وەستانی هەناسە لە كاتی خەودا

له‌لایه‌ن: - بەنان ئەحمەد بەنان ئەحمەد - به‌روار: 2022-12-10-21:03:00 - کۆدی بابەت: 10609
وەستانی هەناسە لە كاتی خەودا

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

وەستانی هەناسە لە كاتی خەودا (بە ئینگلیزی: sleep apnea، بە عەرەبی: توقف التنفس أثناء النومیەکێک لەو كێشانەی کە بەڕاستی دەتوانێت ئارامی لە مرۆڤ بسەنێتەوە، وەستانی هەناسەدانە لە خەودا. ئەگەر چارەسەر نەکرێت، دەبێتە هۆی کێشەی دڵ و بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن. ئەم نەخۆشییە دەكرێت لە هەر کەسێکدا ڕووبدات، بەڵام بە گشتی لەو کەسانەی كە کێشیان زیادە ڕوودەدات.

وەستانی هەناسە لە كاتی خەودا چییە؟

وەستانی هەناسە لەكاتی خەودا (Sleep Apnea) یەکێکە لەو تێکچوونانەی خەوە کە دەبێتە هۆی وەستانی پچڕ پچڕی هەناسە لە كاتی خەودا. ئەگەر بە دەنگی بەرز پرخە پرخ بکەیت و دوای خەوێكی تەواو لە شەودا هێشتاش هەست بە ماندوێتی بکەیت لە ڕۆژدا، لەوانەیە تووشی وەستانی هەناسەدان لە کاتی خەوتندا بووبیت.

جۆرە سەرەکییەکانی وەستانی هەناسە لە کاتی خەودا بریتین لە:

- وەستانی هەناسەی ڕێگر Obstructive Sleep Apnea (OSA): ئەم جۆرە زیاترە لە جۆری دووەم و بەهۆی گیرانی بۆری هەناسەوە دروست دەبێت. ئەم جۆرە وەستانی هەناسەیە کاتێک ڕوودەدات کە شانە نەرمەکانی پشتی قوڕگ لە کاتی خەوتندا خاو دەبنەوە.

- وەستانی هەناسەی ناوەندی (Central Sleep Apnea): بە پێچەوانەی OSA، لەم جۆرە وەستانی هەناسەدا، بۆری هەناسە داناخرێت، بەڵام بەهۆی ناسەقامگیری لە ناوەندی کۆنترۆڵکردنی هەناسەدان، مێشک ناتوانێت ئاماژە بە ماسولکەکان بکات بۆ هەناسەدان.
- وەستانی هەناسەی تێكەڵ (Complex Sleep Apnea): ئەم جۆرە لە وەستانی هەناسە کاتێک ڕوودەدات کە کەسێک هەم تووشی وەستانی هەناسە بەهۆی گیرانی بۆری هەناسەوە و هەم تووشی وەستانی هەناسەی ناوەندی بووە.

ئەگەر پێت وایە لەوانەیە تووشی وەستانی هەناسەدان لە کاتی خەودا بووبیت، پێویستە سەردانی پزیشک بکەیت. چارەسەرکردن دەتوانێت نیشانەکانت کەم بکاتەوە و لەوانەیە ڕێگری بکات لە کێشەکانی دڵ و ئاڵۆزییەکانی تر.

نیشانەکانی وەستانی هەناسە لە کاتی خەودا

زۆرجار، یەکەم نیشانەکانی وەستانی هەناسە لە کاتی خەودا لەلایەن نەخۆشەکەوە دەستنیشان ناکرێت، بەڵکوو لەلایەن کەسانی دەوروبەریەوە دەستنیشان دەکرێن. زۆرێک لە تووشبووان هیچ گلەییەکیان لە خەوتنیان نییە. باوترین نیشانەکانی وەستانی هەناسەدان لە کاتی خەودا بریتین لە:

  • پرخە پرخ
  • خەواڵوویی یان ماندوێتی لە ڕۆژدا
  • نائارامی لە کاتی خەوتن و زوو زوو بەئاگاهاتنەوە لە شەودا
  • بەئاگاهاتنەوەی لەناکاو لەگەڵ هەستکردن بە هەناسەبڕکێ یان خنکان
  • وشکبوونەوەی دەم یان قوڕگ ئێشە لەکاتی خەبەربوونەوەدا
  • تێکچوونی هزری، وەکوو کێشەی سەرنجدان، لەبیرچوونەوە یان توڕەبوون
  • تێکچوونی باری دەروونی وەك خەمۆکی یان دڵەڕاوکێ
  • ئارەقەی شەوانە
  • زۆری میزکردن لە شەودا
  • تێکچوون یان کەمبوونەوەی حەزی سێکسی
  • ژانەسەر

ئەو کەسانەی کە تووشی کۆتایی هاتنی هەناسەدان لە کاتی خەودا بوون زۆرجار باس لە بەئاگابوونەوە یان کەمخەوی دەکەن، هەرچەندە لەوانەیە هەست بە خنکاندن یان هەناسەبڕکێش بکەن کاتێک لە خەو هەڵدەستن.

