ڕووەکخۆری

له‌لایه‌ن: - شاگوڵ فوئاد شاگوڵ فوئاد - به‌روار: 2022-07-17-23:30:00 - کۆدی بابەت: 9440
ڕووەکخۆری

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

ڕووەکی یان ڕووەکخۆری (بە عەرەبی: نباتي، بە ئینگلیزی: Vegetarianism)، بریتییە لە ڕاهێنانی خۆ بەدوورگرتن لە خواردنی گۆشت (گۆشتی سوور، پەلەوەر، گۆشتی دەریایی، مێروو و گۆشتی هەموو جۆرە ئاژەڵێک). دەکرێت کەسەکە جیا لە گۆشت خۆشی بە دوور بگرێت لە خواردن و بەکارهێنانی هەر بەرهەمێک کە پەیوەندی بە ئاژەڵەوە هەبێت.

هۆکارەکانی بوون بە ڕووەکی زۆرن، هەندێکیان بەهۆی ڕێزگرتن لە ژیانی ئاژەڵەکان خواردنی گۆشت ڕەتدەکەنەوە ئەم هاندەرە ئیتیکییانە لەلایەن بیروباوەڕە ئایینیەکان و لایەنگرانی مافی ئاژەڵانەوە ڕێکدەخرێن. هاندەرەکانی تر بۆ بوون بە ڕووەکی پەیوەندییان بە لایەنە تەندروستی، سیاسی، ژینگەیی، کولتووری، ئیستاتیکی، ئابووری، هونەری باش خواردن یان هەڵبژاردەی تاکەکەسییەوە هەیە.

