پێستی ئەستوور زیاتر تووشی قڵیش دەبێتەوە، کاتێک کەسێک پیر دەبێت و پێستی ئەستوورتر دەبێت، زووتر پێیەکانی وشک دەبنەوە و دەقڵیشێت.

چارەسەر

  • ڕێکخستنەوەی خۆراک: لەوانەیە هۆکاری قڵیشەکە خۆراکی نادروست بێت، هەوڵبدە لە هەموو خۆراکەکەتدا ڤیتامینەکان، پڕۆتین، ئاسن، ئۆمێگا ٣ بە ئەندازەی پێویست بخۆیت. 
  • بەکارهێنانی ئاو: پێستە قڵیشاوەکەی پێ بەگشتی ئەستوورتر و وشکترە، لە بەشەکانی تری پێ. هەروەها بەهۆی وشکێتییەکەوە کاتێک پەستانی زۆری بکەوێتە سەر ئەگەری هەیە بتەقێت، بۆیە واباشە تەشتێک ئاوی شلەتێن بهێنیت، کەمێک سابوونی گونجاو بە پێستت ورد بکە ناو ئاوەکە و بۆ ماوەی ٣٠ خولەک قاچت لەناویدا دابنێ. دوای ئەمە بەهێواشی پێیەکانت وشکبکەرەوە. دواتر کرێم و شێدارکەرەوەی لێبدە، پاشان گۆرەوییەکی پەڕۆ لەپێ بکە تاکوو چەوری کرێمەکە نەیتە دەرەوە. 
  • لابردنی پێستە ئەستوورەکان: یاخود دەتوانیت پێیەکانت بە بەردی تایبەت یان هەر ئامێرێک پێستە مردووەکەی لا ببەیت و پاشان پێیەکانت بخەیتە ئاوەوە. وردە وردە مەساج بکە بۆ پێیەکانت و سکرەبی بۆ بکە تاکوو پێستە مردووەکان لێدەبنەوە.
  • هەنگوین: هەنگوین تایبەتمەندی دژەمیکرۆبی و دژەبەکتریایی هەیە، دەتوانێت برینەکانی سەر پێست چاک بکاتەوە. دەتوانیت دوای ئەوەی قاچت لەناو تەشتە ئاوەکەدا دەرهێنا و وشکت کردەوە، هەنگوینی لێ بدەیت و پاشان گۆرەوی لەپێ بکەیت بۆ ئەوەی هەنگوینەکە دەوروبەر پیس نەکات. 
  • زەیتی گوێزی هیندی: ئەم زەیتە ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە شێدارکردنەوەی پێیەکاندا. بەهەمان شێوە دوای هێنانە دەرەوەی پێیەکان لەناو ئاوەکەدا دەتوانیت زەیتی گوێزی هیندی لێ بدەیت و دواتر گۆرەوی لەپێ بکەیت.
  • لیمۆ: لیمۆیەک بهێنە و لە ناوەڕاستدا بیبڕە و بیکە بە دوو بەشەوە، دواتر ئاوی تەشتەکە خاڵی بکە و هەریەکە لە قاشەکان بدە لەژێر پێیەکانت و بەجۆرێک ژێر پێت بچێت بەناویدا، پاشان گۆرەوی لەپێ بکە و بەمشێوەیە بمێنەرەوە بۆ ماوەی ٣٠ خولەک. لیمۆ بەهۆی بوونی ئەسیدی ناویەوە خانە و پێستە مردووەکان لەناودەبات. هەروەها دەبێتە هۆی شێدارکەرەوەی پێستەکە و نەرمی دەکاتەوە. هەروەها دەتوانیت تێکەڵەی ئاوی لیمۆ و ڤازلیین بدەیت لە پێیەکانت، شەو پێش نووستن لێی بدەیت و بەیانی بە ئاو بیشۆیت.