ڕەنگە نیشانەکانی لە منداڵاندا کەمتر دیار بن و بریتین لە:

  • خراپی ئاستی قوتابخانە.
  • تەمەڵی یان خەواڵوویی، زۆرجار بە هەڵە وەک تەمەڵی لە پۆلدا لێکدەدرێتەوە.
  • هەناسەدان بە دەم و كێشەی قوتدان لە ڕۆژدا.
  • دۆخی نائاسایی خەوتن، وەک خەوتن لەسەر دەست و ئەژنۆ، یان زۆر درێژبوونەوەی مل.
  • ئارەقەکردنەوەیەکی زۆر لە شەودا.
  • تێکچوونی فێربوون و ڕەفتار وەك چالاکی زۆر و کەمی سەرنج.
  • میز بەخۆداكردن.

هۆكاری وەستانی هەناسەی ڕێگر لە خەودا

کۆتایی هاتنی هەناسەدان لە کاتی خەودا کاتێک ڕوودەدات کە ماسولکەکانی پشتی قوڕگت ئارام دەبنەوە. ئەم ماسولکانە پاڵپشتی لە مەڵاشوی نەرم، ئەو شانە سێگۆشەیەی کە بە ماڵاشوی نەرمەوە هەڵواسراوە (زمانی بچووک)، لەوزەكان و دیوارە لاوەکییەکانی قوڕگ و زمانن. کاتێک ماسولکەکان ئارام دەبنەوە، لەگەڵ هەناسەدانتدا بۆری هەناسەت تەسک دەبێتەوە یان دادەخرێت و ناتوانیت ئۆکسجینی پێویست بەدەستبهێنیت. ئەمەش لەوانەیە ببێتە هۆی دابەزینی ئاستی ئۆکسجینی خوێنت، مێشکت هەست بەم بێتواناییە دەکات لە هەناسەدان و بۆ ماوەیەکی کورت لە خەو هەڵتدەستێنێت بۆ ئەوەی بتوانیت بۆری هەناسەت بکەیتەوە.

هەندێکجار ئەم بەئاگاهاتنەوە ئەوەندە کورتە کە ڕەنگە بەهیچ شێوەیەک لەبیرت نەبێت، لەوانەیە دەنگی پرخە پرخ، خنکان، یان هەناسەبڕکێت لە خەودا هەبێت. ئەمە دەكرێت لە کاتژمێرێکدا ٥-٣٠ جار بە درێژایی شەو دووبارە بێتەوە. ئەم تێکچوونانە توانای گەیشتنت بە خەوی قوڵ لەناو دەبەن و ڕەنگە وابکەن هەست بە خەواڵوویی و ماندوێتی بکەیت لە ڕۆژدا و لە کاتی بەئاگابوونەوەدا. لەوانەیە ئەوانەی تووشی وەستانی هەناسەدان لە کاتی خەودا بوون، درک بەوە نەکەن کە زۆرجار خەویان دەپچڕێت. لەڕاستیدا ڕەنگە هەندێک کەس کە ئەم جۆرە وەستانی هەناسەیان هەیە پێیانوابێت کە بەدرێژایی شەو بە باشی خەوتوون.

هۆکارەکانی وەستانی هەناسەی ناوەندی لە کاتی خەودا

وەستانی هەناسەی ناوەندی كەمتر باوە وەك لە وەستانی هەناسەی ڕێگر و کاتێک ڕوودەدات کە مێشکت ناتوانێت سیگناڵ بۆ ماسولکەکانی هەناسەدانت بنێرێت. واتە بۆ ماوەیەکی کورت هەوڵی هەناسەدان نادەیت. لەوانەیە بەهۆی هەناسە تەنگی خەبەرتبێتەوە یان بۆ ئەوەی كە خەوت لێبكەوێت و خەوێكی قوڵت هەبێت زۆر هەوڵ بدەیت.