مێژووی ڕووەکخۆری

  • لە زەمانی کۆندا، کەسایەتییە دیارەکان ڕۆڵیان هەبووە لە بابەتی ڕووەکخۆریدا و یەکێک لە کەسایەتییە دیارەکانیش فیساگۆرسە. فیساگۆرس وا خەڵکی فێردەکرد کە دەبێت بە شێوەیەکی نەرمونیان مامەڵە لەگەڵ ئاژەڵاندا بکرێت و لەو شێوازە مامەڵەکردنەشدا نەخواردنی گۆشتی تێدابووە. بیرۆکەکانی فیساگۆرس ئاوێنەدانەوەی بەشێک لە دابونەریتی بابلییەکان و میسڕییە کۆنەکان بووە. بیرۆکەی ڕووەکخۆری لەناو گرووپە ئاینییەکانی میسڕدا لە سەدەی ٣٢ی پێش زایینەوە هەبووە، کە خۆیان لە خواردنی گۆشت و لەبەرکردنی ئەو جلوبەرگانەی لە ئاژەڵ دروست دەکرێن بە دوورگرتووە بەهۆی باوەڕبوونیان بە دۆنادۆن. 
  • لەناو یۆنانییەکانیشدا و لە سەردەمی فیساگۆرسدا، فیساگۆرس نەک تەنها ئامۆژگاری کردن کە دووربکەونەوە لە ئازاردان و خراپ مامەڵە کردن لەگەڵ ئاژەڵاندا، بەڵکوو سوودە تەندروستییەکانی نەخواردنی گۆشتیشی بۆ ڕوونکردنەوە. فیساگۆرس ڕووەکخۆری وەکوو کلیلە هۆکارێکی ئارامی و پێکەوەژیانی مرۆڤەکان دادەنا و ئەوەی دەخستەڕوو کە کوشتن و سەربڕینی ئاژەڵان بووەتە هۆی دڕندەبوونی ڕۆحی مرۆڤەکان.
  • بیروڕای فیساگۆرسییەکان لەنێو دڕندەیی ڕۆمەکاندا هاوسۆزییەکی زۆر کەمی بۆ خۆی پەیدا کرد، لە کاتێکدا لە ڕۆمای کۆندا ئاژەڵە کێوییەکان لە ژێر ناوی وەرزش و نمایشەوە لەلایەن زۆرانبازەکانەوە دەکوژران. ئەو کەسانەی باوەڕیان بە فیساگۆرس هەبوو پێیان دەوتن فیساگۆرسییەکان و لەلای ڕۆمەکان ئەم کەسانە بە تێکدەر ناودەبران، بۆیە ناچار ئەم کەسانەش ڕووەکخۆرییەکەیان بە نهێنی دەهێشتەوە بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی چەوساندنەوە نەبنەوە.
  • لەلای بیروباوڕە ئایینییەکانی ڕۆژهەڵاتیش واتە لە ئاسیا، خۆ بە دوورگرتن لە خواردنی گۆشت فەلسەفەی سەرەکی بەشێک لە ئایینەکانی وەکوو هیندۆسی، براهمانی، زەردەشت و جاینی بووە و  ڕووەکخۆری لە پیرۆزترین دەقەکانی ئایینی هیندۆسیدا باسی لێوە کراوە. عەقیدە و باوەڕی ئەم ئایینانە بە دەوری ڕێز و مامەڵەی ناتوندوتیژانە بەرامبەر هەموو جۆرە زیندەوەرەکان دەسووڕێتەوە.
  • ڕووەکخۆری هەمیشە ناوەندی بیروباوەڕی بودایی بووە و ئامانجی ئەوە بووە بەزەیی و نەرمونیانی بەرامبەر بە هەموو زیندەوەرەکان بکات بە کارێکی پیرۆز. بودا و فیساگۆرس تا ڕادەیەک لە هەمان سەردەمدا ژیاون و ئەگەری ئەوەش هەبووە وانە فێرکارییە سۆفیایییە هندییەکان کاریگەریان لەسەر بیرمەندە یۆنانییەکە هەبووبێت.
  • هەر مێژوویەکی ڕووەکخۆری بە بێ باسکردنی مەهاتما گاندی ناتەواوە، کە بەشێوەیەکی بەرفراوان باسی ئەم بابەتەی کردووە و لەسەری نووسیوە. ڕووەکخۆری ناوەندی ژیانی بووە کە سەرچاوەکەی سۆفییەتییەکی پەڵتیبای دایکی، ئایینی جاینی، سیاسەتەکەی و بەدڵنیاییەوە ئایینی هندۆسی بووە.
  • لە سەدەی بیستەمدا، بەهۆی کورتهێنانی گشتی خواردن لە ماوەی جەنگی جیهانیی دووەمدا، بەریتانییەکان ناچار کران "لە پێناو سەرکەوتندا هەڵبکەنن" و سەوزە و میوەی خۆیان بچێنن. ڕێجیمێکی نزیک لە ڕێجیمی ڕووەکخۆری یارمەتی زیندوو هێشتنەوە و پاراستنی دانیشتووانیدا و تەندروستی خەڵک لە ماوەی جەنگدا بەرەوپێش دەچوو. هەروەها ڕووەکخۆرەکان خۆیان کارتی بەشەخۆراکی تایبەتییان پێ دەدرا کە هێلکە، پەنیر و گوێزیان زیاتر پێدەدرا لە جیاتی گۆشت. لە ساڵی ١٩٤٥ ژمارەی ڕووەکخۆرەکان بە ١٠٠ هەزار کەس دەخەمڵێندرا و لە ساڵی ٢٠٢٢ ئەو ژمارەیە نزیک دەبێتەوە لە دوو ملیۆن.
  • لە ناوەڕاستی ساڵانی ١٩٩٠ـەکاندا، پرسەکانی هاوردەکردنی ئاژەڵ لەلایەن کەسانی چینی ئاسایی خەڵکەوە دژایەتی دەکرا لە سەرانسەری بەریتانیا. نیگەرانییە تەندروستییەکان زۆر زیادیان کرد لە دوای ئەوەی دەرکەوت هەندێک لەو خۆراکانەی گۆشتیان تێدایە نەخۆشیی شێتیی مانگا، سالمۆنێلا و لیستێریایان پێوەیە. لە ساڵانی ١٩٨٠ـاکانیشەوە، ویژدانی جەماوەر سەرنجی خستووەتە سەر ژیانێکی تەندروست و ئەوەیان بۆ دەرکەوت خواردن ڕۆڵێکی سەرەکی هەیە لەم لایەنەوە. لە ئەنجامدا خواردنی گۆشت لە ڕۆژئاوا کەمی کردووە و ملیۆنان کەس بوونەتە ڕووەکخۆر.

جۆرەکانی ڕووەکخۆری

باوترین جۆرەکانی ڕووەکخۆری بریتیین لە:

