پاراسایرۆیدە ڕژێن

له‌لایه‌ن: - شنیار کەمال شنیار کەمال - به‌روار: 2022-08-23-23:39:00 - کۆدی بابەت: 9976
پاراسایرۆیدە ڕژێن

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

پاراسایرۆیدە ڕژێنەکان (بە ئینگلیزی: Parathyroid Glands، بە عەرەبی: الغدد الجارة الدرقیة یان الغدة الجنبدرقیة) کۆمەڵە کوێرە ڕژێنێکی بچووکن دەکەونە سەر ڕژێنی پەریزاد (سایرۆید) لە ملی مرۆڤدا، مرۆڤێکی تەندروست چوار ڕژێنی پاراسایرۆیدی هەیە و لە کاتی کەمبوونەوەی ڕێژەی کالسیۆمی خوێن هۆڕمۆنی پاراسایرۆید دەردەدەن، فرمانی ئەم هۆڕمۆنە زۆر گرنگە بە تایبەت لە هاوسەنگکردن و ڕێکخستنی کالسیۆم لە خوێن و ئێسکدا، ئەم ڕژێنانە هاوبەشی لوولەکانی خوێن و لیمف دەکات لەگەڵ سایرۆیدە ڕژێندا.

پێکهاتە

ڕژێنەکانی پاراسایرۆید لە کەسێکی ئاساییدا لە دوو جووت ڕژێن پێکدێت دەکەونە پشت پلی ڕاست و پلی چەپی سایرۆدە ڕژێن بەڵام لە هەندێک کەسدا ژمارە و شوێنی ڕژێنەکان جیاوازە، هەر یەکێک لە ڕژێنەکان ڕەنگیان زەردێکی قاوەیی باوە و لە شێوەدا لە نیسک دەچن، درێژی هەر ڕژێنێک ٦ میلیمەترە و ٣-٤ میلیمەتر پانە، کێشی ئەم ڕژێنانە لە باری ئاساییدا لە پیاوان ٣٠ میلیگرامە و لە ئافرەتانیش ٣٥ میلیگرامە و هۆکارەکەشی بۆ زۆری ڕێژەی چەوری دەگەڕێتەوە لە لەشی ئافرەتاندا، دوو جۆر خانە لەم ڕژێنانە بەدی دەکرێت ئەوانیش پێکدێن لە خانە سەرەکییەکان کە هۆڕمۆن دروست دەکەن و خانە ئۆکسیفیلەکان کە فرمانیان تا ئێستا نەزانراوە و تەنیا لە مرۆڤ و هەندێکی تر جۆری گیانەوەردا هەیە و ناسینەوەی شێوەی ڕژێنەکە لە ژێر مایکرۆسکۆپدا بەکاردەهێنرێت.

ئەم ڕژێنە دەردراوەکانی دەڕژێنێتە خوێنهێنەرەکانی ڕژێنی پەریزاد لە مل و سینگ کە هەردووکیان لە ڕێگەی کلۆرە خوێنهێنەری سەروو دەگەڕێنەوە بۆ دڵ، بە پێچەوانەشەوە لیمفە لوولەکانی ڕژێنی پاراسایرۆید دەردەدرێنە ناو لیمفە گرێ قووڵەکانی مل و قوڕگ. ئەم ڕژێنە هەر لە سەرەتای گەشەسەندنی کۆرپەلە لە ناو سکی دایکییدا لە ناوەچینی هێلکەی پیتراو دروست دەبێت و لە ماوەی دووگیانیدا چەندین جار شوێنی ڕژێنەکان دەگۆڕێت تا ماوەی گەشەسەندنی کۆرپەلە تەواو دەبێت و بەتەواوی پەرە دەستێنێت.

فرمان

گرنگترین فرمانی پاراسایرۆیدە ڕژێنەکان ڕێکخستنی ڕێژەی کالسیۆم و فۆسفاتە لە لەشدا لە پێناو باش کارکردنی ماسولکە و دەمارە کۆئەندام ئەمەش لە ڕێگەی دەردانی هۆڕمۆنی پاراسایرۆیدەوە دەبێت و بە پێچەوانەی پێپتیدە هۆڕمۆنی کاڵسیتۆنین فرمانەکانی ئەنجام دەدات ئەوانیش پێکدێن لە بەڕێوەبەربردنی:

  • کالسیۆم: پاراسایرۆیدە هۆڕمۆن ڕێژەی کالسیۆمی ناو خوێن بەرزدەکاتەوە لەڕێگەی تێکشکاندنی ئێسک و دەردانی کالسیۆم لە ئێسکەخانەکان، هەروەها هانی مژینی کالسیۆم لە ڕیخۆڵە و گورچیلەکان دەدات لە ڕێگەی چالاککردنی ڤیتامین D.
  • فۆسفات: بەهۆی دەردانی پاراسایرۆیدە هۆڕمۆن ڕێژەی فۆسفاتی ناو خوێن بە هاوسەنگی دەمێنێتەوە و ڕێگری دەکرێت لە مژینی فۆسفات لە گورچیلەکان،  ڤیتامین Dـیش دەبێتە هۆی هاندانی مژینی فۆسفات لە ڕیخۆڵەکان.