کێ مەترسی تووشبوونی هەیە بە وەستانی هەناسە لە کاتی خەودا؟

وەستانی هەناسە لە کاتی خەودا دەكرێت لە هەر تەمەنێکدا و بۆ هەموو كەسێك ڕووبدات، تەنانەت منداڵانیش. ئەم کەسانەی خوارەوە زیاتر مەترسی تووشبوونیان بە وەستانی هەناسە لە کاتی خەودا هەیە:

  • پیاوان دوو هێندە زیاتر تووشی نەخۆشی وەستانی هەناسەدان لە کاتی خەودا دەبن لە چاو ژنان.
  • ئەو کەسانەی کە کێشیان زیادە.
  • ئەو کەسانەی تەمەنیان لە سەرووی ٤٠ ساڵەوەیە.
  • ئەوانەی دەوری ملیان گەورەیە (١٧ ئینج یان زیاتر لە پیاوان و ١٦ ئینج یان زیاتر لە ئافرەتان).
  • ئەوانەی لەوزەیان گەورەیە، زمانیان گەورەیە یان ئێسکی شەویلگەیان بچووکە.
  • ئەوانەی کە بۆری هەوایان تەسکە.
  • ئەوانەی پێشینەی خێزانی تووشبوونیان بە وەستانی هەناسەدان لە کاتی خەودا هەیە.
  • ئەوانەی کە کحول، ئارامکەرەوە و ئازارشکێن بەكاردێنن. ئەم ماددانە ماسولکەکانی قوڕگ ئارام دەکەنەوە.
  • ئەوانەی کە تووشی گەڕانەوەی ترشی گەدە بۆ سورێنچک بوون.
  • ئەوانەی جگەرە دەکێشن. جگەرەكێشەكان سێ ئەوەندە زیاتر لە کەسانی تر تووشی وەستانی هەناسەدان لە کاتی خەودا دەبن.
  • ئەو کەسانەی نەخۆشی دڵیان هەیە.
  • ئەو کەسانەی لە ڕابردوودا جەڵتەی مێشک لێیداون.
  • ئەوانەی كە توشی لووت گیران بوون بەهۆی هەستیاری یان هەوکردنی جیوب.

مەترسییەکانی وەستانی هەناسەدان لە کاتی خەودا چین؟

ئەگەر چارەسەری وەستانی هەناسە لە کاتی خەودا نەکرا، ئەوا کێشەی زۆر بۆ تەندروستیت دروست دەکات، لەوانە:

جگە لەوەش، ئەگەر چارەسەر نەکرێت، ڕەنگە وەستانی هەناسەدان لە کاتی خەودا ئەنجامدانی چالاکییەکانی ڕۆژانە تێکبدات، بۆ نموونە ئەرکەکانی کار و قوتابخانە، ڕووداوی ئۆتۆمبێل و شکستی خوێندن لە منداڵان و هەرزەکاراندا.

چارەسەری وەستانی هەناسە لە کاتی خەودا

بۆ ئەوانەی کە تووشی وەستانی هەناسە لە کاتی خەودا بوون، ڕەنگە تەنها گۆڕینی شێوازی ژیان وەک دابەزاندنی کێش یان وازهێنان لە جگەرەکێشان پێویست بێت. ئەگەر هەستیاریت هەیە، بە ئەگەرێکی زۆرەوە پزیشکەکەت پێشنیاری ئەوەت بۆ دەکات کە چارەسەری هەستیارییەكەت بکەیت. ئەگەر بەم ڕێگایانە نیشانەکانت باشتر نەبوو یان ئەگەر وەستانی هەناسە مامناوەند بۆ توند بوو، پێویستە چارەسەری تر بەکاربهێنرێت.

چارەسەری ماڵەوە بۆ وەستانی هەناسە لە کاتی خەودا

ئەگەر وەستانی هەناسەدان لە کاتی خەودا سووک بوو، بە ئەگەرێکی زۆرەوە دەتوانیت بە گۆڕینی ڕەفتارەکانت چارەسەری بکەیت، بۆ نموونە:

  • کێش دابەزاندن.
  • دوور بکەوەرەوە لە خواردنەوە کحولییەکان و حەبی خەوتن.
  • گۆڕینی دۆخی خەوتن بۆ باشترکردنی هەناسەدان.
  • وازهێنان لە جگەرەکێشان. جگەرەکێشان دەبێتە هۆی زیادکردنی هەوکردن و ئاوسانی کۆئەندامی هەناسە، ئەمەش دەبێتە خراپتر بوونی پرخە پرخ و وەستانی هەناسە لە كاتی خەودا.
  • دوور بکەوەرەوە لە خەوتن لەسەر پشت.


سەرچاوەکان



341 بینین