  1. ئەو ڕووەکخۆرەی شیر و هێلکە دەخوات (Lacto-ovo vegetarian): ئەو ڕووەکخۆرانەن کە بە هیچ شێوەیەک گۆشتی سوور، پەلەوەر، ماسی، گۆشتی دەریایی ناخۆن، بەڵام بەرهەمە شیرەمەنییەکان، هەنگوین و هێلکە دەخۆن.
  2. نیمچەڕووەکخۆر (Flexitarian): ئەو خواردنانەی کە دەیخۆن بەزۆری ڕووەکن بەڵام ئەگەر کەسەکە حەزی لە مریشک، ستەیک یان هەر بەرهەمێکی تری ئاژەڵی بوو دەتوانێت بیخوات.
  3. ئەو ڕووەکخۆرەی ماسی دەخوات (Pescetarian): ئەو کەسە ڕووەکخۆرانەن کە لە پاڵ بەرهەمە شیرەمەنییەکان و هێلکەدا گۆشتی ماسیش دەخۆن.
  4. ئەو ڕووەکخۆرەی بەرهەمە شیرەمەنییەکان دەخوات (Lacto Vegetarian): ئەو ڕووەکخۆرانەن کە هێلکە، گۆشت، پەلەوەر، خواردنی دەریایی و ماسی ناخۆن بەڵام بەرهەمە شیرەمەنییەکان دەخۆن.
  5. ئەو ڕووەکخۆرەی  هێلکە دەخوات (Ovo vegetarian): ئەو ڕووەکخۆرانەن کە بەرهەمە شیرەمەنییەکان و بەرهەمە ئاژەڵییەکان ناخۆن وەکوو گۆشتی دەریایی، ماسی، پەلەوەر و گۆشتی سوور، بەڵام هێلکە و بەرهەمەکانی دەخۆن.
  6. ڤیگن یان گیاخۆر (Vegan): ئەو کەسانەن کە هەر شتێک پەیوەندی بە ئاژەڵەوە هەبێت نایخۆن. واتە جگە لە گۆشتی سوور، ماسی و گۆشتی دەریایی، هێلکە، هەنگوین و بەرهەمە شیرەمەنییەکانیش ناخۆن و تەنها لەسەر سەوزە، گیا و میوە دەژین. جیا لە سیستمی خۆراکییان هەندێک لە ڤیگنەکان هەر بەرهەمێک پەیوەندی بە ئاژەڵەوە هەبێت بەکاری ناهێنن لە ژیانی ڕۆژانەیاندا، بۆ نموونە چاکەت و کەرەستەی چەرم و فەروو بەکارناهێنن.
  7. ئەو ڤیگنەی خۆراکی کاڵ دەخوات (Raw vegan): ئەمە توندترین شێوازی خۆراکی ڕووەکییەکانە. ئەمانیش هەر شتێک پەیوەندی هەبێت بە ئاژەڵەوە نایخۆن لە جیاتی ئەوە خۆراکی نەکوڵاو یان خاو وەکوو سەوزە، میوە، پاقلەمەنی، گوێز، گژوگیا و تۆو دەخۆن. لەسەر ئەو بنەمایە ئەم خواردنانە دەخۆن کە ئاماژە بەوە دەکات خواردنی کاڵ یان کەم کوڵاو پێکهاتەی سوودبەخشتری تیایە وەک لەو خواردنانەی کە کوڵاون.

سوودە تەندروستییەکانی بوون بە ڕووەکخۆر

ئەگەر بە شێوەیەکی دروست سیستمی خۆراکی ڕووەکخۆری جێبەجێ بکرێت، ئەوا سوودی تەندروستی زۆری دەبێت. گرنگترین سوودەکانی بریتیین لە:

