هۆکارەکانی هاتنەخوارەوەی لیک بە دەمدا

له‌لایه‌ن: - ڤێنوار زاهیر ڤێنوار زاهیر - به‌روار: 2022-12-17-22:34:00 - کۆدی بابەت: 10702
هۆکارەکانی هاتنەخوارەوەی لیک بە دەمدا

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

هۆکارەکانی هاتنەخوارەوەی لیک بە دەمدا (بە ئینگلیزی: Causes of drooling، بە عەرەبی: أسباب سيلان اللعاب)، بریتییە لە هاتنەخوارەوەی لیک بە دەمدا و بەشێوەیەکی خۆنەویستانە. ئەم حاڵەتە هەندێکجار بەهۆی لاوازی یان تەواو گەشەنەکردنی ماسولکەکانی دەوروبەری دەم ڕوودەدات، یان بەهۆی زیاد بەرهەمهێنانی لیک لەلایەن لیکە ڕژێنەکانەوە. لیکە ڕژێنەکان لە بەرهەمهێنان و دروستکردنی لیک بەرپرسن. لە لەشدا، شەش دانە لەم ڕژێنانە بەردەستن، کە ئەوانیش دەکەونە ناوچەکانی بەشی خوارەوەی دەم، هەردوو گووپەکان، هەروەها لە پێشەوەی ددانەکان. ئەگەر هەر یەک لەم ڕژێنانە لیکی زیادە دروست بکەن، ئەوا دووچاری هاتنەخوارەوەی لیک بە دەمدا دەبیت. ئەم حاڵەتە لە سەرەتاکانی تەمەندا، واتە لە دوو ساڵی یەکەمی ژیاندا ئاساییە، لەبەرئەوەی ماسولکەکانی دەوری دەم لە منداڵاندا لاوازن و بە تەواوی پێنەگەیشتوون. هەروەها لیک هاتنەخوارەوە لە کاتی نووستندا بە هەمان شێوە ئاساییە. بەڵام هەندێک جار هەبوونی ئەم حاڵەتە پەیوەندی بە هەبوونی کێشەیەکی تەندروستییەوە هەیە، واتە دەشێت کەسەکە جۆرە نەخۆشییەکی هەبێت. 

هۆکارەکانی هاتنە خوارەوە لیک بە دەمدا

دەشێت ئەم حاڵەتە ئاماژەیەک بێت بۆ هەبوونی کێشەیەکی تەندروستی یان دواکەوتنی گەشە، یاخود لە ئەنجامی بەکارهێنانی هەندێک دەرمانی تایبەتەوە ڕوودەدات. هەر هۆکارێک ببێتە هۆی زیاد بەرهەمهێنانی لیک، کێشە لە قووتدانی خواردندا، یان کێشەی کۆنتڕۆڵکردنی ماسولکەکان، ئەوا دەبێتە هۆی هاتنەخوارەوەی لیک بە شێوەیەکی خۆنەویستانە. هۆکارەکانی هاتنەخوارەوەی لیک بە دەمدا بریتیین لە:

  • تەمەن
    هاتنە خوارەوەی لیک لەدوای لەدایکبوونەوە دەست پێدەکات، لە تەمەنی سێ بۆ شەش مانگیدا دەگاتە زۆرترین، واتە لەم ماوەیەدا منداڵەکە بە ڕێژەیەکی زۆر دووچاری هاتنە خوارەوەی لیک دەبێت. ئەم حاڵەتە ئاساییە، بە تایبەتی ئەگەر منداڵەکە لە پڕۆسەی دەرهاتنی ددانەکاندا بێت. 
  • سیستمی خۆراکی
    بەگشتی پەیڕەوکردنی سیستمێکی خۆراکی، کە زۆر خۆراکی ترشی لەخۆگرتبێت دەبێتە هۆی هاتنەخوارەوەی لیک بە دەمدا. 
  • نەخۆشییە دەمارییەکان 
    هەندێک کێشەی تەندروستی ئەگەری ئەم حاڵەتە زیاد دەکەن، بە تایبەتی ئەگەر کەسەکە دووچاری لە دەستدانی توانای کۆنتڕۆڵکردنی ماسولکەکان ببێت. هەندێک نەخۆشی دەماری وەک نەخۆشی پەرکینسۆن یان جەڵتە، دەبنە هۆی لاوازبوونی ماسولکەکان، لە ئەنجامدا کەسەکە لە توانایدا نابێت دەمی دابخات و لیک قووتبداتەوە. 
  • حاڵەتەکانی تر
    بەگشتی ئەم حاڵەتە لە ئەنجامی زیادبوونی لیکە ڕوودەدات. هەندێک کێشەی وەک گەڕانەوەی ترشەڵۆکی گەدە یان دووگیانی دەبنە هۆی زیاد بەرهەمهێنانی لیک. هەر هۆکارێکی تر کە ببێتە هۆی دروستبوونی کێشە لە قووتدان، وەکوو هەستیاری یان هەبوونی گرێ، بە هەمان شێوە ئەگەری تووشبوون بەم حاڵەتە زیاد دەکەن. 

چۆن هاتنەخوارەوەی لیک بە دەمدا چارەسەر دەکرێت؟

هەموو کاتێک ئەم حاڵەتە پێویستی بە چارەسەرکردن نییە. دکتۆر هیچ جۆرە چارەسەرێک بۆ ئەو کەسانە پێشنیار ناکات، کە تەمەنیان لە چوار ساڵ کەمترە، یان لە کاتی نووستندا دووچاری ئەم حاڵەتە دەبنەوە. دەشێت لە حاڵەتە توند و مەترسیدارەکاندا چارەسەرکردن بەکاربهێنرێت. ئەم حاڵەتە بە مەترسیدار یان توند ناودەبرێت ئەگەر، لیکەکە بە دەمدا بێتە خوارەوە و تەنانەت جلەکانیش تەڕ بکات، یاخود کاریگەری لەسەر چالاکی ڕۆژانەی کەسەکە دروست بکات و هەروەها کێشەی قسەکردن و مامەڵەکردن لەگەڵ خەڵکیدا دروست ببێت. هەروەها دەکرێت ئەم زیاد بەرهەمهێنانی لیکە، وا بکات لیک بۆ سییەکان بچێت و لە ئەنجامدا کەسەکە تووشی هەوکردنی سییەکان بکات. کەواتە لەم جۆرە حاڵەتانەدا دەکرێت پزیشک ئەم چارەسەرانە پێشنیار بکات:

  • باشترکردنی توانای داخستنی دەم، قووتدان و کۆنتڕۆڵکردنی لیک و بەهێزکردنی ماسولکەکانی ئەو ناوچەیە، لە ڕێگەی ڕاهێنانکردنی تایبەتەوە کە لەلایەن پزیشکەوە ئەنجام دەدرێت. بۆ نموونە ڕاهێناکردن و ئەنجامدانی چەند جووڵەیەکی تایبەت بە دەم
  • بەکارهێنانی دەرمانی تایبەت بە کەمکردنەوەی لیک بە یەکێک لە چارەسەرەکان دادەنرێت. بۆ نموونە دەرمانەکانی وەک سکۆپۆلەماین (Scopolamine)، گلایکۆپایرۆلەیت (Glycopyrrolate) و ئاترۆپین سولفەیت (Atropine sulfate). 
  • دەشێت دەرزی بۆتۆکس بۆ کەمکردنەوەی لیک بەکاربهێنرێت، لەبەرئەوەی ماسولکەکانی ڕووخسار توند دەکاتەوە. 
  • لە حاڵەتە مەترسیدارەکاندا و لەژێر ڕێنمایی پزیشک دەکرێت نەشتەرکاری وەکوو چارەسەرێک بەکاربهێنرێت.


سەرچاوەکان



561 بینین