مێژووی ڕژێنەکانی پاراسایرۆید

ئەم ڕژێنە بۆ یەکەم جار لە ساڵی ١٨٥٢ لە کەرکەدەنێکی هیندی لەلایەن (ڕیچارد ئۆوێن) کە زانای زیندەزانی و توێکاری و زەویناسی بەریتانی بوو هەروەها ئەوەی خستەڕوو کە کۆمەڵە ڕژێنێکی بچووک و پتەوی زەردن بە سایرۆدە ڕژێنەوە نووساون، ئەم ڕژێنە بۆ یەکەم جار لە ساڵی ١٨٨٠ لە مرۆڤدا لەلایەن خوێندکارێکی بەشی پزیشکییەوە بە ناوی (ئیڤانڤیکتۆر) لە زانکۆی ئەپسالا لە سوید دۆزراوەتەوە، ئەم خوێندکارە توانی ئەم کوێرە ڕژێنە لە گیانەوەرە جیاوازەکاندا بدۆزێتەوە وەک سەگ و پشیلە و کەروێشک و گا و ئەسپ و مرۆڤ، زانای فیسیۆلۆژی (ئیوگین گلێ) بۆ یەکەمجار لە ساڵی ١٨٩١ توانی فرمانی ڕژێنەکان بدۆزێتەوە، لە ساڵی ١٩٢٨ پزیشک (ئیساک ئۆچ) نەشتەرکاری لابردنی ڕژێنی پاراسایرۆیدی بەسەرکەوتوویی ئەنجامدا بۆ ڕێگریکردن لە لاوازبوونی ماسولکە و ئێسک لە بەساڵاچوواندا، بەڵام ئەو کەسانەی ڕژێنی پاراسایرۆیدیان لابردبوو بەهۆی دەردەکۆپانی ماسولکە گیانیان لەدەستدا، لە ساڵانی دواتریشدا ڕژێنەکان دەرهێنران بۆ توێژینەوە و دۆزینەوەی فرمانی زیاتر و بەکارهێنانیان بۆ دروستکردن و تاقیکردنەوەکاندا.

نەخۆشییەکانی پاراسایرۆیدە ڕژێنەکان

ناتەواوی لەم ڕژێنەدا دەشێت بەهۆی زیاد لە پێویست چالاکبوونی یان بەهۆی لاوازی و تەمبەڵی لە ڕژێنەکاندا دروست ببێت، نەخۆشی پاراسایرۆیدی چالاکی سەرەتایی کە زیاد لە پێویست هۆڕمۆن بەرهەمدەهێنرێت بەهۆی تێکشکاندنێکی زۆری ئێسکەخانەکان و دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی کالسیۆم و ئازار و ئێسکەنەرمە لە کەسی تووشبوودا و چارەسەرکردنیشی لە ڕێگەی نەشتەرکاری لابردنی ڕژێنەکەوە دەبێت، نەخۆشییەکانی گورچیلە هۆکارێکی ترن بۆ زیاتر چالاککردنی ئەم ڕژێنە بەهۆی لەدەستدانی بڕێکی زۆر لە کالسیۆم لە ڕێی فڕێدانی لە میزەوە دەبنە هۆی دروستکردنی نەخۆشی پاراسایرۆیدی چالاکی دووەمی و گەورەبوونی ڕژێنەکە بۆ قەرەبووکردنەوەی ڕێژەی کالسیۆم لە لەشدا، ئەگەر جۆری دووەم درێژەی کێشا دەبێتە هۆی پاراسایرۆیدی چالاکی سێیەمی و دروستکردنی هۆڕمۆنەکە بەبێ ئەوەی ڕژێنەکە هیچ ئاگادارییەکی وەربگرێت، پاراسایرۆیدی تەمبەڵ نەخۆشییەکی تری ئەم ڕژێنەیە و دەردانی هۆڕمۆنەکە کەم دەبێتەوە بەهۆی لەدەستدانی هەستیاری وەرگرەکانی سەر خانەکان بۆ ئاگادارکردنەوەکان و زیانکەوتن بە ڕژێنەکان و نەخۆشییە بۆماوەییەکان وەک کۆنیشانەی دایجۆرج، دەشێت تەمبەڵی ئەم کوێرە ڕژێنە بەهۆی نەشتەرکاری لابردنی ڕژێنەکەوە ڕوو بدات و نیشانەکانی کەمی کالسیۆم دروستبکات لە جەستەدا ئەمەش لە ڕێگەی وەرگرتنی ڤیتامین D چارەسەر دەکرێت

گیانەوەرانی تر

پاراسایرۆیدە ڕژێنەکان لە گیانەوەرە شیردەرەکاندا لە چوار کوێرە ڕژێن پێکدێن، بەڵام لە جۆرەکانی دیکەی گیانەوەران ژمارەیان لە شەش کوێرە ڕژێن پێکدێت کە لە شوێن و ژمارەدا جیاوازن لە یەکتر، لابردنی ئەم ڕژێنە لە ئاژەڵەکاندا دەبێتە هۆی ژەهراویبوونێکی توند و گرژبوون لە ماسولکەکاندا، ماسییەکان پاراسایرۆیدە ڕژێنیان نییە بەڵام جینەکان و کالسیۆمە هەستەوەرەکان لە ماسییەکان هەمان فرمانی ڕژێنەکەیان ئەنجام دەدەن و زاناکانیش لە هەوڵدان ڕیشووی ماسییەکان لە دروستکردن و پەرەپێدانی ئەم ڕژێنەکە بەکاربهێنن.


سەرچاوەکان



460 بینین