  1. بە سوودە بۆ تەندروستی دڵ: ئەو کەسانەی کە ڕووەکخۆرن ئەگەری خەواندن لە نەخۆشخانە و مردنیان بەهۆی نەخۆشییەکانی دڵەوە یەک لەسەر سێ کەمترە. بە خواردنی ئەو خواردنانەی کە ڕیشاڵی تواوەیان تێدایە و یارمەتی جێگیرکردنی ئاستی شەکری خوێن دەدەن وا دەکات ڕێژەی کۆلیسترۆڵی خوێن و مەترسی جەڵتەی دڵ بە شێوەیەکی گشتی کەم ببێتەوە.
  2. مەترسییەکانی تووشبوون بە شێرپەنجە کەم دەکاتەوە: توێژینەوەیەک ئەوەی دەرخستووە، لەناو ئەو کۆمەڵە خەڵکەی مەترسی تووشبوون بە شێرپەنجەیان کەم بووە، بە شێوەیەکی گشتی سیستمی خۆراکی ڕووەکی مەترسی شێرپەنجەی کەم کردووەتەوە وەکوو ئەو شێرپەنجانەی تووشی ژنان دەبن، هەروەها ئەو کەسە ڕووەکخۆرانەشی کە تەنها هێلکە و بەرهەمە شیرەمەنییەکان دەخۆن کەمتر تووشی شێرپەنجەی ڕێڕەوی گەدە و ڕیخۆڵە دەبن.
  3. ڕێگری لە تووشبوون بە شەکرەی جۆری ٢ دەکات: بە پێی توێژینەوەیەک سیستمی خۆراکی تەندروستی ڕووەکی یارمەتی ڕێگریکردن لە تووشبوونی شەکرەی جۆری ٢ و چارەسەری کێشە تەندروستییە پەیوەندیدارەکان دەکات، ئەویش بە هەڵبژاردنی ئەو خواردنانەی ڕێژەی شەکر لە خوێندا بەرز ناکەنەوە و بە جێگیری دەیهڵێنەوە وەکوو خواردنی دانەوێڵە، پاقلەمەنی و گوێز.
  4. پەستانی خوێن دادەبەزێنێت: توێژینەوەکان ئەوەیان دەرخستووە ئەو کەسانەی کە ڕووەکخۆرن و بەتایبەت ڤیگنەکان پەستانی خوێنیان نزمترە لە چاو ئەو کەسانەی گۆشت دەخۆن. خواردنە ڕووەکییەکان چەوری، سۆدیۆم و کۆڵیسترۆڵیان کەمتر تێدایە و کاریگەری ئەرێنییان هەیە لەسەر پەستانی خوێن. میوە و سەوزە بڕێکی باش لە پۆتاسیۆمی تێدایە کە ئەویش یارمەتیدەرە لە دابەزاندنی پەستانی خوێندا.
  5. نیشانەکانی ڕەبۆ کەمدەکاتەوە: توێژینەوەیەک کۆنی سویدی ئەوەی دەرخستووە کە سیستمی خۆراکی ڕووەکی بەتایبەت ڤیگنەکان دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی نیشانەکانی ڕەبۆ. لە توێژینەوەکەدا ٢٤ کەس بۆ ماوەی ساڵێک سیستمی خۆراکیی ڤیگنیان بەکاردەهێنا، ٢٢ کەسیان بەرەوپێشچوونی باشیان بە خۆوە بینی و پشت بەستنیان بە بەکارهێنانی دەرمان کەم کردەوە.
  6. سوودی هەیە بۆ ئێسکەکان: ئەو کەسانەی کە لەسەر سیستمی خۆراکی ڕووەکی دەژین ڕێژەی فشەڵبوونی ئێسکەکان تیایاندا کەمترە. بەرهەمە ئاژەڵییەکان دەبنە هۆی کەمبوونەوەی کالسیۆم لە لەشدا و ئێسکەکە تووشی فشەڵ بوون و پووکانەوە دەبێت. لە توێژینەوەیەکدا ئەوە خراوەتە ڕوو کە ئەو کەسانەی بۆ ماوەی ٢٠ ساڵ یان زیاتر سیستمی خۆراکی ڕووەکخۆری (بەرهەمە شیرەمەنییەکان و هێلکە)یان پەیڕەو کردووە، کاتێک گەشتوونەتە تەمەنی ٨٠ ساڵی تەنها ٪١٨ی کانزاکانی ئێسکیان لە دەست دابوو لە کاتێکدا ئەو کەسانەی کە گۆشتیان دەخوارد ٪٣٥ـی کانزاکانی ئێسکیان لە دەست دابوو.

کاریگەرییە لاوەکییەکانی بوون بە ڕووەکخۆر

ئەو کەسانەی کە پەیڕەوی سیستمی خۆراکی ڕووەکی دەکەن ڕووبەڕووی کەمبوونەوەی چەند ڤیتامین و کانزایەکی دیاریکراو دەبنەوە وەکوو:

  1. ڤیتامین بی-١٢: پێکهاتەیەکی زیندەیی گرنگە کە یارمەتی دروستبوونی خڕۆکە سوورەکانی خوێن دەدات و ڕێگری لە تووشبوون بە کەمخوێنی دەکات. ئەم ڤیتامینە لە هەموو ڕووەکێکدا نییە و بەرهەمە ئاژەڵییەکان سەرچاوەی سەرەکین بۆ ئەم ڤیتامینە. ئەو کەسانەی ڕووەکخۆرن و بەرهەمە شیرەمەنییەکان و هێلکە دەخۆن بڕێکی باشیان لەم ڤیتامینە دەستدەکەوێت، بەڵام ڤیگنەکان زۆر بەزەحمەت ئەم ڤیتامینەیان دەست دەکەوێت و لەوانەیە پێویست بکات خۆراکە بەهێزکراوەکان یان دەرمان بەکاربهێنن.
  2. ترشە چەوری ئۆمێگا-٣: ترشە چەورییەکان وەکوو ئۆمێگا-٣، EPA و ALA پێکهاتەی گرنگن لە سیستمی خۆراکدا. یارمەتی جڵەوکردنی حاڵەتە هەوکردنەکان دەدات وەکوو نەخۆشییەکانی دڵ و کێشەکانی سیستمی بەرگری وەکوو ئیکزیما. 

خەڵک زۆربەی وادەزانێت سەرچاوەی سەرەکی ئۆمێگا-٣ خواردنە دەریاییەکانە، بەڵام ALA لەناو سەرچاوە ڕووەکییەکانیشدا هەیە.


سەرچاوەکان



315 بینین