نیشانەکانی ئایدز

له‌لایه‌ن: - مەبەست کوردە مەبەست کوردە - به‌روار: 2022-01-04-14:25:00 - کۆدی بابەت: 7493
نیشانەکانی ئایدز

ناوه‌ڕۆك

ئایدز

نەخۆشیی ئایدز (بە ئینگلیزی: AIDS) واتا کۆنیشانەی نەمانی بەرگریی دەستکەوتوو (بە ئینگلیزی: Acquuired Immuno Deficiency Syndrome) بەهۆی تووشبوون بە ڤایرۆسی نەمانی بەرگریی لە مرۆڤ  (بە ئینگلیزی: HIV infection)ـەوە سەر هەڵدەدات، واتا نەخۆشیی ئایدز کۆتا قۆناغی تووشبوونە بەم ڤایرۆسە. 

ئایدز، قۆناغی پێشکەوتووی تووشبوونی ڤایرۆسیی HIVـیە. ئەم قۆناغە بە گشتی لەو کاتەوە دەست پێ دەکات کە ژمارەی خانەکانی CD4 بۆ ژێر ٢٠٠ خانە کەمبوونەتەوە و کۆئەندامی بەرگری بە شێوەیەکی خراپ لەناوچووە. لەم قۆناغەدا دەکرێت کەسەکە تووشی میکرۆبێکی هەلپەرست ببێت (تووشبوونی میکرۆبیی هەلپەرست (بە ئینگلیزی: Apportunistic infection): نەخۆشییەکی میکرۆبییە کە زۆرتر و خراپتر لەو کەسانەدا ڕوودەدات کە بەرگرییان لاوازە)، وەکوو نیومۆنیا کە تووشبوونێکی میکرۆبییە لە سییەکان (بە ئینگلیزی: Pneumonia). یان دەکرێت تووشی شێرپەنجە ببێت، بۆ نموونە سارکۆمای کاپۆسی کە جۆرێکی شێرپەنجەیە (بە ئینگلیزی: Kaposi's sarcoma). ئەگەر کەسی تووشبوو پێشتر نەیزانیبێت کە تووشی ڤایرۆسی HIV بووە ئەوا دوای دەرکەوتی نیشانەکانی ئەم قۆناغە دەزانێت. 

نیشانەکانی ئایدز

  • شەکەتی بەدرێژایی کات
  • هەڵئاوسانی لیمفەگرێیەکان لە مل یان ناوگەڵدا
  • تا، کە بۆ ماوەی زیاتر لە دە ڕۆژ بەردەوام بێت
  • کۆکەی وشک
  • ئارەقکردنەوە لە شەو
  • لێڵبینی
  • دابەزینی کێش بەبێ بوونی هۆکارێکی دیار
  • دەرکەوتنی پەڵەی مۆر لەسەر پێست کە لاناچن
  • کورتبوونەوەی هەناسەدان (بە ئینگلیزی: Dyspenia)
  • سکچوونی تووند و درێژخایەن
  • تووشبوونی هەوێنی (جۆرێکە لە کەڕوو)، لە دەم، قوڕگ و زێ
  • خوێنبەربوون و شینبوونەوەی بێ هۆکار
  • نیشانە دەمارییەکان، وەکوو لەدەستدانی یادەوەری، شڵەژان، کێشەی هاوسەنگی، گۆڕانی ڕەفتار، گەشکە (نۆرەی فێ) و گۆڕانی بینین

ئەو کەسانەی تووشبووی ئایدزن و چارەسەر وەرناگرن، نزیکەی سێ ساڵ دەژین، یان کەمتر لە سێ ساڵ بەهۆی تووشبوونی میکرۆبیی هەلپەرست و لێکەوتەکانی تری ئایدز. بەڵام لەم قۆناغەشدا  HIV دەکرێت چارەسەر بکرێت. ئەگەر دەرمان وەربگیرێت و ڕێنوێنی پزیشک جێبەجێ بکرێت، ئەوا ماوەی مانەوە لە ژیان درێژتر و جۆرێتی ژیان باشتر دەبێت.


سەرچاوەکان



2588 بینین