  • مۆز و ئاڤۆگادۆ: دەتوانیت مۆزێک و ئاڤۆگادۆیەک تێکەڵ بکەیت و ببێتە گیراوەیەک، بۆ ماوەی ١٥ بۆ ٢٠ خولەک لە پێیەکانتی بدەیت و پاشان بە ئاوی شلەتێن بیشۆیت.
  • شیر: پێست پاکدەکاتەوە و ڕەونەقی تایبەتی پێدەدات، بوونی ترشی لاکتیک و ترشی ئەلفاهایدرۆکسی لەناو شیردا، یارمەتی لابردنی وشکی و زبری پێست دەدەن، کوپێک شیر بکە ناو تەشتێک ئاوی گەرمەوە و بۆ ماوەی ١٠ خولەک پێیەکانت تێیدا دابنێ.
  • ئاو و خوێ: بۆ ماوەی ١٥ خولەک پێیەکانت لەناو تەشتێک ئاوی سوێردا دابنێ، پاشان پێیەکانت وشک بکەرەوە و بیخە ناو تەشتێک ئاوی ساردەوە بۆ ماوەی ١٠ خولەک. ئەم کارە وادەکات وروژمی خوێن بۆ ناو پێیەکانت زیاتر بکات.
  • سۆدە: سێ کەوچکی چێشت سۆدە بکە ناو تەشتێک ئاوەوە و بەباشی تێکەڵی بکە، دواتر بۆ ماوەی ١٠ بۆ ١٥ خولەک پێیەکانت لەناو تەشتەکەدا دابنێ. پاشان بەرد بیهێنە بەژێر پێتدا.
  • زەیتی کونجی: یەکێک لە زەیتە باشەکان بۆ قڵیشی پێیەکان، زەیتی کونجییە. کە یارمەتی شێداری پێستەکە دەدات، یارمەتی گەشەی خانەکان دەدات و پێستە مردووەکان لادەبات. دوو کەوچکی چا زەیتی کونجی بکە ناو تەشتێک ئاوی گەرمەوە، پاشان بۆ ماوەی ١٠ خولەک پێیەکانتی تێدا دابنێ. ئەگەر قڵیشەکان زۆر و قووڵن دەتوانیت پێش ئەوەی پێیەکانت بخەیتە ئاوەکەوە زەیتی کونجی لێ بدەیت و مەساجی پێ بکەیت.
  • مۆز: مۆزێک پان بکەرەوە، بیدە لەژێر پێت و ئەو شوێنانەی کە قڵیشیان بردووە. دواتر بە زەرفێک پێی خۆت دابپۆشە و گۆرەوی لەپێ بکە. چەند کاتژمێرێک بەمشێوەیە بمێنەرەوە.
  • خەنە: چۆن خەنە دەگریتەوە و دەیدەیت لە سەرت و دەست، دەتوانیت بە هەمان شێوە بیدەیت لە پێیەکانت و یارمەتیدەرە بۆ کەمکردنەوەی قڵیشەکان.
  • کرێمی شێدارکەرەوە: بەکارهێنانی کرێمی شێدارکەرەوە زۆر گرنگە ڕۆژانە چەند جارێک بەکاربهێنرێت. هەمیشە دوای خۆشۆردن پێیەکانت وشکبکەرەوە و کرێمی شێدارکەرەوەی لێ بدە. هەروەها شەوانە کرێمی لێ بدە و دواتر گۆرەوی لەپێ بکە و بخەوە، ڕۆژانەش کە دەچیتە دەرەوە پێش ئەوە کرێمی شێدارکەرەوەی لێ بدە و پاشان گۆرەوی لەپێ بکە بۆ دەرەوە.
  • کرێمی قڵیشی پێ: ئەگەر قڵیشەکە زۆرە و چارەسەر ناکرێت لە ماڵەوە، واباشە سەردانی پزیشک بکەیت و کرێمی تایبەت بە قڵیشی پێت بۆ بنووسێت. بەپێی ڕێنوێنی پزیشک دەتوانیت بەکاریبهێنیت.


سەرچاوەکان



344 بینین